پەروین بوڵدان داوا لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەکات دەنگ بەکاندیده‌كه‌ی هه‌ده‌په‌ بدەن
  2023-01-21       564       

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی شوبات ناوی کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاشکرا دەکەن و داواش لەشەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا ده‌كات دەنگ بەکاندیدەکەی ئەوان بدەن.

ئاوێنه‌: پەروین بوڵدان لەدیداریکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتەکەیان بەکاندیدی خۆیەوە دەچێتە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا. وتیشی‌، لەسەرەتای مانگی شوباتدا کاندیدەکە بۆ ڕای گشتی ئاسکرا دەکەن.

18ی‌ ئه‌م مانگه‌ ره‌جه‌ی ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رۆژی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی پێشخست‌و بڕیاریدا رۆژی 14ی مانگی 5ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

هاوسەرۆکی هەدەپە ڕەتیکردەوە بونی کاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆمار لەسودی پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان (ئاکەپە)دا بێت‌و وتی‌، "ئێمە دەمێکە خەبات دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەڕوخاندنی ڕژێمی ئاکەپەو لەناوبردنی بلۆکی ئاکەپە-مەهەپە، وەک هەمیشەو بڕیارمانداوە لەم هەڵبژاردنەشدا درێژە بەو خەباتە بدەین."

ئه‌وه‌شی‌ وت، هەدەپە ئەمڕۆ سێهەم پارتە لەتورکیاو هێزێکە کە ئیرادەیەک دیاری دەکات، لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردودا هێزو ئیرادەی خۆی نیشانداوەو حیزبێکە تا ئێستاش بەهەمان بانگەشەدا دەڕوات.

بوڵدان ڕاشیگه‌یاند، "ئێمە هۆکاری زۆرمان هەبوو بۆ دانانی کاندیدی سەرۆکایەتی. جگە لەوەش نابێت ئەم بڕیارە تەنها لەڕێگەی وتاری منەوە هەست پێبکرێت. زۆر لێدوانمان هەبوو کە دەریدەبڕین میکانیزمەکانی بڕیارمان ئامادەکاری بۆ ئەم پرسە دەکەن‌و لیژنەکانمان لەم خاڵەدا یەکلایی بونەتەوە، لەدوا قۆناغدا ڕامانگەیاند کە هەدەپە لەم هەڵبژاردنانەدا کاندیدی خۆی هەیەو ئێمەش لە پشتیەوە وەستاوین."

دەشڵێت، "تاکە ئامانجی ئێمە لەم هەڵبژاردنانەدا ناشتنی ئاکەپەیە لەمێژوو زبڵدانی مێژو".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لەگەڵ شه‌ش لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی‌ توركیا باسی کاندیدی هاوبەشمان نەکردووە، به‌ڵام داواشیان لێده‌كات ئه‌و لایه‌نانه‌ پشتیوانی کاندیدەکەی ئەوان بکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە “ئەو کاندیدەی ئێمە دیاری دەکەین زۆر گشتگیرترو زۆر دڵنیاترو ویژدانی کۆمەڵگه‌ی تورکیە لەچاو کاندیدی شەش لایەنەکە”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×