ژمارەی رۆژەکانی پشوو لە عێراق زیاترە لە ١٠٠ رۆژ، ئەمە بەدەر لە پشووی رۆژانی هەینی و شەممە کە زۆرینەی فەرمانگەکان دەگرێتەوە، ئەمەش وای لە چاودێران کردووە رەخنە لەژمارەی زۆری پشووەکانی ساڵ بگرن.
ئاوێنه: لەو بارەیەوە، رۆژنامەی العربي الجديد دەڵێت کە زۆری ژمارەی پشووەکان پەیوەستن بە رۆژە مێژووی و ئاینی و مەزهەبییەکانەوە، بەڵام پێش ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی رۆژە پشووەکانی ساڵ تەنها ١٦ رۆژ بوو.
هەروەها دەڵێت:" لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانیوە پڕۆژەیاسای پشووە فەرمییەکان تێپەڕێنێت، ئەویش بە هۆکاری ناکۆکی سەختی نێوان لایەنەکان کە لە ئەنجامدا خول لە دوای خول بەجێی دەهێشت بۆ خولەکانی داهاتوو بەو هیوایەی بە سازانی سیاسی یەکلابکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە:" بەرپرسان و ئەندامانی پێشووی پەرلەمان دەڵێن کە ژمارەی رۆژەکانی پشوو لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتووەتە ١٠٥ رۆژ و لە ٢٠٢٢دا بەرزبووەتەوە بۆ ١١٠ رۆژ، ئەویش بەوپێی حکومەت بڕیاری لەسەرداوە، ئەمە بەدەر لە هەژمارکردنی رۆژانی هەینی و شەممە کە پشووی فەرمین".
عەربی جدید دەڵێت حکومەت بە میزاج رۆژەکانی پشوو دیاریدەکات، بەبێ ئەوەی گرنگی بدات بەوەی چەندێک کاریگەری لەسەر وڵاتەکە دەبێت، کە بەهۆیەوە مامەڵە فەرمییەکان لە فەرمانگەکانە و دادگا و خوێندنگەکان و هەموو سێکتەرەکانی دیکەدا دوادەکەون.
باسی لەوەش کردووە:" بەپێی یاسای عێراق، دەسەڵات دراوەتە حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان لەکاتی پێویستیدا پشوو بۆ دانیشتوانی پارێزگاکان رابگەیەنن، بەڵام ئەمە لە پارێزگاکاندا و بە هۆکاری جیا دووبارەبوونەوە بووەتە دیاردە".