شارەزایەکى ئابووری هۆشدارییدا لە پەنابردن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی باج بەبێ لێکۆڵینەوەی ورد، چونکە دەببێتە هۆی دەرئەنجامی دژە بەرهەمەکان، کە زیان بە کەرتی تایبەت و ڕێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت، ئەمە جگە لە کاریگەرییان لەسەر ئاستی هەڵاوسان.
ئاوێنە: مەنار عوبێدی شارەزاى ئابووری سەبارەت بە زیادکردنى باج لە سەرهاوڵاتیان بۆ کەمکردنەوەى فشارە داراییەکانى سەر حکومەت، ڕایگەیاند، گومانی تێدا نییە کە باج و ڕسوومات لە ئامرازە بنەڕەتییەکانن، کە وڵاتان پشتیان پێدەبەستن بۆ بەدەستهێنانی داهات و بەرزکردنەوەی توانای دارایی خۆیان.
وتیشی، ئەزموونە ئابوورییە سەرکەوتووەکان بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن، کە حکومەتەکان سیاسەتە داراییەکانیان زیاتر لەسەر بنەمای بەرزکردنەوەی ڕێژەی باج نییە، بەڵکو زیاتر سەرنجیان لەسەر فراوانکردنی بنەمای باج و گومرگەکانە، بۆ زیادبوونی بەردەوامی داهاتەکان بەبێ ئەوەی زیان بە چالاکییە ئابوورییەکان بگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر زیادکردنێک لە ڕێژەی باج یان ڕسوومات دەبێت لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ورد بێت، کە هەموو کاریگەرییە ئابوورییە ئەگەرییەکان لەبەرچاو بگرێت، چونکە دواتر ئەمە کاریگەریی لەسەر ڕێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و هەڵاوسان دەبێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆکانی لەسەر هەلی کار لە کەرتی تایبەتیشدا دەردەکەوێت.
ڕوونی کردەوە، ڕێبازی درووست بریتییە لە فراوانکردنی داهاتەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی پڕۆژەکانی کارپێکردن و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەمەش بەشێوەیەکى سروشتى دەبێتە هۆی گەشەکردنی داهاتی باج و گومرگی.
ئەوەشی خستەڕوو، پەنابردن بۆ زیاد کردنى باج دواى دوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرج پەسەند بکرێت، بە پلەی یەکەم سەقامگیری بازاڕ، پاراستنی ئاستی دامەزراندن و تێکنەدانی ئامانجەکانی هەڵاوسان.
جەختى کردەوە، لەماوەی ڕابردوودا، لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان لەسەر خەرجییە گشتیەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچوونەکان لەلایەک و دابەزینی نرخی نەوت لەلایەکی دیکەوە، حکومەت هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی باجی هەڵبژارد بەبێ ئەوەی بەتەواوی لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ئابوورییەکانیان بکات.
جێگاى ئاماژەیە، عێراق بەشێوەیەکى بنەڕەتى پشت بە داهاتى نەوت دەبەسێت، لەگەڵ دابەزینى نرخى نەوت بارگرانى دارایی بۆ حکومەت درووست دەبێت، ئەمەش وا دەکات ڕاستەخۆکاریگەرى لە سەر هاوڵاتیان هەبێت.