بەپێی هەواڵێکی ئاژانسێکی ئێرانی، عێراق و ئێران لەسەر کردنەوەی حەوتەم دەروازەی سنوریی نێوانیان ڕێککەوتن.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی "میهر"ـی ئێرانی، لەزاری عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەغدا و تاران لەسەر کردنەوەی دەروازەی نوێی سنوریی "جیلات" گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
وائیلی ئاشکراشیکردووە "ڕێککەوتنەکە دوای کۆبوونەوەکەیەکی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و گەورە بەرپرسانی پارێزگاری ئیلام کراوە".
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لە قۆناغی یەکەمدا، تەنیا ڕێگە بە هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازە سنورییە نوێیەدا دەدرێت، دواتر لە قۆناغەکانی داهاتوودا، دەروازەکە بۆ کار و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش بەکاردەهێنرێت.
وتوشیەتی "کردنەوەی دەروازەی 'جیلات' هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان عێراق و ئێران بەهێزتر دەکات.
جێی ئاماژەیە، دەروازە سنوورییە نوێیەکە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای ئیلام و میسان. بە کردنەوەی ئەم دەروازەیە، ژمارەی دەروازە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێران بۆ حەوت دەروازە بەرز دەبێتەوە.
هاوکات بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران، ساڵانە لە 30 ملیار دۆلار زیاترە.