سەرکردەیەکى هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی سودانی ڕایگەیاند، ئەگەر هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران ڕێکنەکەوتن، ئەوا دوو ڕێگە لە بەردەستە.
ئاوێنە: محەمەد خالید سەرکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە ئەگەرى ڕێکنەکەوتنى چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر کاندیدى سەرۆک وەزیران و چارەسەرەکان ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی وەک نزیکترین کاندید، چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووى زۆرە، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەناو هێزەکانی چوارچێوەدا لەو بارەوە نەکرێت، ئەوا دوو بژاردە لە بەردەستە.
وتیشی، بژاردەی یەکەم ئەوەیە، دەنگدانی ناوخۆیی لەناو چوارچێوەکەدا ئەنجام بدرێت بۆ هەڵبژاردنی یەک کاندید.
دەشڵیت، بژاردەی دووەم، ئەگەر دەنگدانی ناوخۆ لە چوارچێوەکەدا پەیڕەو نەکرێت، ئەوا لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەبێت، بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نیشتمانی و کۆکردنەوەی واژۆ لە لایەنەکان و ئەندامانی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی کاندیدی گەورەترین حزب، دواتر ژمارەی دەنگەکان دەبێتە هۆکاری یەکلاکەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بژاردانە لە ئێستادا لەسەر مێزى گفتوگۆدان، پێشبینیش دەكەم هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەم هەفتەیەدا کاندیدی خۆیان هەڵبژێرن، ئاماژەکان دەریدەخەن تا ئێستا چانسی محەمەد شیاع سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو بەهێزە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە گفتوگۆی چڕوپڕ لەنێو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران هەیە، تا ئێستا ناوى چوار کاندید بۆ ئەو پۆستە هەن.