پارتی، پارێزگاری کەرکوك‌و ڕیفراندۆم

د. عەبدولڕەحمان مەولود
  2019-07-09     1281
ڕازی نەبونی پارتی کە پاریزگارێکی کوردی بۆ کەرکوك دابنرێت نیشاندەدات پارتی لەجیاتی ئەوەی پەندو عیبرەت  لەشکست وەربگرێت تاکو دوبارەی نەکاتەوە، ئەو پیداگریی دەکات شکستەکەی خۆی بخاتە ملی یەکێتی.

پێموایە کەس نییە لەکوردستان ئەو ڕاستییە نەزانێت کە ڕیفراندۆم پرۆژەی لەسەدا سەدی پارتی بوو، هەروەها کەس نییە نەزانێت کە ئەم پرۆژەیە شکستیهێنا. هەر بۆیە، ڕاسترین هەلوێست ئەوە بوو، پارتی دان بەم شکستەوە بنێت و بەرپرسیاریەتەکەشی قبوڵ بکات، کەچی نەیکردو پێش ناچێت بیکات. 

دانپێنان بەشکست بەتایبەتیش لەکەلتوریی لای ئێمە ئاسان نییە، هەربۆیە پارتی بۆ خۆی لە میدیا چی دەلێت و چۆن ئەم بابەتە دەهۆنێتەوە مرۆڤ دەتوانیت تێگەیشتنی بۆی هەبێت، بەڵام هیچ لەو ڕاستیە ناگۆرێت کە پارتی بەرپرسی یەکەم و ئاخیری شکستی پرۆژەی ڕیفراندۆمە.

حیزبی سیاسی هەروەك تاکەکەسیش دەکرێت لەپرۆژەیەك و دوانیش شکست بێنیت و کۆتایی دونیاش نییە. بەڵام ئەگەر داندان بە شکستی پرۆژەکەی نەنێت، ئەو هەلەکان دوبارە دەکاتەوە.

گەڕان بەدوای هۆیەکان‌و سەرچاوەکانی شکست نەك هەر ئاساییە، بەلکۆ پێویستیشە بۆ ئەوەی لێی فێربین‌و ڕێگا لەدوبارە بونەوەی بگرین. مەسرور بارزانی لەچاوپێکەوتنێك لەگەل شاهۆ ئه‌مین لەکەناڵی ڕوداو سێ هۆ بۆ شکستی ڕیفراندۆم دیاریدەکات (https://youtu.be/ZQp3UOok1LM)

یەکەم، دونیا پشتی لە پێشمەرگە کرد، دوەم، تانکی ئەبرامزی ئەمریکی ، واتە چەکی ئەمریکی ، لە دژی کورد بەکارهات و تای تەرازوی هێزی بەلای عیراقدا خست، سێیەم هێزی یەکێتی شەری نەکرد.  ئەو دەلێ، چاوەرەوانی هیچ یەکێ لەمانەی نەدەکرد.  هەر خۆشی دەلێت بەلێ مەترسی (Risk) هەبو لەکردنی ڕیفراندۆم.

ئەم قسانەی مەسرور بارزانی نیشان دەدات کە پارتی دەرکی بە هەمو مەترسیەکان (Risks) نەکردیەوەو پلانی رووبەربوونەوەی هەمو مەترسیەکانیشی نەبوە بۆ پرۆژەکەی. بۆیە پارتی بۆ شکستی ڕیفراندۆم پێویستە خۆی بە بەرپرسیار بزانیت و نەك خەلکیتر. ئەوەندە بەسە کە ئەو دەلێ نەمان دەزانی ئەوەی پێشهات مومکنە ڕوبدات ؛ کە نازانی یان چاوەروان ناکەی دەبێت باجی نەزانیەکەت بدەیت.

چۆن گرنگە لە هۆیەکانی شکست تێبگەین تاکو دوبارەی نەکەینەوە، ئاواش گرنگە تێپەرێنین. بەلکۆ گرنگتر لە تێگەیشن لە هۆیەکانی شکست تێپەراندنیەتی.  واتە، بیخە دوای خۆت و بیر لە ئایندە بکەوە.  لە ئێستادا، پارتی چەقیوەو ناتوانێ شکستی ڕیفراندۆم تێپەربکات. لە کاتێکدا ئەگەر ووردبین بین لە قسەکانی مەسرور بارزانی، واتە بە روایەتی پارتیش بێت،  ئەو یەك لە سێی هۆیەکانی شکستی ڕیفراندۆم دەخاتە ملی یەکێتی، واتە دو لەسەر سێی بۆ بابەتیتر دەگەرێنێتەوە.
ئەوەی یەکێتی کردی لەکاتی هێرشی سوپای عیراق بۆ سەرناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕای من  کۆنترۆل دامج بوو (Damage Control). نەیان ویست ناوچەی سەوز وێران بکەن و پارتیش بێتە سەرحازری.

پاراستنی هەر پرۆژەیەك لە شکست  (Risk Management) بەسێ قۆناغە، قۆناغی یەکەم، خۆپارێزیە (Fault Prevention)، واتە ‌هەوڵ دەدەی هەمو پێداویستەکانی پرۆژەکە دابین بکەی بۆ ئەوەی شکست نەهێنێت. دوەم، چارەی شکستە (Fault tolerance or Fault Handling)، واتە لەکاتی دەرکەوتنی هەلەکان هەولی خێرای بدرێت بەچارەسەرکردن و بەرگرتن بەگەورەبوونی کێشەکان،   سێیەمیش (Control the Damage)،  کاتێكیش کە كیشەکان لە دەست دەرچوو،  دەبێت لە بیری ئەوە بێت ئەوەی دەکرێت ڕزگاری کەی.  بۆ نموونە،  پێویستە لەکاتی دروستکردنی بەربەستی ئاو هەمو هەولەکان بۆ ئەو بیت بەربەستەکە بەرگەی پالەپستۆی چاوەروانکراو و کراوی  زیادی ئاو بکات، ئەگەر بەربەستەکە دەرزی تێکەوت بە هۆی پالەپەستۆی زۆری ئاو  دەبێت بەزوترین کات چاربکرێت، خۆ ئەگەر بەربەستەکا ڕوخا، ئەوا دەبێت ئەوەی دەتوانی لە گیان و ماڵ ڕزگاری کەی.  ئەگەر  بە پێی بیردۆزەکانی ئیدارەی کێشەش بێت (Risk Management) ئەوا دوو قۆناغی شکستی پرۆژەی ڕیفراندۆم لە ئەستۆی پارتییە. یانی پارتی نە بەقسەی کەسی کرد کە ڕیفراندۆم نەکرێت، نە شەریشی کرد کاتێك سوپای عێراق هێرشی کرد سەر کەرکوك. 

ئایا دەکرا یەکێتی بەشێوەیەکی باشتر کاری بکردبایە؟ بێگومان دەکرا. بۆ نموونە، ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم بوون و ئامادە نەبوون شەری سوپای عیراق بکەن ، دەیانتوانی ئەم ڕایەی خۆیان پێش ڕیفراندۆم بە پارتی بگوتبایە، بەڕاشکاوانە بە پارتیان بگوتبایە ئەوان شەرناکەن لەکاتی هێرشی سوپای عیراق بۆ سەر ناوچەی سەوز. بەڵام ئەوانیش ئەم کارەیان نەکرد، چونکی نەیان دەویست بەرپرسیارەتی نەکردنی ڕیفراندۆم (ئەگەر پارتی لەم حالەتدا نەیکردبایە) بخەنە ئەستۆی خۆیان، یان ڕەنگە ئەوانیش چاوەرەانی ئەم هێرشەی عێراقیان نەکرد بێت. ئەمە هەلەیەکی گەورە بوو کە بەشێك لە یەکێتیەکان کردیان و پارتیان بەناحالی لە هەلوێستیان تێگەیاند (ـMiss informed).  بەڵام خۆ هەر بەشێك لە یەکێتیەکان هەلەیان کرد، ئەی ئەوە نەبوو هەمو دونیا بە بارزانی ووت ڕیفراندۆم لە ئێستادا مەکە، کەچی ئەو هەر کردی، ئەمە دایکی هەمو هەلەکان بوو.

پارتی پێویستە واز لە عینادی بێنێت و چارەسەرێك بۆ پارێزگاری کەرکوك بدۆزێتەوە.  چۆن لە عینادی کردن لەمەسەلەی ڕیفراندۆم هیچی قازانج نەکرد، عینادی لەسەر بەستنەوەی دانانی پاریزگاریكی کورد بۆ کەرکوك بە مەسەلەی ڕیفرادنۆم دەرهاوێشتەکانی هیچ قازانجی بۆ پارتی و خەلکی کوردستان نابێت. 

هەر چەند من پێم وایە هەلوێستی پارتی لەسەر ڕازی نەبوون بە کاندیدی یەکێتی بۆ پارێزگاری کەرکوك پەیوەندی بە ڕازی نەبوونی تورکیایە و بۆ دڵڕاگرتنی تورکیایە (زوو بێت یان درەنگ، لەجیاتی بێلایەنی، چەمانەوەی بێتامی پارتی لەبەردەم تورکیا زەرەی گەوەرە بە پارتی دەگەێنێت).  لەم بارەیەوە پێویستە پارتی ڕوون و ڕەوان بە یەکێتی بلێت تورکیا ڕازی نییە لە ئێستادا پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوك دابنرێت. پێویستە هەموان دان بەخۆدا بگرین تاکو فرسەتێکی لەبارتر دیتە پێشەوە. پێویستە پارتی لەم بارەیە هەلەی یەکێتی لە ناحالیکردنی بەرامبەرەکەی (Miss Informing) یان (Miss Communication) دوبارە نەکاتەوە.  ئەگەر ئەمەش ئەسلی بابەتەکە نییە،  مەسەلەی ڕیفراندۆم لە ئێستادا بووە بە بەشێك لە ڕابردو پێویست ناکات هەلومەرجی خراپی ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی هەرێم، بەتایبەتی کەرکوک و توزخورماتو،  بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت.  

لە مێژودا تەنها یەك فرەسەت نییە بۆ ڕیفراندۆم، ئەوانەی ڕاستگۆیانە لە خەمی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوون و هەن، دەبێت لە بیری چاککردنی ئەم هەلومەرجی ئێستادا بن تاکو بتوانین لە فرەستێکیتر ، بە ئامادەگی باشتر  هەولی ڕیفراندۆمێکی سەرکوتو بدرێت.  ڕۆژگار (Time) ڕاستی ڕوداوەکان وەك خۆی دەردەخات، ئیستا کاتی گونجاو نییە بۆ پێداچونەوە (Retrospective) و سزادانی کەس لەسەر شکستی ڕیفراندۆم. 
 
لە ئێستادا با هەموان لە بیری ئایندەدا بین، سزا بۆ ڕۆژانی داهاتو و  هەلسەنگاندنی ڕاست و دروستی بڕیاری ڕابردوش بۆ مێژوونوسان و ناوەندەکانی لێکۆلینەوە و ئەکادیمی لێگەرێین.  لە ئێستادا، ئەگەر یەك شت لە شکستی ڕیفراندۆم فێربین پێویستە ئەو شکستە تێپەرێنن و بیر لە ئایندەی پرگۆڕانکاری ناوچەکە بکەین و خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، کێشەی کەرکوك چارەبکەن و ناومالی کورد  پتەوە بکەن؛ پاریزگارێکی کورد دابنێن و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێكبێنن. 


پرۆفسۆری یاریدەر، عەبدولڕەحمان مەولود، 
زانکۆی لۆریە، واترلۆ، کەنەدا
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×