ئێران لەسەر گواستنەوەی داعش بۆ عێراق هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند
  2026-01-26       2013       

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچە، لەنێویاندا عێراق، پێشێلكارییەكی گەورەی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتییە، دەشڵێت: ناتوانین نیگەرانی خۆمان لە گواستنەوەی چەكدارانی داعش بۆ عێراق بشارینەوە و هیوادارین ئەو هەنگاوە زیان بە پەیوەندییەکانمان نەگەیەنێت.

ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران لەبارەی گواستنەوەی چەکدارەکانی داعش بۆ عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا  ڕایگەیاند: دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچە، لەنێویاندا عێراق، پێشێلكارییەكی گەورەی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتییە.

وتیشی: سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و تۆمەتباركردنی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، ئێمە بە پێچەوانەی ئەمریكاوە بڕیارمانداوە ڕێز لە بڕیارەكانی گەلی عێراق بگرین.

باسی لەوەش كرد: ئەوەی لەبارەی حوكمڕانی عێراقەوە ڕوودەدات، پەیوەندی بە عێراقییەكان خۆیانەوە هەیە، دەبێت ڕێگە بدرێت گەلی عێراق خۆی بڕیار بدات چ جۆرە حوكمڕانییەكی دەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو: دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان بووە بە خوویەكی ناشیرینی بەرپرسانی ئەمریكا و ئەوەش جێگەی قبووڵكردن نییە.

ڕاشیگەیاند: ناتوانین نیگەرانی خۆمان لە گواستنەوەی چەكدارانی داعش بۆ عێراق بشارینەوە و هیوادارین ئەو هەنگاوە زیان بە پەیوەندییەکانمان نەگەیەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×