ئۆجه‌لان: پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رپرسیارێتیی هه‌موانه‌
  2026-06-06       307       

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، له‌ په‌یامێكدا بۆ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان-كه‌نه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتیی دیموكراتییانه‌ی كورد، پێشخستنی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شه‌ له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان به‌ بنه‌ما وه‌ربگرێت و چیتر رێگه‌ به‌وه‌ نه‌درێت كوردان دژ به‌ یه‌كتری به‌كاربهێنرێت. ده‌شڵێت، پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رپرسیارێتیی هاوبه‌شیی هه‌موانه‌.

ئاوێنه‌: عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی کۆبونەوەی جڤاتی گشتیی کەنەکە كردوه‌و تێیدا هاتوه‌ "ئەمڕۆ گەلی کورد بە قۆناغێکی گرنگی مێژویی خۆیدا تێدەپەڕێت. کورد کە سەدان ساڵ ڕوبەڕوی سیاسەتی نکۆڵی، لەناوبردن، پارچەکردن و بێ پێگەیی بونەتەوە، بە قوربانیدانێکی مەزنەوە ئیرادەی ئازادیی خۆی پاراست، توانستی سیاسەتی خۆی گەشەپێدا، بونەتە داینامیکی جڤاکیی هەرە گرنگی خۆرهەڵاتی ناوین. ئیدی ناکرێت باس لە هاوکێشەیەکی خۆرهەڵاتی ناوین بکرێت و حیساب بۆ کورد نەکرێت و ئیرادەیان بە نەبو لە قەڵەم بدرێت."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "ئەم ڕاستییەش بەرپرسیارێتی نوێی بۆ کوردان لەگەڵ خۆیدا دێنێت. پێش هەمو شتێک، بەرەوپێشبردنی کولتوری دیالۆگ و دانوستاندن و خەباتی هاوبەشی نێوان کوردان ئەرکێکی مێژوییە. یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامانجێکی وەها نییە کەوا تەڤگەرێکی سیاسی، پارتێک یان لایەنێک بەتەنیا بیهێنێتەدی. ئەم یەکێتییە تەنیا دەتوانرێت بە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی هەمو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان، گەنجان و داینامیکە جڤاکییەکانی کورد بونیادبنرێت."

ئۆجه‌لان ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"یەکێتی دیموکراتییانەی کورد، نەک هەر نەپەژراندنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەیەکگەیشتنی جیاوازییەکانە لەسەر زەمینەی دیموکراتی. ئامانج هەر تەنیا یەکدەنگیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە کەوا لە مژارە نەتەوەییە هاوبەشەکاندا ئیرادەیەکی هاوبەش نیشان بدرێت. پێشخستنی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە بابەتە سەرەکییەکاندا کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بە بنەما وەربگرێت، چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت کوردان دژ بە یەکتری بەکاربهێنرێن و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە عەقڵییەتێکی هاوبەش بپارێزرێن، پێویستە هەمو ئەمانە لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی ئەو یەکێتییە بێت."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "پێشخستنی پڕۆژەیەکی بەرفراوانیی دیالۆگ و دانوستاندنی نێوان کوردان گرنگییەکی مەزنی هەیە. ڕێگای تێپەڕاندنی نەسازان و لێکترازانەکانی ڕابردو، شەڕ و پێکدادان نییە؛ بەڵکو قسەکردن و گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەریی هاوبەشە. دەبێت فیکری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دیموکراتیش وەک گوزارشتکردن لە دامەزراوەبونی ئەو پێداویستییە ببینرێت."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ئۆجه‌لان وتویه‌تی"داهاتوی گەلی کورد هەر تەنیا پەیوەست نییە بە یەکێتی نەتەوەییەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتیشەوە، ڕێنماییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتی، چارەسەرکردنی کێشەکان نەک بە شەڕ و توندوتیژی، بەڵکو بەڕێگەی سیاسەت، حقوق و دانوستاندنی دیموکراتی بە بنچینە وەردەگرێت. ئەم ڕێنماییە، یەکسانیی گەلان، دیموکراتیی خۆجێیی، ڕێکخستنبونی ئازاد و ژیانی هاوبەش دەپارێزێت."

وتوشیه‌تی"ئەوەی ئەمڕۆ پێویستییمان پێی هەیە؛ هاوکات لەگەڵ پێویستیی ڕۆحی بەهێزی یەکێتی نەتەوەیی نێوان کوردان، پشتیوانی و هاوپشتیی دیموکراتییانەیە لەگەڵ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و بۆچونێکی هاوبەشی داهاتوە کە لەسەر بنەمای ئازادیی بونیاد بنرێت. هەربۆیە، مەزنکردنی لێگەڕینی کوردان لەپێناو یەکێتیی دیموکراتی، پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی بەها جڤاکییە دیموکراتییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەمومانە."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ئۆجه‌لان:

وڵاتپارێزانی هێژا، نوێنەرە بەڕێزەکان، میوانانی ئازیز

پێش هەمو شتێک، بە هەستێکی قوڵ و لە ناخمەوە سڵاو لە ٢٤ـەمین کۆبونەوەی جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەم و ئەم دیدارە واتادارەتان و ٢٧ـەمین ساڵەی کەنەکەتان لێ پیرۆزدەکەم. منیش لەلایەن خۆمەوە بەشدارییم لە ئاواکردن و دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ـدا کرد و پشتیوانیم لێیکرد. لە زیندانیش بێت، بەگوێرەی دەرفەتەکان، بەدواداچونم بۆ خەباتی ئێوە دەکرد و ماوە ماوەش پێشنیارەکانم بۆ ئێوە دەنارد.

هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتو و یەکێتی نەتەوەیی، مافە دیموکراتییەکان و ئیرادەی هاوبەشی گەلی کورد بکرێت، پێگەیەکی گرنگی لە کاروانی مێژویی گەلەکەماندا دەبێت.

ئەمڕۆ گەلی کورد بە قۆناغێکی گرنگی مێژویی خۆیدا تێدەپەڕێت. کورد کە سەدان ساڵ ڕوبەڕوی سیاسەتی نکۆڵی، لەناوبردن، پارچەکردن و بێ پێگەیی بونەتەوە، بە قوربانیدانێکی مەزنەوە ئیرادەی ئازادیی خۆی پاراست، توانستی سیاسەتی خۆی گەشەپێدا، بونەتە داینامیکی جڤاکیی هەرە گرنگی خۆرهەڵاتی ناوین. ئیدی ناکرێت باس لە هاوکێشەیەکی خۆرهەڵاتی ناوین بکرێت و حیساب بۆ کورد نەکرێت و ئیرادەیان بە نەبو لە قەڵەم بدرێت.

ئەم ڕاستییەش بەرپرسیارێتی نوێی بۆ کوردان لەگەڵ خۆیدا دێنێت. پێش هەمو شتێک، بەرەوپێشبردنی کولتوری دیالۆگ و دانوستاندن و خەباتی هاوبەشی نێوان کوردان ئەرکێکی مێژوییە. یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامانجێکی وەها نییە کەوا تەڤگەرێکی سیاسی، پارتێک یان لایەنێک بەتەنیا بیهێنێتەدی. ئەم یەکێتییە تەنیا دەتوانرێت بە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی هەمو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ژنان، گەنجان و داینامیکە جڤاکییەکانی کورد بونیادبنرێت.

یەکێتی دیموکراتییانەی کورد، نەک هەر نەپەژراندنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەیەکگەیشتنی جیاوازییەکانە لەسەر زەمینەی دیموکراتی. ئامانج هەر تەنیا یەکدەنگیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە کەوا لە مژارە نەتەوەییە هاوبەشەکاندا ئیرادەیەکی هاوبەش نیشان بدرێت. پێشخستنی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە بابەتە سەرەکییەکاندا کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بە بنەما وەربگرێت، چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت کوردان دژ بە یەکتری بەکاربهێنرێن و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە عەقڵییەتێکی هاوبەش بپارێزرێن، پێویستە هەمو ئەمانە لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی ئەو یەکێتییە بێت.

هەر بۆیە، پێشخستنی پڕۆژەیەکی بەرفراوانیی دیالۆگ و دانوستاندنی نێوان کوردان گرنگییەکی مەزنی هەیە. ڕێگای تێپەڕاندنی نەسازان و لێکترازانەکانی ڕابردو، شەڕ و پێکدادان نییە؛ بەڵکو قسەکردن و گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەریی هاوبەشە. دەبێت فیکری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دیموکراتیش وەک گوزارشتکردن لە دامەزراوەبونی ئەو پێداویستییە ببینرێت.

سەرەڕای ئەمەش، داهاتوی گەلی کورد هەر تەنیا پەیوەست نییە بە یەکێتی نەتەوەییەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتیشەوە، ڕێنماییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتی، چارەسەرکردنی کێشەکان نەک بە شەڕ و توندوتیژی، بەڵکو بەڕێگەی سیاسەت، حقوق و دانوستاندنی دیموکراتی بە بنچینە وەردەگرێت. ئەم ڕێنماییە، یەکسانیی گەلان، دیموکراتیی خۆجێیی، ڕێکخستنبونی ئازاد و ژیانی هاوبەش دەپارێزێت.

بژاردەی مێژویی بەردەم گەلی کورد هەر تەنیا گفتوگۆ لەسەر پێگە نییە، بەڵکو مژاری سەرەکی ئەوەیە ژیانێکی کۆمەڵایەتی چۆن بونیاد بنرێت؟ چەمکی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئازادیی گەلەکەمان لەگەڵ ئازادیی گەلانی دیکە هەڵدەسەنگێنێت؛ ئامانجەکەی شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو ژیانی هاوبەشە، پارچەکردن نییە بەڵکو یەکێتی دیموکراتییانەیە.

ئەوەی ئەمڕۆ پێویستییمان پێی هەیە؛ هاوکات لەگەڵ پێویستیی ڕۆحی بەهێزی یەکێتی نەتەوەیی نێوان کوردان، پشتیوانی و هاوپشتیی دیموکراتییانەیە لەگەڵ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و بۆچونێکی هاوبەشی داهاتوە کە لەسەر بنەمای ئازادیی بونیاد بنرێت. هەربۆیە، مەزنکردنی لێگەڕینی کوردان لەپێناو یەکێتیی دیموکراتی، پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی بەها جڤاکییە دیموکراتییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەمومانە.

بەم هەست و ڕامانانەوە دوبارە سڵاو لە کۆبونەوەکەتان دەکەم، ئەو گفتوگۆ و دەرئەنجامانەی لێیەوە بەرهەم دێت، خزمەتی یەکێتی، ئازادی و داهاتوی دیموکراتیتانەی گەلەکەمان دەکات.

سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و بەڕێزەوە سڵاو لەهەمو بەشداربوان دەکەم.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×