گومانی تێدانیە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا پێکەوە لەناو زەلکاوی گەندەڵیدا تا بینەقاقایان نقوم بوونە . پێموایە جۆرێک رێکەوتن لەنێوانیاندا هەبێت بۆ ئەوەی ئەگەر هەردوولایان شەریکە بەشیش نەبن ، بەڵام هەردووکیان چاوپۆشی لە یەکتر بکەن لەم مەسەلەیەدا . بە مانایەکی روونتر ( تۆ لای خۆت سامانی عیراق تاڵان بکە ) من دەنگ ناکەم ، تۆش بێدەنگ بە ( سامانی کوردستان تاڵان بکەم ) .دیارە هەر ئەوەشە تا ئەمڕۆ ئاستی گەندەڵی بە یەک پێوەر لە هەردوولادا بەرەو هەڵکشان دەچێت .
سەبارەت بەو تاڵانیانەی عیراق کە هێشتا هەڵمەتی دژە گەندەڵی لەیەکەم هەنگاویدایە ، بۆمان دەرکەوت کە بایی دوو تریلیۆن دۆلار پارەی عیراق دزراوە ، ئەمە جارێ سەرەتای یەک دۆسیەی گەندەڵییە و ، لەوانەیە دەیان تریلیۆنی تریش ئاشکرا بن ئەگەر پرۆسەکە بەردەوام بێت .
باری ئابووری خەڵکی عیراق بەشێوەیەک دارووخاوە کە زۆربەی شارەکانی عیراق بەدەست رمانی ژێرخانی ئابووری وخزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن سەرباری ئەم هەموو سەروەتو سامانەی دەوڵەت . لەچەندین شوێندا بینیومانە منداڵانی عیراق لەسەر بلۆک دانیشتوون لە قوتابخانەکانیان ، شەقامەکانی شارەکان بە بارانێک تووشی لافاوی وێرانکەر دەبنەوە ، وەزعی نەخۆشخانەکان لەوپەری خراپیدایە . لێرەدا هاوڵاتی عیراقی مافی خۆیەتی بپرسێ ، ئەو هەموو داهاتی تریلیۆن دۆلارە بۆ چۆتە گیرفانی چەند کەسانێکەوەو میللەتی لێ بێبەشکراوە ؟ . لای خۆشمان بارودۆخی هاوڵاتیانی کوردستان نەک وێرانەیە ، بەڵکو تەنانەت مووچەیەکی مانگانەشی پێ ڕەوا نابینرێ سەرباری ئەم هەموو باجو سەرانەی لێ وەردەگیرێ . کارەبا گرانە ، بەنزین گرانە ، ئاو گرانە ، باج زۆرە ، ئینجا بڕین ونەدانی مووچەشی هاتەسەر .
ولاتانی خەلیج بە هەموویانەوە داهاتی وڵاتی خۆیان لە خزمەتی خەڵکی وڵاتەکەیان سەرفکردووە . بۆ نموونە ئیمارات شێخ زاید لە بیابانێکی رووتەوە کردویەتی بە وڵاتێکی بارزگانی وگەشتیاری وەها گەورە کە ساڵانە ٢٠ ملیۆن خەڵک لەدونیاوە رووی تێدەکەن . قەتەڕ هەر هاوڵاتیەکی خۆی ئەگەر هیچ کارێکیش نەکات مانگانە ٣ هەزار دۆلاری بۆ سەرف دەکات و خزمەتگوزاری تەندروستی وئاو کارەباشی بە خۆڕایی دەداتێ . کوەیت لەئێستاوە ٣٠٠ ملیار دۆلاری پاشەکەوت کردووە بە ناوی ( سندوقی نەوەی داهاتوو) لە وڵاتانی دونیا وەبەرهێنانی پێ دەکات وسەرمایەکەی بۆ زیاتر ببێ .سعودیە بەرەو هەڵسانەوەیەکی مێژوویی دەڕوات خەریکە وڵاتەکە لە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی فیکری کۆنەپەرستی سەلەفی وتەکفیرییەوە دەگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی هاوشێوەی ئەوروپی و دەیان وسەدان پرۆژەی گەشتوگوزاری دەستپێکردووە .
هاوڵاتی هەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی بپرسێ : ئەی کوا خۆشگوزەرانی ئێمە بەم هەموو سەروەت وسامانەی هەمانە ؟. بۆ دەبێ کوڕی بەرپرسێک خاوەن ملیاران دۆلار بێت ، بەڵام خانەنشینێک مووچەیەکی پێ ڕەوا نەبینرێ ؟. بۆ دەبێ منداڵانی بەرپرسان بە ملیۆنان مەتر عەرزەی هەبێ ، هاوڵاتیش پەنجا مەترێکی نەبێ سوکنایەک بۆ منداڵەکانی دابین بکات ؟. بۆ هەرێم ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردە دەکات بەڵام یەک بەرمیل نەوتی زستانەی پێ نەدرێتە هاوڵاتیەکانی خۆی ؟ بۆ ملیاران دۆلار ساڵانە داهاتی حکومەتە ، بەڵام وەزارەتی داراییەکەی ١٢٠ ملیار دیناری تیا نەبێت بینێرێتە بەغدا بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی ؟. خۆ ئێمەی هاوڵاتیانی کوردستانیش ئەگەر وەکو وڵاتانی خەلیج ژیانمان زامن بوایە و پەرۆشی حکومەتەکەمان بە چاوی خۆمان ببینیایە ، ئەو کاتە ئێمەش چاوپۆشیمان لە دزی و گەندەڵیەکانی بەرپرسیاران دەکرد . خوای دەکرد کوڕو نەوەکانی ئەوانیش نەک ئەسپو سەیارەی کادیلاک ورانجرۆڤەر بە ملیۆنان بکڕن ، شەڵڵا ئەوانیش وەکو میرەکانی خەلیج یانەی وەرزشی ئەوروپاشیان دەکڕی ! .تاوانەکە لێرەدایە کە ئەوان هەموو شتێکیان لە ئێمە سەندووە و بەغیلی بە نانو قووتیشمان دەبەن !.
ئەم ناعەدالیەتە خەڵکی لەم دەسەڵاتە تووڕە کردووە بۆیە هەموویان چاویان لەوەیە رۆژێک دابێ کەلەپچە بکرێتە دەىستی بەرپرسانی هەرێم وەکو ئەوانەی بەغدا بۆ ئەوەی ئەوانیش ریسوای دونیاو قییامەت بن .چش لە قەوارەیەکی سەربەخۆ ئەمە بەرهەمەکەی بێت .