هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند، پابەندن بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی ئایینی و قسەکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی تەنها پڕوپاگەندەیە و بە هەمو شێوەیەک ڕەتدەکرێتەوە، وتیشی، "داماڵینی چەک بڕیارێکی تەواو عێراقییە و بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
ئاوێنە: هادی عامری، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "داماڵینی چەک بڕیارێکی تەواو عێراقییە، و ڕەتیدەکەینەوە بە ئیرادە یان فەرمانی دەرەکی بسەپێنرێت"، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر "پابەندبونیان بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی ئایینی بۆ سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لە چوارچێوەی پاراستنی سەروەریی نیشتمانیدایە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "دۆسیەی داماڵینی چەک بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گەڕانەوەی بڕیاری تەواوی سەروەری بۆ عێراق. هەروەها قسەکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی تەنها پڕوپاگەندەیە و بە هەمو شێوەیەک ڕەتدەکرێتەوە.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتو، عامری جەختی کردەوە کە "یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە کراوەیی نامێنێتەوە و متمانەیەکی زۆریش هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "حکومەتی داهاتو بۆ هەمو پێکهاتەکان دەبێت، و سەرکەوتنی ئەو حکومەتە سەرکەوتنە بۆ هەمو عێراقییەکانە".
پێشتر مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی "X"، پێشوازی لە هەنگاوی ژمارەیەك لە گروپە چەکدارەكانی عێراقی کرد بۆ داماڵینی چەک، وتی، ئەو هەنگاوە وەڵامدانەوەی بانگەوازی دەسەڵاتدارانی ئایینی بوە، زمانەکەی جێگەی سەرنج بو، چونکە ئەو هەنگاوەی نەگەڕاندەوە بۆ "فشاری ئەمریکا"، دەشڵێت، "نابێت هیچ حزب و گروپێكی چهكداری لە سەرانسەری عێراق له دهرهوهی دهسهڵاتی فیدڕاڵی و ههرێمهكان بێت".
سەرەتای ئەم هەفتەیە فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا سوپاسی سەركردەی گروپە چەكدارەكانی كرد بۆ گوێگرتن لە ئامۆژگارییەكانی و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و گواستنەوەیان لە كاری سەربازییەوە بۆ كاری سیاسی.
لەوەڵامدا کەتائیبی حزبوڵای عێراق چەكدانانی ڕەتدەكردەوە و ڕایگەیاند، ئەوەی بیەوێت چەكدانێت ئەوادەبێت چەکەکە بگەڕێنێتەوە. دەشڵێت، "بەرگری مافە و چەک لە دەستی موجاهیدەکاندا دەمێنێتەوە، پێویستە بۆ دڵنیابونەوە لە پاراستنی گەل و پیرۆزییەکانمان لە هەڕەشەی تاقمەکانی جۆلانی و پێشمەرگە".