دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەکەى نێوان وەزیرى دەرەوەى عێراق و هاوتا ئێرانییەکەى فوئاد حوسێن وتی: سەردانەکەمان بۆ ئێرانی دراوسێمان لەسەر بنەمای پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە، عێراقچیش وتى: هاوکاری ئەمنیی و سەربازیی نێوان ئێران و عێراق پتەوتر دەکەین.
ئاوێنە: عەباسی عێراقچی وەزیرى دەرەوەى ئێران و فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دواى کۆبوونەوەکەیان لە تاران، سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان، کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ ئێرانی دراوسێمان لەسەر بنەمای پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووریی و ڕۆشنبیریی و بوارەکانی دیکەیە، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەم باسم لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کرد.
وتیشی: جەختمان لە پێویستی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتى عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی بەردەم ناوچەکە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای ناوچەکە کرد.
عەباس عێراقچی ڕایگەیاند، ئێمه ئامادەین هاوکاری ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی نێوان وڵاتەکەمان و عێراق فراوانتر بکەین، هەروەها هاوکاری ئەمنیی و سەربازیی نێوان ئێران و عێراق پتەوتر دەکەین و کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ئەمنیی لەگەڵ عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، له باره ی ڕووداوه کانی ئه م دواییهی ئێران ڕوونکردنه وهی هەمەلایەنم پێشکەش به عێراق کرد.
بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان ئەوەیان بڵاوکردەوە، فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق پەیامى وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکاى گەیاندووە بە ئێران، لەسەر ڕووداوەکانى ناوچەکە.