یه‌ک شه‌ممه‌, 18 ی ئایار , 2025
ئیستانبوڵ؛ سێ ئەندامی خێزانێكی كورد لەلایەن خێزانێكی توركەوە دەكوژرێن
  2022-03-25       680       

دوێنێ پێنجشەممە، لە ناوچەی کوچوکچەکمەجەی ئیستانبوڵ، ئەندامانی خێزانێکی تورک بە چەک هێرشیان کردە سەر ئەندامانی خێزانێکی کورد و سێ کەسیان لێ کوشتن.

ئاوێنە: روداوەكە لە پارکێکی ئۆتۆمبێلی کراوەدا بە دوری 200 مەتر لە دادگای ناوچەی کوچوکچەکمەجەی ئیستانبوڵ رویداوەو تێیدا ئەندامانی خێزانێكی تورکی نیشتەجێی پارێزگای سینۆپی تورکیا بەچەک هیرشیانکردە سەر ئەندامانی خێزانێکی کوردی خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی روداو لە ئیستانبوڵ، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئەندامانی خێزانە تورکەکە چوار کەسیان کوشتون. یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی خێزانی خۆیان بوەو بە هەڵە کوشتویانە، سێ کوژراوەکەی دیکەش کوردن و دانیشتوی پارێزگای جۆلەمێرگن.

 سەلیم ماڤی، سەرۆکی کۆمەڵەی جۆلەمێرگ ئەمڕۆ هەینی بە روداوی راگەیاند، داوایان کردوە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لە روداوەکە بکرێت و لەبارەی هۆکاری شەڕەکە زانیاریی دروست بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.

 سەرۆکی کۆمەڵەی جۆلەمێرگ وتی"سێ هاوشارییمان لەو هێرشەدا کوژراون. نازم سۆزەر، ئەرجان سۆزەر و قادر مەندانئۆغڵوو گیانیانلەدەستداوەو ئەرداڵ سۆزەر بە سەختی برینداربوە."

 سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردن و هۆکاری شەڕەکە، سەلیم ماڤی وتی"بەگوێرەی ئەو دۆخە کە هێرشەکەی تێدا کراوە، دەتوانین بڵێین، خێزانە سینۆپییەکە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کردوە، بەڵام لەبارەی هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکە، ناتوانین ئاماژە بەشتێکی رون بدەین. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتونەتە دەستمان 18 کەس بەهۆی شەڕەکەوە دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە".

 میدیاکانی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن، شەڕەکە بەهۆی دۆسیەیەکی دادگاوە رویداوە، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×