"شوکرانە بژێربە کە نەکوژراوی"، چیرۆکی من لە کۆتاییەکانی ١٧ی شوبات
  2020-07-08       826       

کاوە شێخ عەبدوڵڵا



دوانیوەڕۆی ١٧ی نیسانی ٢٠١١ جموجوڵێکی لە ناکاوی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، رەوشێکی تەواو سەربازیی بەخشی بەسیمای ناوشار، نزیکی عەسر هێزە ئەمنییەکە لە سەرا دەستیان کرد بەو ئەرکەی پێیان سپێردرابوو ئەویش بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی توڕە و ناڕازی بوو.

دوو مانگ دەبوو سەرا کە بە چاولێکەری لە خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبیی ناوی "سەرای ئازادی" لێنرابوو، کرابووە مەڵبەندی کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران. لەوێ خەڵک هەم هوتافیان دەکێشا، هەم وتاری توند و حەماسیی دەدرا، ئەو دوو مانگە "سەرای ئازادی" بە تەواوی لەژێر رکێفی خۆپیشاندەراندا بوو.

ئەو خۆپیشاندانانە رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ دەستیپێکرد، رۆژی ١٧ی نیسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە یەکەم هەنگاوی کۆتایی پێهێنان دەستیپێکرد، ئەو رۆژە من وەکو رۆژەکانی پێشوو (من لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانەوە هەموو رۆژێ دەچوومە ئەوێ) کە دەچووم سەرێکم لە "سەرای ئازادی" دەدا تا ئەگەر فۆتۆ یان ستۆرییەک هەبوایە بۆ رۆژنامەکەم ئامادەم دەکرد.

ئەو کاتە لەرۆژنامەی رووداو کە حەفتانە دەردەچوو کارم دەکرد، من پایزی ١٩٩٨بەهۆی مینەوە قاچی چەپم لەدەستدا، بۆیە لەکاری رۆژنامەوانیمدا وەکو خۆپارێزییەک هەمیشە لەپەڕی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان دەوەستام بۆ ئەوەی لەکاتی قڵیشانەوەدا دەرفەتی دەرچوونم هەبێ‌و باشتر تابلۆی رووداوەکان ببینم، چونکە ئەزموونم هەیە کەم کۆبوونەوەی جەماوەریی‌و خۆپیشاندان هەبووە بەتوندوتیژی‌و تەقەی هێزە ئەمنییەکان بەرپەرچ نەدرابێتەوە.

رۆژی ١٧ی نیسانیش لە سەرا، بەوردی تەماشای پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکانم دەکرد بۆ ئەو ستەیجەی خۆپیشاندەران دایاننابوو بۆ وتاردان، هێزەکان تەقەیان دەکردو گازی فرمێسکڕێژیان بەکار دەهێنا.

من کاتێکم زانی کەوتوومەتە ناو بازنەیەک چەکدار بە جلی سەربازییەوە، ئەوان بێ ئەوەی بپرسن من کێم‌و کار بۆ کوێ دەکەم، کامێراکەم کە لەجۆری(Nikon D80) بوو بە دەستمەوە بەتوندی رایانکێشاو بە دەستیانەوە کەوتە سەر عەرز!

ویستم داوای بکەمەوە، کاتێکم زانی یەکێک لەسەربازەکان گەڕایەوە بۆم‌و دارێکی درێژی بەدەستەوەبوو، زۆر بەتوندی کێشای بەقاچی چەپمدا (قاچە کەمئەندامبووەکەم) تەزووی ئازارەکەی خێرا هەڵکشا بۆ مێشکم، وردە وردە ئازار زۆری بۆ هێنام‌و دەبوو دابنیشمە سەر عەرز، کەچی چەند سەربازێکی تر بەتفەنگ‌و شەق و بۆکز بەربوونە سەرو پشتم، قۆناغە تفەنگێک بەر بۆقەتەی ملم کەوت ئەوەندەی تر لە کەسیرەی خستم!

من وا هەستەکەم یەکێک لەسەربازەکان بەزەیی پێمدا هاتەوە کە بینی ناچارانە دانیشتم، دوای ماوەیەک کامێراکەی بۆ هێنامەوەو وتی: "هەستە بڕۆ لیرە مەوەستە، ئەمانە بێ تەربێتن‌و زیاتر عەزیەتت دەدەن، کەس نییە ... بگرێ‌و دەشتکوژن!"

من ئەوێم بەجێهیشت، رۆشتنەکەم لەبەر ترس نەبوو، بەڵکو توانای وەستانم نەما بەپێوە، هەستم دەکرد شوێن دارەکە دەئاوسێ، لەوێدا سەرنووسەری رۆژنامەکەم ئاگادار کردەوە کە من ئیتردەچمەوە ماڵەوە، سبەینێ کە رۆژنامەی رووداو دەرچوو، لەلاپەڕە ٢ دا، لە سەرەوەی لاپەڕەکە هەواڵی پەلاماردانی منیان بڵاوکردبوویەوە.

بەدرێژایی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، ئەوە دووەم جارم بوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کامیراکەم ببەن‌و تا ماوەیەک لێم زەوت بکەن، رۆژانەیش دەمبینی کە بەشێک لە رۆژنامەوانەکانی تر دەکەوتنە بەر لێدان‌و سووکایەتی‌و زەوتکردنی کەلوپەلەکانیان.

من بەهۆی ئەو لێدانە توندە لەقاچم، دوو یان سێ رۆژ نەمتوانی لەماڵ بێمە دەرەوە، چونکە قاچم وا ئاوسابوو بە ئاسانیی نەدەچوویەوە ناو قاڵبی قاچە دەسکردەکەم!


هەرچۆنبوو ئەو رۆژانە تێپەڕین‌و من لای کەس سکاڵام تۆمار نەکرد، چونکە دەمزانی وەکو ئەو دەیان سکاڵایەی لەسەر دەستدرێژیکارانی رۆژنامەنووسان فڕێ درانە تەنەکەی خۆڵی دادگاکانەوە، ئەوەی منیش چەند ئینجێک لە تەنەکەی خۆڵی دادگاکان داگیر دەکات. بۆ خستنەڕووی بەڵگە لەسەر ئەم قسانەم، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان بەڵگەیەکی روونە کە دادگا هیچکات ناتوانێ پیشێلکارانی مافی رۆژنامەنووسان سەرکۆنە بکات‌و سزایان بدات.

دواتر لەڕێی چەند ناسراوێکم لەناو هێزە ئەمنییە پەلاماردەرەکەی سەرا زانیم، ئەو هێزەی ئەو رۆژە پەلاماری منیاندا، سەر بە یەکەی ٧٠ بوون لەهێزی پێشـمەرگە، دوو مانگێک دوای ئەو رووداوە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ بەرپرسی ئەو پیشمەرگانە کرد کە پێویستم بە لێدوانێکی بوو بۆ راپۆرتێک، کاتێ پێموت پێشمەرگەکانت ئەو رۆژە زۆر خراپ لێیاندام، کەچی بە گاڵتەوە وتی: "شوکرانەبژێربە کە نەکوژراوی".

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×