ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا حەوت مەرج بۆ عیراق دادەنێت بۆ ئەوەی لە ژێر هەژموونی ئێران دەربازی بێت و جەختیش دەکاتەوە کە “زۆر گرنگە سەرکردەکانی عێراق هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەنەوە”.
ئاوێنە: جۆو ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، خۆشحاڵم بە پشتگیریکردنی هەوڵە ناوازەکانی سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ و نێردەی تایبەت مارک سەڤایا سەبارەت بە عێراق، و کارکردن دەست لەناو دەست لەگەڵ هەردوولا بۆ ئەوەی «عێراق جارێکی تر مەزن بکەینەوە» و عێراق لە دەست ئێران ڕزگار بکەین.
ویڵسن لە پەیامێکی درێژدا کە لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی: “زۆر گرنگە سەرکردەکانی عێراق هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکەنەوە بە هەڵە تێگەیشتن لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ئەوەی ناڕوون بێت یان جێگەی دانوستان بێت”.
وتیشی: “لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد جەی تڕەمپدا، هەڵوێستی ئەمریکا ڕوون و بێ دوودڵییە؛ چیتر چاوپۆشی لە هەژموونی ئێران لە عێراقدا ناکرێت و ئەو سەردەمەی کە لایەنی دەرەکی سەرۆک وەزیرانیان بەسەر عێراقدا دەسەپاند کۆتایی هات”.
جەختیشیکردەوە کە “پێویستە سەرۆک وەزیران و حکومەتی نوێ تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بکەن. نەریتی قوربانیکردن بە سەروەری و سەقامگیری و سامانی عێراق بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا دەرەکییەکان کۆتایی پێهاتووە”.
ویڵسۆن ڕاشیگەیاند؛ “هەر حکومەتێکی نوێی عێراق دەبێت عێراق و گەلەکەی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەم داواکاریانەی خوارەوە”؛
١- هەموو گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ماوەی شەش بۆ دوانزە مانگدا هەڵوەشێنرێنەوە.
٢- ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە بە شێوەیەکی دەستبەجێ و سیستەماتیک لە سەرانسەری عێراقدا بەبێ هیچ جیاکارییەک.
٣- دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دادوەریی بەڕاستی سەربەخۆ کە نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ لایەن و فراکسیۆنێکی سیاسییەوە و تەنها خزمەت بە سەروەری یاسا بکات و هەرگیز وەک چەکێکی سیاسی بەکارنەهێنرێت.
٤- بڕینی هەژموونی ئێران لە کاروباری عێراقدا و دوورخستنەوەی هەموو ڕاوێژکار و بریکار و ئەندامانی سەر بە ئێران لە دامودەزگاکانی عێراق.
٥- پێناسەکردن و دامەزراوەیی کردنی ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەژێر چەتری هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگا ئەمنییە فەرمییەکاندا، بە شێوەیەک کە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ یەکگرتوو بێت و هیچ پێکهاتەیەکی هاوتەریب یان بێ کۆنترۆڵ نەمێنێت.
٦- دەبێت هەموو ئەندامانی کابینەی حکومەت کەسانی لێهاتوو و پیشەیی بن و دڵسۆزییان بۆ دەوڵەت بێت نەک بۆ حیزب و کوتلە و کەسایەتییەکان.
٧- پابەندبوون بە بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئابووری و ئەمنیی بەهێز و ستراتیژی و درێژخایەن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ویڵسۆن ڕاشیگەیاند، وەک پێشتریش گوتراوە، نێردەی تایبەت مارک ساڤایا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە یارمەتیدانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و سەقامگیری و هێزی نیشتمانییەکەی. چیتر هەژموونی ئێران لە عێراقدا نامێنێت. عێراق لە ئێران ڕزگار بکەن.