کۆبوونەوەکە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ بە سەرۆکایەتی سودانی
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بەپەلە دەکات بۆ تاوتوێکردنی ئاستەنگەکانی ناوچەکە و ڕووداوە خێرا پەرەسەندووەکان سوریا.
ئاوێنە: سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆک وەزیرانی بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنی کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، هەروەها کۆبوونەوەکە سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەغدا و سەرۆکی ئەرکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستانی عێراق (پێشمەرگە)ی لەخۆگرت، بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوە خێرا پەرەسەندووەکان لە لایەنی سوریا و ئەو ئاستەنگانی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
وتوشیەتی "سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە سنوورە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لەگەڵ سوریای دراوسێ بەتەواوی پارێزراوە لەگەڵ توانای بەرزی هێزەکانمان بۆ ڕێگریکردن لەهەر هەوڵێکی دزەکردن بۆناو خاکی عێراق".
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی راشیگەیاندووە "گرووپە تیرۆریستییەکان توانای ئەنجامدانی هیچ و هەوڵ و هێرشێکیان نییە، چ لەسەر سنوورەکان بێت یان لەناو شارەکان، دوای ئەوەی لەسەر دەستی هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمان گورزی قورسیان بەرکەوت".
ناوبراو فەرمانی کرد، بە توندی مامەڵ بکرێت لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش لەسەر سنوری هاوبەش و بە بەردەوامی سنورەکە چاودێری بکرێت و پشتیوانی تەواو پێشکەش بەو پاڵەوانانە بکرێت کە لەسەر سنوری نێودەوڵەتی جێگیرن و سەقامگیرییەکی ئەمنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵپشتی و بەهێزکردنە بەرفراوانانەی کە حکومەتی عێراق ساڵانێکە کاری لەسەر دەکات، هەروەها فەرمانی کرد بەدواداچوون بۆ هەموو پێداویستییەکانی هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستان عێراق بکرێت و پاڵپشتی تەواویان پێشکەش بکرێت.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا سەباح نوعمان ئاشکراشیکردووە "لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی سەقامگیری لە سوریا کرا و پێویستە کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی کار بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە و ڕاگرتنی هەموو جۆرەکانی شەڕ و توندوتیژی لە ناوخۆی خاکی سوریا، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سوریا کار بکەن بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی زیندانەکان و ڕێگری کردن لە هەڵهاتنی باندە تیرۆریستی و تاوانکارییەکان".