کاندیدێکی پۆستی سەرۆک کۆمار: ئەمڕۆ پەرلەمان كۆنابێتەوە
  2026-02-01       584       

کاندیدێکى پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، پێناچێت دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی ناکۆکی نێوان لایەنە كوردییەكان و گرژییە ناوچەییەکان و کاردانەوەکانیان لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆی عێراق.

ئاوێنە: عەبدوڵا عەلیئاوایی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق سەبارەت بە بەڕێوەنەچوونى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار، بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند، پێشبینی دەكەم دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەناچێت، چونکە تا ئێستا هەردوو لایەنی کوردی لەسەر یەک کاندید ڕێکنەکەوتوون، هەروەها زیادبوونی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەڕەشەکانی ترەمپ، هۆکارێکی دیكەن لە بەڕێوەنەچوونى کۆبوونەوەکە.

وتیشی، ناکۆکی نێوان هەردوو لایەنە كوردییەكە لە ڕێکنەکەوتنیان لەسەر یەک ناو و نەبوونی كۆدەنگی بۆ گەیشتن بە کاندیدێکی هاوبەش بەشێكی دیكەن لە هۆكاری كۆنەبوونەوەكەی پەرلەمان.

مشتومڕی سیاسی سەبارەت بە نوری مالیکی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بەردەوامە، ئەوەش دوای تویتێکی ترەمپ کە تێیدا داوای دورخستنەوەی مالیکی لە دەسەڵاتی عێراق کردبو و داوایکردبو ئەزمونەکانی ڕابردوی دوبارە نەکرێنەوە، لەگەڵ بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئەگەری گۆڕینی کاندیدەکە لە ئەنجامی هەڵوێست و فشارە دەرەکییەکان.

هاوكات تائێستا پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی هاوبه‌شی سه‌رۆك كۆمار نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتن و تا ئێستا هه‌ردو كاندیدی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ واده‌ی ده‌ستوری بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ی كۆتایی هاتوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×