وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هێرشەكەی حمس ئامانجی تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی دوبەرەکییە لەناو کۆمەڵگە
  2025-12-26       355       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەكەی حمسی كردو دەڵێت، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ئەمڕۆ کرایە سەر نوێژخوێنانی مزگەوتەكە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی دوبەرەکییە لەناو کۆمەڵگەکاندا.
  
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند،" کۆماری عێراق بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە نوێژخوێنانی مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیب)ی لەگەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمسی سوریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتیی بێتاوان بونە قوربانی."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت،" عێراق بەهەموو شێوەیەک تیرۆر، توندوتیژی و توندڕۆیی ڕەتدەکاتەوە، بێ گوێدانە پاساو و سەرچاوەکەی، چونکە ئەو جۆرە هێرشانە هاوڵاتیی مەدەنی و شوێنە پیرۆزەکان دەکەنە ئامانج و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و نانەوەی دوبەرەکییە لەناو کۆمەڵگەکاندا."
 
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،" عێراق پاڵپشتیی تەواوی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ بنبڕکردنی تیرۆرو بڕینی سەرچاوەکانی داراییان."

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ تەقینەوەیەك لەکاتی نوێژی هەینی لەناو مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) لەگەڕەکی وادی زەهەب لەشاری حمس ڕویدا و بەهۆیەوە 8 کەس کوژراون و 21 کەسی دیکەش بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×