بەپێی وتەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی عێراق بۆ 7ی ئەم مانگە دواخرا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، میدیای کوردستان24 لەزاری فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2026 دواخراوە".
ئەوەش لەکاتێدایە، بڕیاربوو دووەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی دووشەممە 5ی مانگ ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەو وادەیە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
جێی ئاماژەشە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەتروشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.
جگە لەوەش لە ماددەی 72ی دەستووردا هاتووە، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بەپێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵ.