قەیس خەزعەلی فشاری لایەنی دەرەکی بۆ چەکدانان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: ئەوەی چەک ڕادەستبکات با ئامادەبێت بۆ ئەوەی ڕیش و سمێڵیشی بتاشن.
ئاوێنە: قەیس خەزعەلی سەرکردەی شیعە و ڕێبەری گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق کە گروپێکی چەکداریی شیعەیە، لەبارەی پرسی چەکداماڵین گروپەچەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: تەواوی ئەو فشار و دەستوەردانانەی دەرەوەی وڵات ڕەتدەکەنەوە کە دەیانەوێت بەپێی خواستی خۆیان بێهێزیان بکەن و پابەندی شتێکی لەو بابەتەش نابن.
وتیشی، ئەوان وەک عەسائیبی ئەهلی هەق لەگەڵ سنوردارکردن و ڕێکخستنی کاری گروپەچەکدارەکاندان، بەڵام بەپێی چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی و دەوڵەتیی لە عێراقدا نەک بە قسە و هەڕەشەی لایەنە دەرەکییەکان.
لەبارە چەکدانانەوە قەیس خەزعەلی وتی، هەر کەسێک ئامادەبێت چەک ڕادەست بکات، دەبێت بێگومان و ئامادەی ئەوەس بێت کە ڕیش و سمێڵیشی بتاشن.
قسەکانی ئەو سەرکردە شیعییە هاوکاتە لەگەڵ فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بۆ چەکداماڵین لە گروپەچەکدارەکانی وڵاتەکە کە بە نزیک لە ئێران ناویان دەبەن.