فیراس موسلیماوی، وتەبێژی هاوپهیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان رایگهیاند، تا ئێستا ههر سودانی و مالیكی كاندیدی پۆستی سهرۆك وهزیرانن و لهبارهی كاندیدی پۆستهكهوه دهبێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بنەمای تەوافوقی ناوخۆیی چوارچێوهی ههماههنگی بێت.
ئاوێنه: فیراس موسلیماوی، وتەبێژی هاوپهیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان، ئهمڕۆ یهكشهممه، له لێدوانێكدا وتی، گوتاری میدیایی هێزە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە قۆناغێكدا تێپەڕ دەبێت كە پێوستی بەوپەڕی ئارامی و دیسپلینی سیاسی هەیە.
بهقسهی ئهو، گفتوگۆكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی بە گیانی ئەرێنی و بەرپرسانەوە بەڕێوەچن؛ دور لە هەر جۆرە گرژییهكی میدیایی و سیاسی، لەسەر بنەمای رێز لەیەكگرتن و پشتبەستن بە گوتارێكی هاوسەنگ لەبەرامبەر هەمو پێكهاتەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەبێ جیاكاریی، ئەمەش لەو باوەڕەوە كە یەدەنگی زامنی سەرەكییە بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە هەستیارە.
وتوشیهتی، هاوپهیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان باوەڕی وایە كوتلەی گەورە لەناو هەموو پێكهاتە سیاسییەكاندا مافی ئەوەی هەیە كاندیدی پۆستە سەرەكییەكان دابینێت، بەوپێیەی ئەمە ئیستحقاقێكی دەستوری و سیاسییە.
ئهوهشی خستۆتهڕو، لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە هێشتا گفتوگۆكان لەچوارچێوەیەكی سیاسی ئارامدا بەڕێوەدەبرێن، ئەمە لەگەڵ جەختكردنهوه لەسەر پێوەرو پرۆگرام و شارەزایی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كاندیدەكانیش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران تائێستا هەر محەمەد شیاع سودانی و نوری مالیكین، كە كاندیدی رونی كوتلە سیاسییەكانن و خاوەنی ئەزمون و شارەزایین لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەبێت بڕیاری كۆتایی لەسەر بنەمای تەوافوقی ناوخۆیی بێت كە یەكێتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی بپارێزێت و خزمەتی بەرژەوەندی نیشتمانی بكات.
جهختیشی كردۆتهوه، هاوپهیمانی ئیئتیلافی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان پابەندە بە یەكێتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەمو پێكهاتەكانییەوە، ئەمە هاوكات لەگەڵ پابەندبون بە وادە دەستورییەكان.