له‌ كوردستان کۆرۆنا وای کردووە کەمپی ئاوارەکان بکرێتە خانوی پلاستیکی بۆ گوڵ و مێوە
  2020-06-17       1444       

ئا: ئاوێنه‌

 

دانیشتووانی 7 کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا کە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیێندرابوو دەوروبەری خێمەکانی خۆیان کردوە بە مەزرای مێوە و سەوزە و گوڵ و گیا؛ بەم شێوەیەش بەشێک لە پێداویستیی ڕۆژانەی خۆیان دابین دەکەن.

 لێمۆن تری تراست یەکێکە لە دامەزراوە مەدەنییەکان کە لە بواری کارپەیداکردن و دابین کردنی پێداویستیی ڕۆژانە، یارمەتیی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەدات،   لە کاتی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە حکوومەتی هەرێم قەدەغەی هاتوچۆ و هەندێک ڕێوشوێنی سنوورداری دانا، ژمارەیێکی زۆر لە ئاوارەکان کارەکەیان لە دەست دا.

ئەو ڕێکخراوە مەدەنییە یارمەتیی دانیشتووانی 7 کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان داوە دەوروبەری خێمەکانی خۆیان بکەن بە مەزرای بچووکی بەرهەمهێنانی گوڵ و سەوزە و مێوە بۆ ئەوەی بتوانن لە کاتی کەرەنتینەکاندا بە کارێکەوە خەریک بن و لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن. ئەگەرچی ئەم پڕۆژەیە پێشتریش ئەنجام درابوو بەڵام لە چەند مانگی ڕابردووەوە کە نەخۆشیی کۆرۆنا هاتوچۆی سنووردار کرد ئەم پڕۆژانە خێراتر و زیاتر جێبەجێ کراون.

جێنی سپەرز، فەرمانبەرێکی ئەو دامەزراوە مەدەنییە دەڵێت نزیکەی 40 لە سەدی ئەو ئاوارانەی کەمپی دۆمێز کە کارێکیان هەبوو، ئێستا بێکار بوون و پڕۆژەی گۆڕینی کەمپی ئاوارەکان بۆ خانووی پلاستیکیی بەرهەمهێنانی بەروبووم و سەوزە و گوڵ توانیویەتی یارمەتیی ئاوارەکان بدات بۆ ئەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

ڕێکخراوی مەدەنیی لیمۆن تری تراست لە 7 کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی باخی جێبەجێ کردووە. خاتوو جێنی بە ڕۆژنامەی نەشناڵی ئیماراتی وتووە تا ئەم کاتە 10 هەزار بۆکس تووی جۆراوجۆر و 3 هەزار نەمام لە نێو ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە و بەم زووانەش 100 هەزار بۆکسی تر سەوزە و مێوەی جۆربەجۆر دابەش دەکرێت.

پڕۆژەکە لە کەمپی ئاوارەکان پێشوازیی زۆری لێکراوە و زۆربەی ئەوانەی پێشوازییان لە پڕۆژەکە کردوە ئاوارەی کوردی سوورین کە پێشتر لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی لە حەوشی ماڵەکەی خۆیان باخی بچووک بچووکیان بەرهەم هێنابوو.

 

.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×