سه‌رچاوه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نه‌كانی نێو چوارچێوه له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه گه‌یشتونه‌ته "ناوێکی دیاریکراو" بەڵام بە نهێنی دەیهێڵنەوە لە ترسی فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان کە له ئه‌گه‌ری ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ناوە دەتوانێت ڕێگری لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بکات.
ئاوێنە: ئەحمەد ئەلمەعموری، وتەبێژی هاوپەیمانی ئه‌ساسی عێراقی رایگه‌یاند، "یەکگرتویی بەرچاو لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنێکی ئاست بەرز هەیە بۆ گەیشتن بە کاندیدێکی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هەمو هێزەکان لە چوارچێوەکەی هه‌ماهه‌نگیدا هاوڕان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە چوارچێوەی دەستوری و هێڵە کاتییەکاندا و بەم زوانە چارەسەر دەکرێت، لەگەڵ ئەگەری خستنەڕوی ناوی کەسایەتییەکی ناسراو لە چەند ڕۆژی داهاتودا".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كۆبونه‌وه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی باسی له‌وه‌كردوه، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه گه‌یشتونه‌ته "ناوێکی دیاریکراو" بەڵام بە نهێنی دەیهێڵنەوە لە ترسی فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان کە له ئه‌گه‌ری ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ناوە دەتوانێت ڕێگری لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بکات.
رۆژنامه‌ی سه‌باح له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا بڵاویكرده‌وه، پێشبینی کردوە "لە قۆناغی داهاتودا لە ڕێگەی کۆبونەوە چڕ و پڕەکانەوە کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام دەدرێن، كۆتایی به ناكۆكی له دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران بهێنرێت".
لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ناكۆكن له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له ئێستادا هه‌ریه‌كه له محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك ئێستای وه‌زیرانی عێراق و نوری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا كاندیدن بۆ ئه‌و پۆسته، دیارنیه كاندیدی "سوپڕایز" كه ره‌نگه به‌م زوانه بخرێته‌ڕو كێ ده‌بێت.