هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە؛ ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکلاکردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراقە.
ئاوێنە: عەباس مووسەوی، راوێژکاری میدیایی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی 'دەوڵەتی یاسا' بە کوردستان24ـی وت "سبەی یەکشەممە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە".
موسەوی ئاشکراشیکرد "لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەکرێت، هاوکات دۆخی ناوخۆی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەخرێنە بەر باس".
لەبارەی یەکلاکردنەوەی نوری مالیکیش موسەوی دەڵێت "نوری مالیکی نیازی کشانەوەی نییە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی روونی هەیە و پێداگرە لەسەر کاندیدەکەی، هەموو ئەو زانیاری و سیناریۆیانەی باس دەکرێن دوورن لە واقیعەوە".