جێگری بەڕێوەبەری کاروباری گواستنەوە و بازرگانیی دەرەکی لە کۆمپانیای کارەبای ئێران ڕایگەیاند، کارەبامان بۆ عێراق ڕاگرت، هاوکات هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ فشارە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە سیاسییەکان و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
ئاوێنە: محەمەدوڵا داد، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری گواستنەوە و بازرگانیی دەرەکی لە کۆمپانیای کارەبای ئێران سەبارەت بە ڕاگرتنی کارەبا بۆ عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە بڕی ١٥٠٠ مێگاوات کارەبامان بۆ عێراق دەنارد، ئەم بڕە کارەبایە لە نێوان ١٠٪ بۆ ١٥٪ـی پێداویستییەکانی کارەبای عێراقی دابین دەکرد، بەڵام لە ئەمڕۆوە ناردنی ئەو بڕە وزەیە وەستێنراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دانووستانەکان لەگەڵ عێراق بۆ دانەوەی قەرزێکی دوو ملیار دۆلاری تووشی گرفت بووە.
جێگەی باسە، ئێران لە ئێستادا ٢٠ مێگاوات کارەبا بۆ پاکستان و ٣٠ مێگاوات بۆ ئەفغانستان هەناردە دەکات، هەروەها ٥٠٧ مێگاوات کارەبا لە تورکمانستان و ئەرمینیاوە هاوردە دەکات.