دواى داخستنى گەرووى هورمز، عێراق پەنای بۆ هەناردەکردنی سووتەمەنی لە ڕێگەی وشکانییەوە لە ڕێگەی سووریاوە بردووە؛ ڕۆژانە ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ تەنکەر نەوت لە ڕێگەى دەروازەى وەلیدەوە دەنێرێتە تەنەف، واتا دیوی سووریا و لەوێشەوە بۆ بەندەرى بانیاس، دواتر لە ڕێگەى دەریای ناوەڕاستەوە نەوتەکە دەگەیەنرێتە ئەورووپا و دەفرۆشێت.
ئاوێنە: دەروازەی وەلید دەکەوێتە سەر سنووری سووریا لەناو شارۆچکەى ڕوتبە لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار؛ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا لە ٣١ـی ئازارەوە دەستیپێکرد، سەرەڕای ئەوەی تێچووی زیاترە بە بەراورد لەچاو گواستنەوەی دەریایی، بەڵام ئەمە ئێستا یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکانى عێراق بۆ هەناردەکردنى نەوت.
عێراق بە پلەی یەکەم پشتی بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەى دەریایی لە ڕێگەی بەندەرەکانی کەنداو وەک خۆر زوبەیرەوە بەستبوو، بۆ ئەوەی بتوانیت بگاتە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام بەهۆى شەڕى ئێران و ئەمریکاوە و بەهۆى داخستنى گەرووى هورمز، عێراق ناچار بوو بەدوای ڕێگای جێگرەوەدا بگەڕێت.
عیماد مەشعەل، سەرۆکی شارەوانیی ڕوتبە لە پارێزگای ئەنبار دەڵێت: ڕۆژانە لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ تانکەر نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی وەلیدەوە دەچنە سووریا، هەروەها لە بەندەری بانیاس کار بۆ چاککردنەوەی پەمپەکان و زیادکردنی ڕێژەی هەڵگرتنی نەوت بەردەوامە.
دەروازەی وەلید لە دیوى سووریا بە تەنەف ناسراوە؛ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی ئەم دەروازەیەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا لە ٣١ـی ئازارەوە دەستیپێکردووە، ئەو دەروازەیە ڕۆژانە دەتوانێت زیاتر لە هەزار بارهەڵگر لەخۆ بگرێت.
دوای ١١ ساڵ لە داخستنی دەروازەی سنووریی وەلید کە لە دیوی سووریاوە بە تەنەف ناسراوە، لە ٤ـی ئازاردا بە فەرمی کرایەوە؛ هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە کۆگاکانی بەندەری بانیاسدا هەڵدەگیرێت.
هاوکات لایەنی سووریا کار لەسەر زیادکردنی ژمارەی ئەو پەمپانە دەکات کە بۆ بەتاڵکردنى تانکەرەکانی نەوتی خاوی عێراق بەکاردەهێنرێن بۆ خێراکردنی پرۆسەی هەڵگرتنی نەوت؛ توانای ئێستای بەندەرەکە بریتییە لە هەڵگرتنی چەند سەد تانکەرێک لە ڕۆژێکدا.
دوابەدوای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ـی شوبات، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە بە هۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە وەستا، ئەمەش وایکرد حکومەتی فیدراڵی بەدوای ڕێگای جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هەناردەکردنی نەوت، بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست یەکێک لەو بژاردانە بوو.
عێراق بە دوای هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردن و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە هەناردەى ئاویی دەگەڕێت؛ بیر لە درووستکردنی بۆرییەکی نوێ دەکاتەوە کە خاکەکەی بە بەندەری بانیاسی سووریاوە ببەستێتەوە، بە دەربازبوون لە بۆریی کۆنی کەرکووک-بانیاس کە ئیتر کارناکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پلانەکانی زیادکردنی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ئەم ڕێگایە پەیوەندییە لۆجستییە کۆنەکانی نێوان عێراق و سووریا زیندوو دەکاتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بۆریی کەرکووک- بانیاس کە لە ساڵانی ١٩٥٠دا دەستی بە کارەکانی کردووە؛ نەوتی لە کێڵگەکانی کەرکووک لە باکووری عێراقەوە گواستەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست بە توانای نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە دواى ڕووخانى ڕژێمى ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتى شەرع، ئەمریکا پشتیوانییەکى سەرەکى دەسەڵاتى ئێستای دیمەشقە و دەیەوێت سووریا بکاتە ناوەندێکى گرنگى هەناردەى نەوت، بە شێوەیەک بتوانێت کە لە ڕێگەى هەر چوار دەریایەکەوە (دەریای ڕەش، دەریای ناوەڕاست، کەنداوى عەرەبی و دەریای قەزوین) نەوت و کەلوپەل بگوازێتەوە بۆ سووریا و لەوێوە هەناردەى ئەورووپا بکرێت، بەمەش سووریا دەبێتە ناوەندێکى گرنگى ستراتیژیی ناوچەکە.
بە کورتی؛ “پلانی چوار دەریا” وەک پڕۆژەیەکی جیۆئێکۆنۆمی (جوگرافیای ئابووری) دەردەکەوێت، کە لە ئەنجامی سێ هۆکاردا دووبارە شێوەی گرتووەتەوە:
– پەرچەکردنی تورکیا بەرامبەر وەدەرنانی لە پڕۆژەی IMEC، کە پڕۆژەیەکی ژێرخانی گەورەیە و ئامانجی دروستکردنی هێڵێکی نوێی بازرگانی و وزەیە لە نێوان هیندستان و ئەورووپادا؛ لەم پڕۆژەیەدا هیندستان، سعوودیە، ئیمارات، ئیسرائیل، یۆنان و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
– هەوڵی سووریا بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی کە نوقمی قەیرانی ئابووری بووە.
– قەیرانی ئاسایشی وزەی جیهانی دوای ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا.
ئەم کارە دەبێتە هۆى دووبارە بوژانەوەى ئابوورى و پێگەى سووریا لە جیهان و ناوچەکەدا، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆى شەڕەوە زیانی زۆر لە هەموو کەرتەکان کەوتبوو، تا ئێستاش بەشێکى زۆرى ئەو وڵاتە شوێنەوارى شەڕى پێوە دیارە.