سندوقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەمساڵدا گەشەی ئابووری جیهان ٪٠.٢ کەمدەکات و قەتەر و عێراق لە ڕیزی زەرەرمەندترینەکاندان، کە تیایدا عێراق بەڕێژەی ٦.٨٪ ڕووبەڕووی پاشەکشە و بچووکبوونەوە چووە.
ئاوێنە: سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) لە نوێترین راپۆرتدا، ڕایگەیاند "ئابووریی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا لەژێر کاریگەریی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی دابەزینی گەشە دەبێتەوە و کۆی گەشەکەی تەنها دەگاتە ٣.١٪؛ لەکاتێکدا پێشتر ئەو ڕێژەیە بە ٣.٣٪ خەمڵێندرابوو".
هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە کەمترین کاریگەریی ئابووریی ئەم ململانێیەی بەردەکەوێت، کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستیپێکردووە. گەشەی ئابووریی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ نزیکەی ٢.٣٪ پێشبینی کراوە، کە بەڕێژەی ٠.١٪ کەمترە لەو خەمڵاندنەی لە مانگی کانوونی دووەمدا کرابوو.
هەروەها سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی گەشەی ناوچەی یۆرۆی بەڕێژەی ٠.٢٪ کەمکردەوە و گەیاندییە ١.١٪. لەم نێوەندەدا، گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا بۆ ٠.٨٪، ئیتاڵیا بۆ ٠.٥٪، ئیسپانیا بۆ ٢.١٪ و فەرەنسا بۆ ٠.٩٪ گۆڕانکاری تێدا کراون. لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا گەورەترین دابەزینی بەخۆوە بینیوە و پێشبینیی گەشەکەی بەڕێژەی ٠.٥٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە ٠.٨٪.
سندوقی نێودەوڵەتیی دراو ئەوەشی خستووەتە روو، چاوەڕوان دەکرێت هەڵاوسانی جیهانی (Inflation) لەمساڵدا بۆ ٤.٤٪ بەرز ببێتەوە.
ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە جەختیشی لەوەکردەوە، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین زیانی ڕاستەوخۆی بەهۆی ئەم ململانێیەوە بەرکەوتووە؛ ئەم بابەتەش بەتایبەتی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزەی وڵاتانی کەنداو توندتر بووەتەوە.
راپۆرتەکەی (IMF) ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی توندتر دەبێتەوە و کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لەمساڵدا بەڕێژەی ٦.١٪ بچووک دەبێتەوە. هەروەها ئابووریی قەتەر بەڕێژەی ٨.٦٪ و عێراق بەڕێژەی ٦.٨٪ ڕووبەڕووی پاشەکشە و بچووکبوونەوە دەبنەوە.