بکوژەکان کێن ؟!

بەشدار عوسمان
  2024-07-31   

ئەوانەن دەیان ساڵە فێری یاسا شکێنی دەکرێن،ئەوانەن پەروەردەکران گەندەڵی و تاڵانی و نەوت دزینیان لا ئاسایی بێت، ئەوانەن فێرکران ساردکردنەوەی لاشەی کەسانێک داوای ماف و ئازادی بکات،ئاساییە ! ئەوانەن جورئەتیان پێ بەخشین و خولیان بۆ کردنەوە گوللە بنێن بەدەمو سینگی گەنج و رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران، ئەوانەن شەقیان لەناو گەڵی ئەو مامۆستایانە کوتا کاتێک داوای کرێی وانەکانی خۆیان دەکرد، دواتر پەنادران.

 ئەوانەن بە تەسکیە و واسیتە کران بە دکتۆر و دادوەر و هەموو رۆژێک  ژیان و ئاسایش و تەندورستی و ئەمنیەتی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە،بازرگانە چاوچنۆکەکانی پاڵ دەستڕۆیشتووەکانن  هەموو ژەمێک ژەهر دەخەنە سەر سفرەی خەڵک، پاسەوانی ئەو بەرپرسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مناڵان و لەیاساش دەرباز دەکرێن، ئەوانەن لەجەبهەیەک بازرگانیان لەگەڵ تیرۆرستانی کرد و لەجەبهەیەکیتری مناڵی خەڵکیان بەکوشتدەدا،... هەموو ئەوانەیان کردە جەلاد و شەقوەشێن و ناسنامەیەکی دەزگایەکیان خستە گیرفانیان و بەهەرچی ناشیرینیە ڕاهێندران و لەکاتی ئەنجامدانی هەر تاوانێکیش داڵدەدەرێن و دراون. بکوژەکان، لە هەناوی سیستەمێکی ستەمکاردا گەورە بوون کە دژایەتیەکی سەرسەختی لەگەڵ دامودەزگای مەدەنی و یاسادا هەیە .

هەرگیز ئەو هەموو تاوان و ناعەدالەتیە جێگای قبوڵ نیە و نابێت بە ئاسایی و ئاسانیش گوزەربکات،ئەگەر رشتنی خوێنی کرێکارێکی وەکو کاکە ئاری نەبێتە ڕاچڵەکاندنی خەڵکی کوردستان،دەبێت هەموو چرکەیەک شاهێدی دیمەنی لەخوێنهەڵکێشانی باوک و برا و خوشک و هاوڕێی هەر یەکێکمان بین، بەدەستی ئەو چەکبەدەستە رێپێدراوانە.

ئەوەندە بەس نیە،مناڵانی بەرپرسان خاوەنی زانکۆن،بەڵام مناڵی خەڵک پارەی تەواوکردنی خوێندنی نیە، مناڵی خێزانە حکومڕانەکان خاوەنی یەختی بازرگانین لە دەریا و زەریا گەورەکانی دنیا، کەچی مناڵی خەڵک لەو دەسەڵاتە هەڵدیت و لەنزیکی یەختەکان دەخنکێت،زەوی لەشار و قەزا و نەما دەستی بەسەردانەگرن، داهاتی ئاسمان و ناخی زەوی دەبەن بۆ کوڕ و نەوە و گروپە مافیاکانیان، لەولاشەوە دەست لە کرێکارێکی ماندووش ناپارێزن و مێشکی دەپرژێنن.
لە کوێن ئەو هەموو مەلایەی لەگەڵ بینینی تەنورەتەکی کورت، دەمارەکانی ملیان دەردەپەرێت هێندەی هاواربکەن، بەڵام لەبەرامبەر رشتنی خوێنی ئەو هەموو کچ و کوڕە گەنجە بەناحەق، مێشێک میوانیان نیە ؟! کوا هەڵوێستی جدی ئەو هەموو هێز و لایەنە سیاسییە دەمدرێژی دەست کورتەی، هەرگیز نیشانی نادەن ئینسان و ئینسانیەت و ژیانی مرۆڤەکان لای ئەوان هێڵی سوورە .

مۆتەکەی ئەو دەسەڵاتە چەکبەدەستانە لە گەردەنی هەموومانە، دەستی ئەو چەقۆ وەشینانە لە ملی هەموو تاکێکی ئەو کوردستانە نزیکە، گرەوی نەڕشتنی خوێنی ئەو هەموو گەنجە جوانە و سارد نەبوونەوەی جەستەی ماندوویان، تەنها لە کۆتایهێنانە بەو دەسەڵاتە .
 

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×