کێ لە جادەیە ؟ کێ سەرپێچی دەکا ..؟

بەشدار عوسمان
  2020-04-04   
ئەوانەی دەیان ساڵە فێری یاسا شکێنی دەکرێن، ئەوانەی دەیان ساڵە بە پێشێلکاری ڕادەهێندرێن، ئەوانەی دەرس دران گەندەڵی و تاڵانی و نەوت دزینیان لا ئاسایی بێت، ئەوانەی واسیتەکارییان لە دامودەزگاکان کردە کەلتور، ئەوانەی فێرکران ساردکردنەوەی لاشەی کەسانێک داوای ماف و ئازادی بکات،ئاساییە، ئەوانەی جورئەتیان پێ بەخشین و خولیان بۆ کردنەوە گوللە بنێن بەدەمو سینگی گەنج و رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران، ئەوانەی شەقیان لەناو گەڵی ئەو مامۆستایانە کوتا کاتێک داوایی کرێی وانەکانی دەکرد، دواتر پەنادران، ئەوانەی بە تەسکیە و واسیتە کران بە دکتۆر و دەیانجار ژیانی خەڵک و کۆمەڵگایان خستە مەترسیەوە،بازرگانە چاوچنۆکەکانی پاڵ دەستڕۆیشتووەکان، پاسەوانی ئەو بەرپرسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مناڵان و لەیاساش دەرباز دەکرێن، ئەوانەی بازرگانیان لەگەڵ داعشکرد، ئەوانی بۆری نەوتیان کون کرد،... هەموو ئەوانەیان کردە جەلاد و شەقوەشێن و ناسنامەیەکی دەزگایەکیان خستە گیرفانیان و بەهەرچی ناشیرینیە ڕاهێندران و ئێستاش کۆنترۆڵ ناکرێن، گوێ بە ئاسایش و تەندورستی خۆیان و کۆمەڵگاکەشیان نادەن .
ئێمە بەهۆی کارە رۆژنامەوانیەکانمان دەبینین،خەڵکی ئاساییی چەندە خۆی و دەووروبەرەکەی لا گرینگە سەرەڕایی  کێشەی ئابوری و تەندورستی پابەندبونەکانی لە ئاستێکی چەندە بەرزە هەتاکو ئێستا، لەولاشەوە گوێشمان لە بازگەکانی پۆلیس و ئاسایش گرتووە چۆن گیریان خواردووە بە دەستی مناڵی بەرپرسان و پاسەوانی سێبەر و بندیواری و چاودێری ڤێلا و رەز و باخەکانیان .
خەڵک و کۆمەلگا، باجی بێ پلانی حکومڕانانی ٣٠ ساڵی رابردوو دەدات،باجی نەخوێندەواری و کورتبینی راوێژکارە حزبیەکان دەدات،قوربانی کادیرانێکە ساڵانێکە خەڵکانی ناڕازی و رۆژنامەنووسانیان بە دوژمن ناساند و خوێنیان حەڵاڵ دەکردن، باجی خێزانە حکومڕانەکان دەدات، هەرچی دامودەزگای مەدەنی و خزمەتگوزار هەبوو دایانشۆری لەهەموو یاسا و مەرجێکی دامەزراوەیی و پڕەسیپێکی ئینسانی و مەدەنی، لەسەر بنەمای خێل و خێزان هەیکەلی ئەو وڵاتەیان داڕشتەوە .
بێ ئومێدین لەوەی دەرس لەهەڵەکانتان وەربگرن، ئەو کۆمەڵگایە بویە تاقیگەیەک لەئەنجامی هەڵەکانی دەسەڵاتداران هەرچی ناخۆشی بوو بەسەریدا تاقیکرایەوە و باج و قوربانی گەورەیدا، توندکردنی رۆژنامەنووس هێمن مامند لەسەر پۆستێکی فەیسبوک بۆ ماوەی دوو هەفتەیە کە توڕەیی بوو لەبێ باکی حکومرانان بەرامبەر ژیان و گوزەرانی ئەو کۆمەڵگایە پڕ مەینەتیە، دوایین ئاماژە ترسناکەکەیە کە ئەو کۆمەڵگایە بەرەو ئاقارێکی تەندورستی هەنگاو هەڵناگرێ.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×