مەكتەبی سیاسی پارتی چوار ناوی كاندید كردووە بۆ پۆستی جێگری دووەم سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و لیستەکەشی پێشکەش بە سەرکردایەتی حزبەکەی کردووە.
ئاوێنە: میدیای "شەفەق نیوز" لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو پارتی دیموکراوتی کوردستان رایگەیاند "مەکتەبی سیاسی پارتی لیستی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشکەش بە سەرکردایەتی حزبەکەی کردووە".
وتیشی "سەرکردایەتی پارتی چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنی پەرلەمان ناوی کاندیدەکە ڕادەگەیەنێت".
پەیوەست بە ناوی کاندیدەکان، ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد "هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵا، رێبوار هادی، فەرهاد ئەتروشی و ئەشواق جاف لە کاندیدەکانن، بەڵام هێشتا بابەتەکە یەکلایی نەکراوەتەوە".
باسی لەوەشکرد، تائێستا چانسی کاندیدەکان نادیارە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ناوی دیکە لە لیستەکەدا.
ئەوەیش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە نوسراوێک بڕیاردا رۆژی دووشەممە کاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆی پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی ئەنجامبدات و دوو بڕگەش لە بەرنامەی کاری پەرلەماندایە.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕگەی یەکەم بریتی دەبێت لە سوێندخواردنی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، هەرچی بڕگەی دوومیشە، بەپێی نوسراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار؛ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەکەی.
