"واعظ، پاسوێردی بەکارهێنانی تاکی کورد"

زانیارقادر
  2026-01-25     666

"کلودیوس جەیمس ڕیچ" یەکێکە لەو گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسانەی هاتووەتە عێراق، لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: کاتی پێگەیشتنی میوە بوو کە چوومە یەکێک لە ئاواییەکانی باشوری کوردستان، بینیم میوەکان پێگەییوون، تەنانەت هەندێکیان بەرەکانیان هێندە گەییبوون بەربووبوونەوە و کەوتبوونە بن درەختەکان، بەڵام کەس نەدەچوو بیانڕنێت، منیش پرسیم بۆچی بەری ئەو درەختانە ناڕنن، خۆ گەر نەیانڕنن دەگەنن و دەڕزن. دەڵێت وەرزێڕەکانیش لە وەڵامدا وتیان: "شێخ دەڵێت هێشتا پێنەگەیشتوون و ماویانە." ڕیچ دەڵێت بەوە تێگەیشتم، نەتەوەیێک ئامادەنەبێت بێ پرسی پیاوانی ئایینەکەی میوەی دەرەختەکانیشی بڕنێت، ئەوا گەر کەسێک بیەوێت کار لەسەر ئەم نەتەوەیە بکات و ڕامیان بکات و بەکاریان بهێنێت، بەر لە هەر شتێک پێویستە پیاوە ئاینییەکانیان لە خۆی نزیک بکاتەوە.

لەم سۆنگەیەوە، زۆرجار دوژمنانی کورد لەپێناو جڵەوکردن و کپکردن و لەباربردنی بزاوتە نەتەوەییەکانی کورددا، بەر لە هەرشتێک بیریان لە کەویکردن و ڕامکردنی ڕەمز و پیاوە ئاینییەکانی ئەو نەتەوەیە کردووەتەوە و، هەوڵیانداوە لە خۆیانیان نزیک بخەنەوە، کە لە ڕاستیدا هەر کورد نییە، کە لە ڕێگەی ئایینەوە هەوڵی جڵەوگیرکردنی دراوە، بەڵکو بە درێژایی مێژوو هەمیشە دەسەڵاتە ستەمکارەکان لەپێناو داپۆشینی لارولەوێریی شێوازی فەرمانڕەواییان، یاخود بەخاتری قۆرخکردن و مانەوەیان لە لوتکەی قوچەکی دەسەڵاتدا و، ڕەواییدان بە کەڵکەڵەی هەژموونگەری و پاوانخوازییەکانیان، هەوڵیانداوە کەڵک لە ئایین وەربگرن یاخود ڕاستتر بڵێین ئایین بەکاربهێنن.

 لە مێژووی بابلییەکاندا ئەوە دەبینین، کاتێک پاشا هەڵدەبژێررا، یەکەم ڕۆژی هەڵبژاردن پاشا بە پۆشاکێکی شاهانە و هاوشانی پەیکەری خواوەندی "مەردۆخ"، لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەردەم خەڵکدا بەرەوە کۆشکەکەی بە شەقامەکاندا تێدەپەڕی، ئەوەش ناڕاستەوخۆ وەک ئاماژەیێک، کە پاشا ئەو دەسەڵاتەی لە خواوەند وەرگرتووە، بۆئەوەی گوێڕایەڵیکردنی پاشا وەک ئەرک و سروتێکی ئایینی تەماشابکرێت. ئەسکەندەری مەکدۆنیش کە یەکەمجار هاتە ئێران زانیی کە فارسەکان پاشاکانیان بە خوا دەزانن و کڕنوشیان بۆ دەبەن، بۆیە لە گەڕانەوەیدا بۆ یۆنان دەستێک پۆشاکی پاشاکانی لەگەڵ خۆیدا بردەوە و، لە کۆشکدا لەبەری کرد تا خەڵکی یۆنان کڕنوشی بۆ بەرن، بەڵام مێژوو دەڵێت کە ئامادەبووان ئەمەیان بینی زۆر بە ئەسکەندەر پێکەنین و پێیان گوت، "قوربان ئەم خووە بۆ یۆنانییەکان نابێت، ئەوە تەنیا بۆ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتییە."

لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، زۆرێک لە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتە ستەمکارەکانی وڵاتانی ئەوروپا، پەنایان بۆ وتە و پاساوە ئاینییەکانی کەسانی هاوشێوەی "ڕۆبەرت فیلمەر" و قەشە "پۆڵس" دەبرد، کە بەردەوام ئەو کەسانە بە نێوی کڵێسا و ئایینەوە پاکانەیان بۆ دەسەڵات دەکرد و، ڕەوایێتییان بەو دەسەڵاتە دەدا کە لەژێر پەردەی ئاییندا خەڵکیان دەچەوساندەوە.

کەواتە ئەم داوە تەنیا کوردی پێوە نەبووە، بەڵکو تەپکەیێکە زۆرجار بۆ گرتن و ڕاوکردنی هەموو مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و بۆ کوردیش بەتایبەتی بەکارهێنراوە، بەڵام ئەوەی کورد لە نەتەوەکانی دیکە جیادەکاتەوە لەم بابەتەدا، ئەوەیە کە نزمیی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و، کەوتنە ژێر کاریگەریی گوتارێکی عاتفی و سۆزگەراییانەی ئایینی، لای تاکی کورد بەراورد بە نەتەوەکانی دیکە، وای کردووە کورد درەنگتر لەو پیلانە تێبگات، کە نەیارەکانی لەژێر پەردەی ئاییندا دایانڕشتووە، هەر بۆیە لەکاتی گونجاوی خۆیدا بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرەکەیدا نەگەڕاوە، لەکاتێکدا نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە زوتر لە کورد درککیان بەم کێشەیە کردووە و، توانیویانە ئایین وەک ڕەگەزێکی گرنگی کولتوری، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی خۆیاندا بخەنەگەڕ و، وا بکەن ئایینیش لە شوێنی خۆیەوە و لە ڕەهەندە مرۆییەکەیەوە بتوانێت لە سوککردنی کۆڵی سەرشانی تاکەکانی ئەو نەتەوانەدا بەشداریی هەبێت، کە بەدڵنییاییەوە یەکێک لە ئەرکە ڕاستەقینەکانی ئایین هەر ئەمەیە، کە ناڕەحەتییەکانی سەرشانی مرۆڤ چ لە ڕوی دەرونی و چ لە ڕوی جەستەییەوە سوک بکات، نەک بە پێچەوانەوە.

هەرچی پیاوانی ئایینیشن لە نێو کورددا، لە لای خۆیانەوە، لە بەرخوردکردنیان لەگەڵ پرسە ئایینییەکاندا، بە پێچەوانەی پیاوانی ئایینیی نەتەوەکانی دیکە ڕەفتاریان کردووە، لەوەدا کە هەمیشە بەشێک لە پیاوانی ئایینیی کورد، لەبری ئەوەی ئایین بکەن بە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی برینی لە مێژینەی جەستەی میللەتەکەیان، هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئایینەوە خەڵک لەگەڵ ئازارەکاندا ڕابهێنن و، فێریان بکەن چۆن ئازارەکان بە بچوک بگرن و، لەجیاتی هەتوانکردن و ڕوبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، شێوازەکانی ئارامگرتنیان بە نەتەوەکەیان ناساندووە.

هەڵبەت لێرەدا بۆئەوەی هەڵە تێگەیشتن دروست نەبێت، ئەم ڕەخنەیە نە ڕوی لە خودی ئایینە و، لە هەمان کاتیشدا نە ڕوی لە تەواوی پیاوانی ئایینییە، چونکە ئەم ئایینە چەندین خزمەتی بە میللەتی کورد کردووە و، لە بوارەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایێتی و ئاکار و ئەدەب و چەندین کایەی دیکە، دونیایێک شتی جوانی بە کورد بەخشیوە و، لە بواری مرۆییشدا ئایین بۆتە ماکی دروستبوونی چەندین کەڵەپیاو و نوسەر و وێژەوان و شاعیر و شارەزا لە نێو ئەم نەتەوەیەدا. ئەم ئایینە "نالی"ی بە کورد بەخشیووە، کە ڕوخاندنی میرنشینی بابان لە لایەن خەلافەتی عوسمانییەوە، میرنشینێک کە سەرەڕای ئەوەی خاوەن شوناسێکی ئیسلامیی پەتی نەبوو، وای لێدەکات لە ڕێگەی گەڕانەوەیەوە لە حەجەوە چاوی بەرایی نەدات بێتەوە سلێمانی و شارەکەی بە داگیرکراوی ببینێت، بۆیە هەر لەوێوە سەری خۆی هەڵدەگرێت و لە ئاوارەییدا سەردەنێتەوە.

لە کایەی سیاسیشدا، ئایین سەرکردەی وەکو، شێخ عوبەیدوڵڵا و، شێخی پیران و، قازی، یاخود مەلیک مەحمودی پێ داوە، کە سەرەڕای پاشخانە ئاینییەکەی کەچی لە هەمبەر ئەگەری نکوڵیکردنی مافی میللەتەکەیدا، مەلیک لە کۆتایی هۆنراوەیێکیدا ڕودەکاتە عەرەب و دەڵێت:

"گەر مانعی حقوقی کوردبن عەرەب.... بێ شک ماضی نوێژەکانم بە کوردی قەزادەکەم."

لە بەرانبەردا، ئەم ڕەخنەیە بەرۆکی هەندێک لەو ئاییندار و بانگخواز و پیاوە ئایینییانە دەگرێت، لە نمونەی؛ مەلای بەدلیسی لە باکوری کوردستان و مەلای خەتێ لە باشور و هاوشێوەکانیان، کە لەژێر ساباتی ئەو ئایینەدا پاپۆکەیان خواردوە و، نەیار و دوژمنانی کورد توانیویانە بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان بهێنن. ئەمانە بە پێچەوانەی ڕێچکەی نالی و مەحوی و پیرەمێرد و حاجی قادر و شێخ سەعیدی پیران و نەوڕەسی و مەلای گەورە و چەندانی دیکە، هاتوون کەوای سوڵتانەکانی عوسمانییان بە خۆیاندا داوە و، لە بەرژەوەندیی بێگانە دژ بە بەرژەوەندیی میللەتەکەیان فتوایان داوە و خزمەتیان بە ئەغیار کردووە، کە لە ئەمڕۆشدا هەندێک کەس لە ژێر ناوی مەلا و بانگخواز و تەنانەت پارت و بزاوتی سیاسیدا ئامادەگییان هەیە، کە درێژەپێدەری هەمان ئەو تێگەیشتنەن بۆ ئایین و، بە مەبەستەوە بێت یاخود بێ مەبەست، لە ئاگاییەوە بێت یان بێئاگایی، ئەو ڕۆڵە دەگێڕن کە لە ڕابردودا لەلایەن ناحەزانی کورددەوە پێیاندراوە، کە دەتوانرێت نمونەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، لە چەندین وێستگەی سیاسیدا ببینرێت، لەوانەش:

لە باکوری کوردستان و، لەسەرەتای ساڵانی دو هەزارەکانەوە هەتا دوا هەڵبژاردنیش، چەندین پارتی ئیسلامی و پیاوی ئایینی و بانگخواز لە کوردستانی تورکیا و پارچەکانی دیکەشدا هەبوون، کە لە ڕێگەی خستنەپاڵی تۆمەتی مارکسیبوون و دژەئایینبووندا خەریکی ناوزڕاندن و ناشیرینکردنی پارت و کەسە سیاسییە کوردییەکانی باکور بوون و، بەردەوام هەوڵیانداوە کە دەنگدەری کورد لەو شارانە دەنگ بە پارتە کوردییەکان نەدات و، لە بەرانبەردا دەنگ بە "ئاک" پارتی و ئەو ئۆردۆگانە بدات، کە لە ئێستادا هەمان ئەو ئۆردۆگانە بە ڕەزامەندی و هاوئاهەنگیی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە لە نێویشیاندا ئیسرائیل، هێزێکی ئیسلامیی توندڕەوی هێناوەتە سەر خۆرئاوای کوردستان و، لەژێر ناوی "فتح" دا، کوردستان داگیردەکات و بێبەزەییانە خەڵکەکەی دەکوژێت.

لە باشوری کوردستانیش لە دەیەی ڕابردوودا، لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا، چەندین بانگخواز و پیاوی ئایینی، بە هەمان ڕیتم و تۆمەتی پێشو خەڵکیان لەو بزوتنەوەیە تەکاندەوە و، ئاویان کرد بە ئاشی یەکێتی و پارتیدا. لە کاتێکدا ئامانج لە دروستبوونی ئەو بزوتنەوەیە، بریتیبوو لە چارەسەرکردنی پرسی گەندەڵی نەک دژایێتی بیروباوەڕێکی ئایینی.

لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، هەر لەگەڵ دەرکەوتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەند پارتێکی کوردیی دیکە لەو وڵاتە، لەلایەن هەمان ڕەوتی بیرکردنەوەوە، هێرشێکی ڕێکخراوەی مەترسیدار نەک لەسەر ئاستی پیاوی ئایینی، بگرە لەسەر ئاستی حیزبیش لە دژیان خرایەگەڕ.

لە پەیوەند بە ڕوداوەکانی ئەم دواییانەی کوردانی سوریاش، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، بەرلەوەی ئەو کۆدەنگییە دروستبێت، چەندین بانگخواز و لایەنگر و هەوادار و، تەنانەت مەلا و پیاوی ئایینیش کە ئاخێوەری ئەم جۆرەن لە ئایینداری، بە ئاشکرا و بێپەروا لەسەر میمبەر و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایێتییەکاندا، بەردەوام خەریکی دژایێتی و داشۆرینی بزوتنەوە کوردییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان بوون.

 جا هەرچەندە ئەمانە هیچ لە بیرکردنەوەکانیان نەگۆڕاوە، بەڵام لە ئێستادا لە ترسی ئەو کۆدەنگییەی بۆ پشتیوانیی کوردانی ڕۆژئاڤا دروستبووە و، لەپێناو خاوکردنەوەی ئەو توڕەییەی خەڵک کە لە پەرچەکرداری نەنگیی بۆچوونەکانیان و لاوازیی هەڵوێستەکانیان لە دژیان سەریهەڵداوە، یان خۆیان کوژمەڵەکردووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە تا دەرنەکەون، یاخود کەوتوونەتە هێنانەوەی کۆمەڵێک پاساوی لاواز و بێڕێوجێ. کە زۆرجار بەڵگەکانیان دژپێک و دژبەری بنەماکانی خودی ئەو ئایینەشە کە ئەوان تەنیا بە هی خۆیانی دەزانن و، پێیان وایە تەنیا ئەوان داکۆکیکارن لێی. تەنانەت هەندێکجار لاوازیی بیانو و پاساو و عوزرەکانیان بۆ قوتاربوون لەو تەڵزگەیەی بەدەستی خۆیان، خۆیانیان تێخستووە، لە قەباحەت خراپترە.

هەرچەندە ئەوانەی خاوەنی ئەم جۆرەن لە بیرکردنەوە بەرانبەر بە ئایین کەم نین، لەلایێکی دیکەشەوە زۆرێکیان لە خەڵکی ڕەشۆک و سادەن، بەڵام ئەوەی جێی داخە لە نێو ئەوانەدا، مەلا و بانگخواز و کەسی دیاری وەکو بەڕێز پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغیی تێدایە، کە دەیتوانی لە باتی ئەم هەڵوێستانە بەهۆی پێگە ئایینییەکەیەوە ڕۆڵێکی باش لە زەقکردنەوەی دۆزی سیاسیی میللەتەکەی بگێڕێت، هەرچەندە بەڕێز قەرەداغی وەکو کۆمەکی مرۆیی "نەک سیاسی" درێغیی نەکردووە، بەڵام بەهۆی ئەم هەڵوێستانەیەوە زۆرجار گڕی لەپاوانی کارەکانی خۆی بەرداوە.

جا من لێرەدا دەمەوێت سەرپێیانە تەتڵەی هەندێک لەو پاساوانە بکەم، کە کەسانی نێو ئەم ڕەوتە ئایینییە دەیانەوێت لاوازیی هەڵوێستەکانی خۆیانی پێ داپۆشن و، پینە و پەڕۆی هەڵەکانی خۆیانی پێ بکەن، کە دیارترینیان دو پاساون، ئەوانیش:

یەکەم: ئەوان پاساوێکیان ئەوەیە؛ گوایە خەڵک لە ڕەخنەکانیاندا سوکایێتی بە ئایین دەکەن و، ئەوەی ئەمانیش دەیکەن جۆرێکە لە پەرچەکرداری ئەو سوکایێتییە. لە کاتێکدا زۆرێک لەو ڕەخنانەی خەڵک دەیگرێت ڕوی لە هەڵوێستی چەوت و نادروستی پیاوان و بانگخوازانی ئاینییە، نەک لە ئایین خۆی. خۆ ئەگەر جارێک ئەوەش ڕویدابێت، ئەوا دوبارە لە ئەستۆی پیاوانی ئایینی و ئەو کەسانە خۆیاندایە، کە بۆچوون و ئارەزووە کەسی و تایبەتییەکانی خۆیان بەئایین دەکەن و، بەرگێکی پیرۆزیان دەکەن بە بەردا و قسەکانی خۆیان هاوشێوەی فەرمایشتەکانی خوا وێنادەکەن.

هەموومان بیستومانە، زۆرجار پیاوانی ئایینی بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچونێکی خۆیان وتویانە؛ "ئەوە قسەی من نییە، قسەی خوایە." بەوەش خۆیان لەگەڵ ئاییندا تەماهی کردووە. جا کاتێک خەڵکێکی سادە و ئاسایی درک بە هەڵە و تێخیچان و نەپێکانی پیاوانی ئایینی و بانگخوازان دەکات لە بۆچونەکانیاندا و، لەولاشەوە لەبەر بێئاگایی و ناشارەزایی ئەو کەسانە بە خودی دەقە ئاینییەکان، وا دەکات کە ئەو دزێوی و ناشیرینییانەی لە پیاوانی ئایینی بینیویانە لایان ببێتە ناشیرینیی ئایینەکە خۆی، بۆیە لەبری پیاوانی ئایینی هەڵوێست دژ بە ئایینەکە خۆی دەنوێنن و بەوەش خۆیان دەخەنە هەڵەوە، کە لەو دۆخەشدا ئەوەی گوناهبارە هەر پیاوانی ئایینی و ئەو کەسانەن کە بەو جۆرە بەرخورد لەگەڵ ئایینەکەدا دەکەن، چونکە ئەوان بۆئەوەی خەڵک گومان لە لاوازی بۆچونەکانیان نەکات، هەوڵدەدەن قسەکانیان بە ئایین زاخاوبدەن و لێنەوەشاوەیی خۆیان بە ئایین سواخبدەن و، دەست و دەمی چەوری خۆیان بە ئاینەکە بسڕن و، دواجاریش بەهۆی خۆ خستنەپاڵ ئایینەکە ئەو تیرانەی بەرەو ئەوان هاوێژراوە بەر ئایینەکە دەکەون.

دووەم: پاساوێکی دیکەیان ئەوەیە، دەڵێن: "بۆچی خەڵک باسی کارە خێرخوازییەکانمان ناکەن، بەڵام گەر هەڵەیێک بکەین خەڵک لێمان دەکەنە قاو و هەرا، لە کاتێکدا پارتە عەلمانییەکانی دیکە چەندین هەڵە دەکەن کەچی کەس باسیان ناکات؟"

بۆ وەڵامی ئەم پاساوە، بەر لەهەر شتێک دەبێت بزانین، هەر هێزێک یان کەسایێتییێکی سیاسی، گەر بیەوێت بە میتۆدی بەراوردکاری لە نێوان خۆی و ئەوانی دیکەدا شوناسێک بۆ خۆی دابتاشێت. ئەوا بەڵگەی نەبوونی بێ شوناسیی خۆی ڕادەگەیێنێت، چونکە هەر کاتێک مرۆڤ لەبەر ڕۆشنایی ئەوانی دیکەدا بۆ مانای بوونی خۆی گەڕا، ئەوا لە نەبوونی ئەوانی دیکەدا هیچ مانایێک بۆ بوونی خۆی نامێنێتەوە.

ئەوە جگە لەوەی بەپێی یاساکانی لۆژیک، پەنابردن بۆ میتۆدی بەراوردکاری، بەڵگەی بوونی لێکنزیکی و خاڵی لێکچوونی بەشەکانی نێوان شتە بەراوردکراوەکانە، جا چ لە ڕوی جەوهەرییەوە بێت یاخود لە ڕوی ڕەگەز و تایبەتمەندییەکانەوە بێت. واتە ئەوەی حاشاهەڵنەگرە لە نێو ڕێساکانی لۆژیکدا ئەوەیە؛ هەرگیز دو شت بەراورد ناکرێن کە خاڵی هاوبەشیان نەبێت. بۆیە خراپترین شتێک کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن، یاخود کەسێکی سیاسی بیکات ئەوەیە، کە خۆی بخاتە نێو تای تەرازویێکە وە نەیارەکەشی بخاتە تایەکەی دیکەوە و، ئینجا داوا لە خەڵک بکات تا هەڵیبسەنگێنن و بزانن کامیان سەنگینتر و باشترە، کە لە وەها دۆخێکدا، لە باشترین حاڵەتدا جیاوازی نێوان خۆی و ئەوان، پێوەری چەندیێتی یەکلایی دەکاتەوە، نەک چۆنێتی، بەوەش جیاوازیی نێوان بابەتە بەراوردکراوەکان دەبێتە جیاوازی لە بڕدا نەک لە جەوهەردا.

بۆیە کارەساتە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن یاخود کەسایێتییێک خۆی بە خەمخۆری خەڵک بزانێت، کەچی بێت و بیەوێت باسکردنی ئەو دزێوی و گەندەڵییانەی دەسەڵاتێکی سیاسی و پیاوەکانی ئەنجامیان داون، بکاتە کەرەستەی بەسروشتیکردنەوە (تطبیع) و، ئاساییکردنەوەی دۆخی خراپی هەڵوێستەکانی خۆی و، بیەوێت ئەوە بکاتە کڵاوەڕۆژنەیێک بۆ بچوک پیشاندانی هەڵەکانی خۆی و، پێی وابێت مادام پارت و سیاسییەکانی دیکە زۆرێک گەندەڵییان کردووە، ئەوا ئاساییە ئەمیش کەمێک گەندەڵی بکات.

بە واتایێکی تر، ئەم لۆژیکە ناڕاستەوخۆ داوا لە خەڵک دەکات، لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی گەندەڵییەکانی ئەواندا، دەبێت گەورەبوونی قەبارەی گەندەڵییەکانی ئەمانیشیان قەبوڵ بێت. جا مادام ئەوان نیشتمان دەفرۆشن، ئەوا ئاساییە ئەمانیش لەگەڵ کڕیارەکانی نیشتماندا دۆستایێتی بگرن. مادام ئەوان ڕقیان لە خەڵکە، ئاساییە ئەمانیش دوژمنیان خۆشبوێت، مادام ئەوان قات و بۆینباخ و تەنورە و کابۆی ئەوروپییان بەلاوە پەسەندە، ئاساییە ئەمانیش دشداشە و عەگالی عەرەبی و پەچە و پۆشاکی تورکییان لە ڕانک و چۆغە و فەقیانە و کەوا و لەچکەی کوردییان بەلاوە جوانتر و پێ شەرعیتربێت، گەر ئەوان لەبەر غەربزەدەیی خەڵکی خۆیان بیر بچێتەوە، ئەوا ئاساییە ئەمانیش بەخاتری گێڕانەوەی خەلافەت لە خەمی خەڵکانی تردا بن.

بە کورتی ئەم پاساوە بۆ ئەوەیە پێمان بڵێت؛ مادام خەڵک لە ئێستادا لە بینین و باسکردنی گەندەڵییەکانی ئەواندا بڕستی لێ بڕاوە، کەواتە دەبێت وردە وردە خۆی ڕابهێنێت و، بەلایەوە ئاسایی بێت کە وردەگەندەڵییەکانی ئەمانیش ببینێت و نەیکات بە هەرا و وا نەزانێت کەعبە کەچ بووە و بەردە ڕەشەکە جوڵاوە. لەکاتێکدا خەڵک بۆیە خاڵی کۆتایی بۆ ئەوان داناوە و هاتۆتەوە سەری دێڕ، بۆ ئەوەی بزانێت ئەمانی تر چییان لە هەگبەدایە؟ کەچی ئەمانیش تازەبەتازە دێن و، بە گەورەیی گەندەڵییەکانی ئەوان، بچوکیی گەندەڵییەکانی خۆیان پاساو دەدەن و دەشەرعێنن.

جا هەرچەندە وەک ئاماژەمان پێدا، نکوڵی لەو ڕاستییە ناکرێت، کە ئەم پارت و ڕێکخراوانە بەگشتی و بەڕێز قەرەداغی و ڕێکخراوەکەی بەتایبەتی، لە ڕابردودا خزمەت و کۆمەکیان بە خەڵکی کورستان کردووە، بەڵام خەڵکیش مافی خۆیەتی بزانێت کە:

ئایا ئەوان لەبەرئەوە کاری خێرخوازییان کردووە، تا خەڵك لە هەمبەر هەڵەکانیان بێدەنگبن و، هەر دوژمن و بێگانەیێک کە لە بۆچون و ئایدیۆلۆژیای ئەوانەوە نزیکبێت، وەک فریادڕەس بیناسێنن و، هەر بزاوت و جوڵانەوە و کەسایێتییێکی سیاسیی کوردیش کە وەکو ئەوان بیرناکاتەوە بیکەن بەشەیتان و بە زەندیقی بکەن؟!

خەڵک دەزانێت، ئەو پارت و ڕێکخراوە ئیسلامییانە، لە نێویشیاندا بەڕێز مامۆستا عەلی قەرەداغی، بە قەت کورد بگرە زیاتریش خزمەتیان بە نەتەوەکانی دیکە کردووە، ئەدی بۆچی ئەو وڵات و بزوتنەوە سیاسییانەی کە نمایندەی ئەو نەتەوانە دەکەن، هەر لەبەر ڕێزی جەنابی دکتۆر قەرەداغی و ئەو نزیکییەی کە لە بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیادا لەگەڵ قەرەداغیدا هەیانە، هیچکات دەستیان لە کورد نەپاراست و، قەت دەستیان لە داگیرکاری و کوشتنی نەتەوەکەی بەڕێز قەرەداغی هەڵنەگرت، کەچی قەرەداغی گلەیێکی لێ نەکردن. بگرە زۆرجار ستایشی هەڵوێستەکانیشی کردون. بەڵام گەر حیزبێکی کوردی وێنەی ئەو لەگەڵ ئۆردۆگاندا بسوتێنێت، لای بەڕێزیان بە گومڕا و سەرلێشێواو ناوزەد دەکرێت؟!

خەڵک دەپرسێت، ئایا بەڕێز قەرەداغی دەتوانێت لە ئەگەری گوێنەگرتن لە داواکارییەکانی ئەو لەلایەن سیاسییەکانی دەوڵەتی سوریا و تورکیاوە، هەمان ئەو وشانەی کە بە سەرکردە کوردییەکانی سوریای وت، بە ئۆردۆگان و جۆلانی بڵێت؟! لە کاتێکدا ئەوان جیاواز لەسەرکردە کوردەکانی ڕۆژئاڤا، هاوشێوەی قەرەداغی خۆیان بە هەڵگری بیری ئیسلامی و ئیخوانی دەزانن؟!

خەڵک دەیەوێت بزانێت، ئایا پارت و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان و زۆرێک لە مەلا و بانگخوازەکان و لە نێویشیاندا ڕێکخراوەکەی بەڕێز دکتۆر قەرەداغی، بۆچی هەر کاتێک یارمەتی کوردیان دابێت لە ڕوانگەیێکی مرۆییەوە بووە و، هەرگیز وەک پرسێکی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ کارەساتەکانی کورددا نەکردووە. کەچی لە بەدەمەوەچوونی نەتەوەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئیسلامیدا، هەمیشە وەکو پرسێکی سیاسی و دواتر مرۆیی مامەڵەیان کردووە. سادەترین نمونەش، لە ڕاگەیاندن و لێدوانەکانی برادەرانی ئیسلامیدا بە دەگمەن کوژراوانی کوردانی رۆژئاڤا و باکوریان بە شەهید لەقەڵەمداوە، بەڵکو تەنیا وەک "کوژراو" باسکراون، ئەگەرچی لەپێناو داکۆکیکردن لە خاک و ئاوی خۆیان، خۆیان بەکوشتداوە، نەک داکۆکیکردن لە ئایدیۆلۆژیایێکی دیاریکراو. (لە کاتێکدا لە خودی دەقەکانی ئایینی ئیسلامدا، گەر کەسێک لەسەر خاک و ئابڕوی خۆی بکوژرێت بەشەهید هەژمارکراوە.)

لە بەرانبەردا، کوژراوانی غەزە (کە من خۆم باوەڕم بە ڕەوایی کێشەکەیان هەیە)، هەمیشە بە شەهید لە قەڵەمدراون، بگرە بەڕێز قەرەداغی هەندێکجار لە بەخاکسپاردنی جەندرمەی تورکیدا ئامادەگیی هەبووە و نوێژی لەسەر کردون.

خەڵک مافی خۆیەتی بزانێت، بۆچی کاتێک مەزڵوم عەبدی و شەڕڤانەکانی پابەندی ڕێکەوتنێک نابن، کە لە ناوەڕۆکدا و لە ڕاستیدا ڕێکەوتن نییە، بگرە سەپاندنی جۆرێکە لە خۆڕادەستکردن بەسەریاندا، کەچی بەڕێزیان نیگەرانی خۆی ناشارێتەوە و سەرکۆنەی دەکات؟! بەڵام لەهەمبەر لەشکرکێشیی سوپای ئەحمەد جۆلانیدا، جگە لە گوزارشتی:"پشتی ناگرم"، هیچ سەرکۆنەیێک و ئیدانەیێکی ناکات؟ یاخود لە بەرانبەر لەشکرکێشی و بۆمببارانکردنی چەندین ساڵەی شار و گوندەکانی باکور و خۆرئاوای کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە ورتەی لە زاری نایەتە دەرێ؟!

ئێمە هەموومان دەمانەوێت بزانین و لێت دەپرسین: ئایا هەرگیز بە تورکیا و جۆلانیت وتووە، ئەوەی ئێوە بەرانبەر بە کورد دەیکەین، ئیسلام پێی ڕازی نییە؟ پێتوتون لە ئیسلامدا داگیرکردنی خاکی کەسانی دیکە و کوشتن و ئابڕوبردنی خەڵک و کەزی و پرچ بڕینی ئافرەتەکانیان و سوکایێتیکردن بە دیلەکانیان، جا با ئەو خەڵکانە بێ باوەڕیش بن دروست نییە؟ ئایا قەت عەرزی بەڕێزیانت کردوە، کە خوا دەفەرموێت: "لَّا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُم مِّن دِيَارِكُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ (8) إِنَّمَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ قَاتَلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَأَخْرَجُوكُم مِّن دِيَارِكُمْ وَظَاهَرُوا عَلَىٰ إِخْرَاجِكُمْ أَن تَوَلَّوْهُمْ ۚ وَمَن يَتَوَلَّهُمْ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ"؟! (الممتحنة؛ آیة ٨،٩)

واتە: خوا ڕێگریتان لێناکات، کە لەگەڵ کەسانێک چاکە بکەن و لەناخی دڵەوە دادپەروەری بنوێنن، کە لەسەر ئایین لەگەڵتاندا بەجەنگ نایەن و، لە زێد و خاکی خۆتان وەدەرتان نانێن، بگرە خوا پێی خۆشە، بە کامی دڵ دادپەروەری بنوێنن لەگەڵیاندا. بەڵکو خوا ڕێگریتان لێدەکات لەوەی تەنیا لەگەڵ کەسانێکدا چاکە بکەن و دادپەروەری بنوێنن، کە لەسەر ئایین لە دژتان دەجەنگن و، لە خاک و ئاوی خۆتان وەدەرتان دەنێن و، بۆ وەدەرنانیشتان پشتی یەکتر دەگرن.

جا گەر ئەمانەتان نەکردووە، کەواتە دانیشن بە حاڵی خۆتانەوە و، پێغەمبەریش (د.خ) دەفەرموێت: "فلیقل خیراً أو لِیصمت."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×