ئەنجومەنی باڵای دادوەری: زیاتر لە 89 ملیار دینارمان گه‌ڕاندەوە بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی وڵات
  2025-12-31       255       

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگه‌یاند، دادگای لێکۆڵینەوەی ره‌سافه‌ له‌ دۆسیه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵیدا توانیویه‌تی زیاتر له‌  بڕی 89 ملیار و 195 ملیۆن دینار بگه‌ڕێنێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی گشتی وڵات. 

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، دادگای لێکۆڵینەوەی ره‌سافه‌ کە تایبەتە بە دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە و دۆسیەکانی تاوانی ئابوری، توانیویه‌تی بڕی 89 ملیار و 195 ملیۆن و  330 هه‌زار و 861 دینار گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی وڵات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەو پارانە لەلایەن دەستەی تانەدان وەرگیراوەتەوە، کە بۆ پێداچونەوە بە تانەدان لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن پێکهێنراوە.

دادگەی لێکۆڵینەوەی دوەمی کەرخ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ڕایگه‌یاند، کۆی گشتیی ئەو پارەیەی لە دۆسیەکانی تایبەت بە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە دەستیان بەسەرداگیراوە، گەیشتوەتە 93 ملیار و 668 ملیۆن و 979 هه‌زار و 124 دینار،
 
دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ ده‌ڵێت، رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی دارایی توندتر کردوەتەوە، ئەوەش بوەتە هۆی زیادبونی ژمارەی ئەو دۆسیانەی کە بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر ژمارە 39ـی ساڵی 2015 تۆمارکراون.

عێراق بە بەردەوامی لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بە تایبەتی لە کەرتی نەوت و گازدا بڵاوبوەتەوە، چارەسەرکردنی ئەمە پێویستی بە چاکسازی یاسایی و دامەزراوەیی و بەرزکردنەوەی شەفافیەت هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×