"81 که‌س بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندیدن"؛ یه‌كێتی یه‌ك كاندید و پارتی دو كاندیدی هه‌یه‌
  2026-01-05       933       

په‌رله‌مانتارێكی پارتی ئاشكرایكرد، 81 كه‌س خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید كردوه‌و ئه‌وه‌شی پشتڕاست كرده‌وه‌‌ كه‌ نه‌وزاد هادی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌شیان له‌ پاڵ فواد حسێن، خۆی بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ كاندید كردوه‌.

ئاوێنه‌: شێروان دوبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشەممە، له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی رایگەیاند، نەوزاد هادی-ش خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق كاندید کردوە.

 وه‌ك شێروان دوبه‌ردانی ئاماژه‌ی پێدا، ئێستا پارتی بۆ ئەو پۆستە دو كاندیدی هه‌ین كه‌ بریتین لە فواد حسێن و نەوزاد هادی.

 پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، ده‌رگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق داخرا. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌، کۆی گشتیی كاندیدانی پۆسته‌كه‌ گەیشتوەتە 81 کەس.

هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، كاندیدی ره‌سمی حزبه‌كه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، نزار ئامێدییه‌.

هه‌روه‌ها د. موسه‌نا ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتو خۆی بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید كردوه‌، جگه‌ له‌ یه‌كگرتو، لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ره‌وتی هه‌ڵوێست و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری پشتیوانی خۆیان بۆ د. موسه‌نا راگه‌یاندوه‌و به‌ كاندیدی خۆیان ناویان بردوه‌.

جگه‌ له‌وانه‌ش د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری ئێستای عێراق جارێكی دیكه‌ خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كه‌ كاندید كردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار، سه‌ركرده‌ی پێشوی له‌ یه‌كێتیش، ئه‌مڕۆ كاندیدكردنی خۆی بۆ پۆسته‌كه‌ پشتڕاستكرده‌وه‌.‌

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×