ڕۆژنامەی عەرەب بڵاوى كردووەتەوە، هێزە سیاسییەکانی عێراق هێشتا سەرقاڵی دانووستانن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمریکاش مەرجی دوورخستنەوەى گرووپە چەکدارەکانى بۆ حکومەتى نوێی عێراق داناوە.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی عەرەب کە بارەگاكەی لە لەندەنە سەبارەت بە مەرجى ئەمریکا بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق، ڕاپۆرتێكى بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، دوای زیاتر لە مانگێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هێزە سیاسییەکانی عێراق هێشتا سەرقاڵی دانووستانن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە فشارەکانی ئەمریکا لە زیادبووندایە بە ئامانجی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی عێراقی بڵاوی کردەوە، واشنتۆن لە سەرەتای دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، مەرجی دیاریکراوی داناوە، ئەو مەرجانە بریتی بوون لە دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی نوێ و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوە و لە چەکداماڵینیان.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، سەرکردەکانی عێراق بە تەواوی ئاگادارن لەوەی کە بوونى گرووپە چەکدارەکان ناگونجێت لەگەڵ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی نێوان ئەمریکا و عێراق، واشنتۆن” بەردەوامە لە هەڵوێستى خۆى بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
باس لەوەشکراوە، ئەم داواکارییانە لەكاتێكدان كە بەشێک لەو گرووپانە کورسی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە و بەشێکی سەرەکین لە پەرلەمان لە ژێر چەتری “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر میدیاکان بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل چاوەڕێی هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لە ئەمریکا دەکات، بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکانى عێراق بکاتە ئامانج، بۆ ئەو مەبەستەش دوو نامەى ئاگادارکردنەوە بە عێراق دراوە، بەڵام دواتر دەزگاى هەواڵگیری عێراق ئەو هەواڵەى ڕەتکردەوە.