وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی پێشنیاره‌كه‌ی به‌غدا ده‌داته‌وه له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌نزین
  2026-08-12       43       

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی پێشنیاره‌كه‌ی وه‌زیری نه‌وتی عێراق ده‌داته‌وه‌ كه‌ وتبوی، به‌نزینی پێویست بۆ هه‌رێم دابین ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌كارهێنانی ناوخۆیان‌ راده‌ست بكات و ده‌ڵێت، ئامادەین دانوستان بکەین، به‌مه‌رجی دابینكردنی پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی ھەرێم.

ئاوێنه‌: کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم، رۆژی چوارشه‌ممه‌، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، وەزیری نەوتی عێراق، لە بارەی کێشەی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان، لێدوانێکی دابو کە گوایە ئامادەن بەنزینی پێویست بۆ ھەرێم دابین بکەن ئەگەر حکومەتی ھەرێم ئەو 50 ھەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیە ڕادەست بکات.

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان وتوشیه‌تی "حکومەتی ھەرێم، ھەمیشە داوای دادپەروەریی کردوە لە دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان، بە ھەمو پێوەرەکانیش بەشی ھەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ زیاتر لە دو بەرامبەری ئەمەی ئێستایە. دیاریکردنی پەنجا ھەزار بەرمیل بۆ بەکارھێنانی ناوخۆی ھەرێم، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بوە و بە خواست و ویستی ئێمە نەبوه‌."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی ھەمو جۆرە سوتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی ھەرێم بکەن، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستورییەکانی ھەرێم ئامادەین دانوستان بکەین و پشکی ڕاستەقینەو دادپەروەرانەی ھەرێمی کوردستان وەک ھەمو ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاربکرێت."

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌:

بەڕێز (باسم محەممەد) وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ، لە بارەی کێشەی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان، لێدوانێکی دابوو کە گوایە ئامادەن بەنزینی پێویست بۆ ھەرێم دابین بکەن ئەگەر حکوومەتی ھەرێم ئەو پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیە ڕادەست بکات.

لێرەدا بۆ ڕای گشتی کوردستان و ھەموو عێراق ڕوونی دەکەینەوە کە حکوومەتی ھەرێم، ھەمیشە داوای دادپەروەریی کردوە لە دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان، بە ھەموو پێوەرەکانیش بەشی ھەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ زیاتر لە دو بەرامبەری ئەمەی ئێستایە. دیاریکردنی پەنجا ھەزار بەرمیل بۆ بەکارھێنانی ناوخۆی ھەرێم، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بوە و بە خواست و ویستی ئێمە نەبووە.

بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمە لە سەرووی ھەموو شتێکە، بۆیە ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی ھەمو جۆرە سوتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم بکەن، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستورییەکانی ھەرێم ئامادەین دانوستان بکەین و پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاربکرێت.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ستایشی ھەڵوێستی ھەموو ئەو پەرلەمانتارانە بکەین کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ داوای دادپەروەری و زیادکردنی پشکی ھەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیان کردووە.

کەمال محەممەد ساڵح

وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت

٢٠٢٦/٨/١٢

© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×