هۆکاری دواکەوتنی موچه‌ی مانگی یه‌ك له‌ عێراق ئاشکرا کرا
  2026-01-29       1101       

دواکەوتنی خەرجکردنی موچەی مانگی یەکی 2026 له‌ عێراقدا نیگه‌رانی و دڵەڕاوکێی دروستكردوه‌ و نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوری هۆکاری دواكه‌وتنی موچه‌ ئاشكرا ده‌كات و دڵنیایی دەداتە موچه‌خۆرانی عێراق کە "موچە مسۆگەره‌" به‌ڵام دواده‌كه‌وێت و هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی پێشو له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا خه‌رج ناكرێت.

ئاوێنە: نەبیل مەرسومی له‌ لێدوانێكدا له‌باره‌ی دواكه‌وتنی موچه‌ی مانگی یه‌كی 2026ی موچه‌خۆرانی عێراق، باسی له‌وه‌كردوه‌، له‌ نزیكترین كاتدا موچه‌ خه‌رج ده‌كرێت به‌ڵام داوای لە فەرمانبەران کردوە سەبر بگرن "چونکە لە ئێستادا نەختینەیی بەردەست نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەدەست قەیرانی نەختینەییەوە دەناڵێنێت، هەروەها داهاتی نەوت هێشتا نەگەیشتوە یان بەس نییە بۆ دابینکردنی موچەی تەواوەتی، "دۆخی ئێستا هاوتەریبە لەگەڵ هۆشدارییەکانی پێشو کە سەبارەت بە دۆخی دارایی درابون".

نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوری دڵنیایی دەداتە موچه‌خۆرانی عێراق کە "موچە مسۆگەره‌" به‌ڵام دواده‌كه‌وێت و هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی پێشو له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا خه‌رج ناكرێت.

تا ئێستا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق موچه‌ی مانگی یه‌كی 2026ی دابه‌شنه‌كردوه‌، له‌كاتێكدا پڕۆسه‌ی دابه‌شكردن له‌ مانگه‌كانی پێشودا له‌ نێوان 20 بۆ 25ی هه‌مو مانگێك رویده‌دا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌وه‌ش ببێته‌ هۆی دروستبونی شه‌پۆلی بەرفراوانی ناڕەزایی لەنێو فەرمانبەران و هاوڵاتیان.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش تا ئێستا جگه‌ له‌وه‌ی موچه‌ی مانگی یه‌كی ساڵی 2026 دابه‌شنه‌كراوه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی پاره‌یه‌ له‌ به‌غداوه‌، هاوكات موچه‌ی مانگه‌كانی 11 و 12ی ساڵی 2025 نه‌دراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×