سه‌رۆكایه‌تی كۆمار: ده‌ستوه‌ردارنی ده‌ره‌كی له‌ كاروباری سیاسیی عێراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌
  2026-01-29       253       

دوای هۆشدارییه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌باره‌ی كاندیدبونی نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوی عێراق. سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ر شێوازێكی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ كاروباری سیاسیی عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاوێنه‌: سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەر شێوازێکی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سیاسیی عێراق كرده‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار دوپاتی كردۆته‌وه‌ کە "پرسە ناوخۆییەکانی عێراق بابەتێکی سەروەریی تەواون و تەنیا عێراقییەکان خۆیان بڕیاریان لەسەر دەدەن، ئەوەش بەپشتبەستن بە ئیرادەی ئازادی خۆیان و لەژێر سایەی دەستورو لەڕێگەی ئەو سیستەمە دیموکراسییەی کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکان دامەزراوە، کە گوزارشتێکی ڕاستەقینەیە لە بژاردەکانی گەل."

سه‌رۆكایه‌تی كۆمار جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ "ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە بنیاتنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی، بەتایبەتی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا کە پشت بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە دەبەستێت کە لە تشرینی دوەمی ڕابردودا بەڕێوەچو و تێیدا عێراقییەکان و هێزە سیاسییە براوەکان بەشدارییەکی بەرفراوانیان تێدا کرد."

سەرۆکایەتی کۆمار پەرۆشیی عێراقیشی بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ دوپات كردۆته‌وه‌، کە "لەسەر بنەمای کرانەوەو هەماهەنگیی ئەرێنی لەگەڵ هەمو وڵاتان بێت، بەجۆرێک کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزی دولایەنەو دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلان بێت، ئەمەش بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی."

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداری له‌باره‌ی كاندیدبونی نوری مالیكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوی عێراق داو به‌ "بژارده‌یه‌كی زۆر خراپ" ناوی برد و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن نوری مالیكییه‌وه‌، چیتر ئه‌مریكا هاوكاری عێراق ناكات و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هاوكاری نه‌كه‌ین، عێراق هیچ ده‌رفه‌تێكی بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌پێشچون و ئازادی نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×