موقتەدا سەدر، سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتیمانی شیعە بڵاوى کردەوە، ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل تاوانێکە کە بەپێی یاساکانی عێراق سزاى لەسەرە، داوای لە لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکان کرد، دەستبەجێ ئەرکی خۆیان سەبارەت بە هەر بانگەوازێکی لەو شێوەیە جێبەجێ بکەن.
ئاوێنە: موقتەدا سەدر، سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتیمانی شیعە، سەبارەت بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، هەرکەسێک هان بدرێت یان داوای بکات، پەیوەندى عێراق لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکرێتەوە، تاوانێکە کە بەپێی یاسای عێراق سزا دەدرێت، جا هەرکەسێک بێت، لە سزا بێبەری نییە، دەسەڵاتی فەرمی پەیوەندیدار دەبێت دەستبەجێ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە هیچ شوێنێک بۆ ئاساییکردنەوە یان بەشەرعیکردنی لە عێراقدا نییە.
ئەم هەڵوێستەی سەدر دوای مشتومڕێک هات، کە بەهۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ پاتریاکی کلدان کاردیناڵ لویس ساکۆ، کە چالاکوانان بە بانگەوازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندى عێراقیان لەگەڵ ئیسرائیل زانی، ئەمەش شەپۆلێکی سەرنج و ڕەخنەی لێکەوتەوە.
شایانی باسە، پێشتر پەرلەمانی عێراق یاسایەکی دەرکردبوو کە ئاساییکردنەوە پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دەزانێت و سزای توندی بۆ هەرکەسێک دانابوو، کە ئەو بابەتە بەرەو پێشەوە ببات، پەیوەندی لەگەڵ یان هاوکاری بکات، هاوکات هێزە سیاسی و ئاینییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم پرسە نوێنەرایەتی “هێڵێکی سوور” دەکات لە گۆڕەپانی عێراقدا.