روانگەی ئیکۆی عێراق رایگەیاند، هەوڵێک لەلایەن حکومەتی عێراق هەیە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوەند.
ئاوێنە: روانگەی ئیکۆی عێراق کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "عێراق مانگانە نزیکەی یەک ملیار لیتر بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە بەکاردەهێنێت، جگە لە بڕێکی هاوشێوە لە گازوایل، ئەمەش وادەکات هەر گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا کاریگەرییەکی راستەوخۆ و خێرای لەسەر بازاڕی ناوخۆ هەبێت".
ئەوەش هاتووە "عێراق لە ریزبەندی 17هەمین وڵاتی لە هەرزانی لە نرخی سووتەمەنی، بە جۆرێک نرخی لیترێک بەنزین نزیکەی 0.65 سەنتی دۆلارێکە، لە کاتێکدا تێکڕای جیهانی دەگاتە 1.30 دۆلار بۆ هەر لیترێک، بەڵام حکومەت بە پاساوی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پێویستی بە زیادکردنی داهاتی گشتی، بەرەو بەرزکردنەوەی نرخەکان هەنگاو دەنێت".
روانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو زیادکردنە تەنها بەنزین ناگرێتەوە، بەڵکو گازوایل، نەوتی سپی، سووتەمەنی فڕۆکە و زەیتی سوتەمەنیش دەگرێتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کەرتەکانی گواستنەوە، پیشەسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییەکان".
وەک ئیکۆی عێراق دەڵێت "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان، لە ئەنجامدا نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان زیاد دەکات، جگە لەوەی توانای کڕینی هاوڵاتییان کەمدەکاتەوە و جوڵەی بازاڕ سست دەکات، بەتایبەتی لە سایەی ئەو بڕینانەی کە لەم دواییانەدا لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کراوە".
رونیشکراوەتەوە "بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان و کاریگەری نەرێنی لەسەر چالاکییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان دەبێت، هۆشداریشیداوە" لە قورسترکردنی باری بژێوی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت".
لە کۆتاییدا، روانگەکە داوای لە حکومەت کردووە،"بەدوای جێگرەوەی دارایی کەمزیاندا بگەڕێت، وەک باشترکردنی کۆکردنەوەی باج، بەرەنگاربوونەوەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی، و پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، لە جیاتی ئەوەی بارگرانی زیاتر بخاتە سەر شانی هاووڵاتییان لە کاتێکدا وڵات بەدەست فشارە ئابوورییەکانەوە دەناڵێنێت".