عێراق هاوردەی مریشكی توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە قەدەغە دەكات
  2025-12-23       519       

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڵاوی كردەوە، لە ناوەڕاستی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە، وڵاتەكەمان هاوردەی مریشكی زیندوو و بەستوو بەرهەمەكانی لە ٣٩ وڵاتەوە قەدەغە دەكات، دەشڵێن، بەشێك لەو وڵاتانەی قەدەغەی هاوردەكردنەكە دەیانگرێتەوە، بریتین لە توركیا، میسر، ئێران، ئیتاڵیا، سوید و بەریتانیا.

ئاوێنە: وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشك و بەرهەمەكانی لە چەند وڵاتێكەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتووە، لە ناوەڕاستی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە، وڵاتەكەمان هاوردەی مریشكی زیندوو و بەستوو بەرهەمەكانی لە ٣٩ وڵاتەوە قەدەغە دەكات.

باس لەوەشكراوە، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەی مریشك و بەرهەمەكانی بەهۆی تۆماركردنی ئەنفلۆنزای باڵندەیە لەو ٣٩ وڵاتەوە و لە ١٥ـی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هاوكات، مەهدی زەمەد قەیسی ڕاوێژكاری وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە، بڕیارەكە مریشكی زیندوو و بەستوو بەرهەمەكانی و هەروەها هێلكە و باڵندەی بریندار و باڵندەی جوانی دەگرێتەوە، لە دیارترین ئەو وڵاتانەش كە بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، توركیا، میسر، ئێران، ئیتاڵیا، سوید و بەریتانیان.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، تا ئەو كاتەی ئەو وڵاتانە نەخۆشییەكەیان تێدا بمێنێت، بڕیارەكە بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×