په‌رله‌مانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە شەشەمین دانیشتنی پەرلەمانی خۆی بە سوێندخواردنی ئەندامانی براوەی خۆی دەستپێدەکات، دواتر سەرۆکی پەرلەمان و هه‌ردو جێگرەکەی هه‌ڵده‌بژێرێت، لە یەکەم هه‌نگاوی دەستوری دوای 48 ڕۆژ لە به‌ڕێوه‌چونی هەڵبژاردن، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه سوننه‌كان به‌سه‌ر دو به‌ره‌دا دابه‌شبون.
ئاوێنە: چوار لایەنی سەر بە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننه‌كان ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ سەرۆکایەتی په‌رله‌مان، هاوکات هاوپەیمانی عه‌زم (یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەنجومەنه‌كه) پابەندبونی خۆی بە کاندیدەکەی، موسه‌ننا سامەرایی دوپاتکردەوە.
خه‌میس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سیاده لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە درەنگانی شه‌وی رابردو بەڕێوەچو، ڕایگەیاند، زۆرینەی ڕەهای لایەنەکانی سەر بە ئەنجومەنی سیاسی ڕێککەوتون لەسەر کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حەلبوسی، داوای لە هاوبەشەکانی پرۆسەی سیاسی کرد کە ئەو بژاردەیە قبوڵ بکەن و دەنگ بە کاندیدی ئەنجومەنەکە بدەن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا.
لەبەرامبەردا هاوپەیمانی عه‌زم چوار لایەنی "ته‌قه‌دوم، سیاده، ئیرادەی نیشتمانی و جەماوەری نیشتمانی"ی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی کودەتایەک لە دژی ئەو سیستەمە ناوخۆییەی کە "ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی" لەژێریدا دامەزرا، کە مەرجی ئەوە داناوە کە بڕیارەکانی دەبێت بە تەوافوق بێت.
د. سەلاح دلیمی، ئەندامی هاوپەیمانی عه‌زم بە رۆژنانمه‌ی سەباح-ی ڕاگەیاند، "هاوپەیمانی عه‌زم پابەند بوە بەو مەرجانەی لایەنەکانی سەر بە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی لەسەری ڕێککەوتون، لەوانەش کە کاندیدی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت بە تایبەتی لە سەرکردەکانی بلۆکە سیاسییەکان بێت، کە زۆرترینی دو کاندید بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حەلبوسی "کودەتا"یه لە دژی ڕێککەوتنەکە، کە بەرژەوەندییە حزبییەکان لە پێشینەی بەرژەوەندییەکانی پێکهاته‌ی سوننه‌وه داناوه.
پێشتر هاوپەیمانی عه‌زم ڕەتیکردبوەوە، کە کاندیدکردنی سەرۆکەکەی موسه‌ننا سامه‌ڕایی کشابێتەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پشتیوانی لە تاکە کاندیدی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ سەرۆکی پەرلەمان.
لایخۆیەوە فیراس ئەلمسلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، جەختی لەسەر پابەندبونی تەواوی هاوپەیمانییەکە بە هێڵە کاتییە دەستورییەکان کردەوە، پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و كاندیده ده‌ربڕی کە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە و هەردو جێگرەکەی و سەرۆکی کۆمار له‌باره‌یه‌وه ڕێكده‌كه‌وێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەو هەڵوێستە لە پرەنسیپی تەوافوقی بەرپرسیارانە سەرچاوەی گرتوە کە یەکلاکردنەوەی شایستەکان لە ماوەی دیاریکراودا مسۆگەر دەکات".
ئه‌مڕۆ دوشەممە یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی دەستور پێویستە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، كە لە دوای 2003ـەوە پشكی سوننەكانە و دواخستن هەڵناگرێت.