میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەک لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق پاشەکشەی کردووە و پشتیوانیی خۆی بۆ نوری مالیکی دەربڕیوە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەک لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە میدیای زمانحاڵی پارتی وتووە "ئێستا مالیکی وەک کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی دیاریکراوە. تەنیا چەند گفتوگۆیەکی کەم ماوە بۆئەوەی ئەم بڕیارە و پشتیوانییەکەی سودانی بەشێوەیەکی فەرمی ڕابگەیەندرێت".
پێشتر فەهد جبوری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلڕەشید" ئاشکرایکرد "محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە کێبڕکێی سەرۆک وەزیران کشاونەتەوە".
راشیگەیاندووە، بابەتەکە بەنزیكی یەکلابووەتەوە و بژاردەکە ئێستا لەنێوان حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و باسم بەدری، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سنوردارە.
جێی ئاماژەشە، نوری مالیکی ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەیە، چاوەڕوان دەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردرێت.