هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە سودانی سەرکردایەتی دەکات، پێنج مەرجی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەخاتە بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی و رایگەیاندووە، کاندیدەکە لەلایەن یەکێک لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکەوە پاڵپشتی بکرێت.
ئاوێنە: هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق لەمیانی راگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، دەستپێشخەریی هاوپەیمانێتییەکەی سودانی پێنج پێوەری تێدایە، یەکێک لە مەرجەکان رێزگرتنە لە ئیرادەی دەنگدەر لەرێگەی دیاریکردنی کاندیدێک کە متمانەی گەلی هەبێت.
هەروەها دەبێت کاندیدی سەرۆک وەزیران ئەزمونێکی سەرکەوتووی هەبێت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێگەی جێبەجێکاری و تێڕوانینێکی واقیعی و بەرنامەیەکی حکومەتیی هەبێت بەشێوەیەک لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی قۆناغی داهاتوودا بگونجێت.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکان، ئەوەیە کاندیدەکە رەزامەندیی نیشتمانی هەبێت و بەفەرمی لەلایەن یەکێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتگیریی کاندیدبوونی بکرێت.
هاوکات هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جەختی لەوە کردووەتەوە دەکرێت یەکێک لە کەسایەتییەکان کاندید بکرێت ئەگەر لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا سازان بکرێت لەبارەی رێکارێکی یەکگرتوو بۆ کاندیدکردن، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بەوەی کە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەری رێکدەکەون و پەنابردن بۆ هاوکێشەیەکی سیاسی، کە گەرەنتیی هاوسەنگی و سەنگی هەڵبژاردن بکات لەناو چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە.