ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش گەشبینی خۆی نیشان دا بە ئەگەری یەکلاکردنەوەی دۆسیەی سەرۆک کۆمار پێش کۆتایی هاتنی وادە دەستوورییەکە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی سەباح لە زاری سەرکردەیەکی یەکێتییەوە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت بڵاویکردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەشبینی خۆی نیشان داوە بە ئەگەری یەکلاکردنەوەی دۆسیەی سەرۆک کۆمار پێش کۆتایی هاتنی وادە دەستوورییەکە کە تا کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی ئەمڕۆیە.
ئەمەش دوای ئەوەی ئاماژەی لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێگەیشتووە کە نەرمییەک لەبارەی کاندیدەکانی ئەو پۆستە نیشان دەدەن. هەروەها ڕوونکراوەتەوە کە ئەگەری هەیە (4 – 5) ناو پێشکەش بکرێن و یەکێکیان لەنێودا هەڵبژێردرێت.
سەرکردەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستەڕوو کە پەیامەکانی پارتی جەختکردنەوەیان لەسەر پێویستی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدابووە و سەرکردەکەی یەکێتی لەو بڕوایەدابوو کە پێش کۆتایی هاتنی وادە دەستوورییەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەم دۆسیانە یەکلا بکرێنەوە.
لایخۆشیەوە وەفا محەمەد ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، کە دەبێت ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار سەرەتا لەناو ماڵی کورددا بێت، جا چ لە ڕێگەی پەرلەمانی هەرێمەوە بێت یان لە ڕێگەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان لە بەغدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی کراوەیە بۆ هەر ناوێکی تەوافوقی کە کۆدەنگی هێزە سیاسییەکانی لەسەر بێت، لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانی کۆبوونەوەیەک بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدە تەوافوقییەکەی ئەنجام دەدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا دوێنێ دەیان کەس ناوی خۆیان وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردبوو لەوانەش ژمارەیەکیان کوردن.
دیارترینی ئەوانەش کە خۆیان کاندید کردووە، د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری ئێستا، عەبدوڵا عەلیاوەیی ڕاوێژکاری پێشووی مام جەلال، شوان داودی پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لەگەڵ جوان فوئاد مەعسوم، کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق.