ئەمریکا قەرزاری چی (کورد)ە؟

جەواد سەعید
  2026-03-06     258

ماوەیەکی زۆرە، قسەیەکی ناسیاسی و نالۆجیکی سیستەمی نوێی  ئابوری جیھان، لەلایەن ھەندێ سیاسەتمەدار و شرۆڤەکاران لەسەر ململانێی زلھێزەکان لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لەسەر جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئێران، ئەویش ئەوەیە ”ئەمریکا بەدوای بەژەوەندییەکانی دەگەڕێ و خیانەتی لە کورد کردییە” ئەم قسەیە ھەم تێنەگەیشتنە لە ئامانجی زلھێزەکان لە ناوچەکەو سیستەمی تازەی ئابوری جیھان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتە ھاوپەیمانەکان، ھەمییش بێ مروەتییە بەرامبەر پشتگیری و ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ کورد!
با بزانین ئەمریکا خیانەتی لێکردوین یان خۆمان خیانەتمان لە خۆمان کردوە؟
١- یەکێتی و پارتی لە کۆتایی ھەفتاکانەوە، لە شاخ  شەڕی خوێناوی یەکدییان کرد تاکو ناوەڕاستی ھەشتاکان، تەنیا لەسەر یەکتر قبوڵنەکردن و ھەیمەنەی دەسەڵاتی سەربازی لە سەر شاخ و لادێکان. لە کاتێکدا ئێران و عیراق لە شەڕێکی قورسی ھەشت ساڵەدا بون. ئایا ئەمە چی پەیوەندییەکی بە خیانەتی ئەمریکاوە ھەیە؟
٢- کە شەڕی نێوان عیراق و ئێران وەستا، حکومەتی عێراق ھێرشی فراوانی بۆسەر کوردستان دەستپێکردو ھەموو ھێزە کوردیەکانییان لەو ناوچانە دەرکرد کە یەکێتی و پارتی شەڕیان لەسەر دەکرد، یەکێتی بارەگای لە قاسمەڕەش دیوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان داناو پارتیش لە ڕاژان.
٣- ساڵی (١٩٩٠) سەدام حسین، ھەڵەیەکی کردو کوێتی داگیر کرد، ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا سوپای عیراقیان لە کوێت دەکرد. لە ئەنجامی تێکشکان و لاوازی سوپای عیراق، ڕاپەڕین سەریھەڵدا، یەکێتی و پارتیش شارەکانیان کۆنتڕۆل کرد. دوای کەمتر لە مانگێک حکومەتی عێراق ھێرشی کردە سەر کوردستان و شارە ئازدکراوەکانی داگیر کردەوە، ئەمریکا ھاتە سەخەت و ھێڵی (٣٦) بۆ کورد کێشا، سەرەنجام ئەو حکومەت و پەرلەمانەی ئێستای لێ بەرھەم ھات. ئایە خیانەتی ئەمریکا لە کوێ و لە چیدایە؟
٤- دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، دیسان یەکێتی و پارتی شەڕێکی ماڵوێرانکەریان دژ بەک بەرپاکرد، کە تاکو ئێستاش کاریگەریە سلبییەکانی بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە ماوە! ئەری بۆ ئەمریکا خیانەتی لە کورد کردووە؟
٥- دوای ڕوخانی سەدامیش، ئەمریکا پاڵپشتی لە سیستەمی فیدڕالی کرد، چەندین ساڵیشە مانگانە بە (٢٠) ملیۆن دۆلار ھاوکاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات داوا دەکات ھێزێکی نیشتیمانی دروستبکەن پەرلەن کارا بکەنەوە و حکومەت پێکبھێنن، کەچی دەستی دەستی بە ئەمریکا دەکەن و ئامۆژگارییەکانیان بە ھەند وەناگرن. دەمەوێ بزانم ئەو ھاوکاری و ھەماھەنگی و پشتگیرییەی ئەمریکا بۆ باشور خیانەتە لە کورد؟
٦- لە کاتی ھێرشی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ئەمریکا نەبوایە ئەو ئەزمونەشمان لە دەستدەدا. ڕاستە ئەمریکا بەرگری لە بەژەوەندییەکانی خۆی کرد بەڵام کوردیشی پاراست، ئێ خۆ نەھاتبو  بەرگری لە فەیلەسوف و زانا ئەتۆمییەکانی کورد بکات. منەتی چی بەسەر ئەمریکا بکەین کە لە شەڕی داعش ھاوپەیمانیان بوین، شەڕەکە ھی ئێمە بو بیکەین ھاوکاری ئەمریکاش نەبوایە ئەو شەڕەمان  پێنەدەکرا. با یەکێک بۆم ڕوونکاتەوە ئەوەی ئەمریکا کردی خیانەتە یان پاڵپشتی کوردە؟
٧- لە ڕۆژئاواش، ئەمریکا چەندین ساڵە ھاوکاری کورد دەکات، ڕاستە کوردانی ڕۆژئاوا ھێزێکی بە پرینسیپ و شەڕکەریان ھەیە بەڵام گەر بەرگری کوردانی ڕۆژئاوا و فشاری ئەمریکا و دۆستەکانمان نەبوایە، تورکیا کۆتایی بە ئەزمونی ڕۆژئاوا دەھێنا. ناکرێ ئەمریکا ھاوکاریت بکاو بەرگریت لێبکاو داواکارییەکیشی ھەبێت بڵێی من بێلایەن دەبم، ئەوە لە سیستەمی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی دنیای ئێستا جێی نابێتەوە.
٨- ئێستاش، بەھۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەرفەتکی مێژویی ھاتۆتە پێش بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان. لەمێژوی کوردا نەبووە سەرۆکی زلھێزێکی وەکو ئەمریکا قسە لەگەڵ سەرۆکی حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکا و داوای ڕوخانی ئێرانیان لێبکا  ئەوانیش بڵێن دۆخەکە ھەستیارەو بێلایەنی ھەڵدەبژێرین، ئەی دەتەوێ لە ئوردگاکانەوە خودموختاری وەرگری یان چاوت لەوەیە بێ قوربانی لەو شەڕەدا لەگەڵ ئەمریکا  بچیە سەر میزی داواکارییەکان و مافەکانی خەڵکی ڕۆژھەڵات. جا ئەوکاتیش بڵێن دیسان ئەمریکا خیانەتی لە کورد کرد. 
ئایا ئێوە بە ھەزاران کیلۆمەتر لە ڕووداوەکانەوە دورن؟ ئایا  ئێوە خاوەنی حکومەت و تەکنەلۆجیای جەنگ و ئابوری سەربەخۆن؟ 
ئاخر ئێوە چیتان ھەیە لەدەستی بدەن جگە لەھەندێ بارەگا لە 
چییاکان. کەواتە مادام ئێوە بێلایەنن ئەی کارتان چییە؟

ئێستاش ئەگەر چاوی ئەمریکا دیار نەبی، عیراق پەلاماری کوردستان دەدا، لای حکومەتی ھۆزو مەزھەبگەرایی، دەستورو فیدڕالی و ماف،   قسەو وەرەقەیەکی بێ ئەرزشە.
بێلایەنی ئەوجارەی کورد لەو شەڕەدا ڕەنگە ببێتە لەدەستدانی متمانەی دۆستەکانمان و بکەوینە بەر غەزەبی برا موسلمانەکانی تورک و عەرب  و فارس.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×