"لە دەرەوەی وڵاتەکەم لەپێناو بەرژەوەندیی گەلەکەمدا هێندەم تاوان کردووە، گەر لەنێو وڵاتەکەمدا بمکردایە، هەموو تەمەنم لە بەندیخانەدا بەسەردەبرد."
"وینستۆن چەرچڵ"
پێمخۆشە لە سەرەتاوە ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە ئەو بیرۆکەیەی لەم نوسینە نوێیەدا باسی دەکەم، تێڕوانینێکی نوێ نییە، بەڵکو لێکەوتە و درێژکراوەی هەمان ئەو بۆچونەیە کە لە ژمارە "٦٠٧"ی، ڕۆژی "٢٤-٤-٢٠١٧"ی هەفتەنامەی "چاودێر"، لە پاشکۆی "ڕوانگە و ڕەخنە" دا، لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "ئەجێندای پشت فۆبیای ترمپ" دا، لە سەروەختی وەرگرتنی پێگەی سەرۆکایێتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ خولی یەکەم لەلایەن ترمپەوە بڵاومکردووەتەوە، کە تیایدا ئاماژەم بۆ بەشێک لەم بۆچونانەی ئێستا کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی هەمان تێڕوانین سەبارەت بە ترەمپ لە ئێستادا کەم تا زۆر لە ئارادایە، هەر بۆیە لەم بابەتەدا بەشێک لە پەڕەگرافەکانی ئەو نوسینە وەک خۆی دوبارە دەکەمەوە.
لە سەرەتاوە گەر لە بیر خۆمانی نەبەینەوە، ئەوا هەموومان لە یادمانە کە چۆن لە خولی یەکەمەوە و لە بەرایی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوە، وەک بەربژێرێک بۆ بوون بە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مانۆڕێکی گەورە بە ئاراستەی بەدێوکردنی کەسایێتی ترەمپ و پیشاندانی وەک پیاوێکی ترسناک و ناشارەزا لە کایەی سیاسیدا خرایەگەڕ.
مانۆڕی پشت ئەو ئەجێندایە، بە جۆرێک ترسی ئەم پیاوەی کردە بابەتێکی حاشا هەڵنەگر، کە ئاستەم بوو لەو کاتەدا دەزگایێکی ڕاگەیاندن بدۆزیتەوە ڕستەیێکی بۆ ئەو داڕشتنانە نەنوسیبێت کە بە سەردێڕ و ناونیشان و ناوەڕۆکەوە، هەمووی بە دەوری بابەتێکدا دەسوڕانەوە، کە بریتی بوو لە کردەی ناشیرینکردنی کەسێک کە وا بڕیار بوو ببێتە سەرۆکی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئەویش دۆناڵد ترەمپ بوو.
لەو نێوەندەدا کەسێک نەبوو لەبری دانانی خاڵێک بۆ کۆتایی دێڕەکانی ئەو داڕشتنانە، بوێریی ئەوەی هەبێت نیشانەیێکی پرسیار بخاتە سەر ئەو هەموو پەڕەگرافە پڕوپوچانەی کە حیکایەتی ترسناکی ئەو پیاوەی بۆ دەگێڕاینەوە، یاخود لانی کەم بتوانێت فەریکە گومانێک لە ڕاستیی ئەو هەموو گەڕەلاوژە و ئەو هەڵای ڕاگەیاندنە بکات کە بەو ئاراستەیەدا خرابوونەگەڕ.
هەر بۆیە لەو دەمەدا من پێمخۆشبوو هەڵوەستەیێک لە ئاست ئەو بیرکردنەوە باوەی، کە بە بۆچونی من ئەمریکا خۆی لە پشت ڕمودە و ڕەواج پێدانیەوە بوو بکەم. بۆ ئەوەی بتوانین لە گۆشەیێکی جیاواز و ڕوانگەیێکی پێچەوانەوە لەم پرسە بڕوانین و هەوڵ بدەین دیوی دووەم و ئەجێندا شاراوەکەی پشت ئەم هەڵمەتە درک بکەین، تا بزانین ئەمریکا بۆچی لەو ڕۆژگارەدا دەیویست و بگرە هەتا ئەمڕۆش دەیەوێت ئەم پیاوە بەم ڕوخسارە دزێوەوە بخاتە سەر تاختەی شانۆی سیاسی؟ یاخود بۆئەوەی بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا مەبەستی ئەمریکا لە پشت دروستکردنی ئەم وێنە تەڵخەوە بۆ ترەمپ چییە؟
من پێموابوو، ئەو هۆکارەی لە ڕابردووە وە تا بە ئەمڕۆ دەگات وادەکات سیاسەتی ئەمریکا بیەوێت بەو شێوە نابوتە وێنەیێک بۆ سەرۆکەکەی بکێشێت بێسەلیقەیی و کاڵئاوەزی ترەمپ نییە لە کایەی سیاسیدا بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەوە بەرنامە و پلانێکی ئیدارەی ئەمریکایە کە خودی سەرۆک ترەمپ وەک کارەکتەرێکی سەرەکی تیایدا ڕۆڵ دەگێڕێت، کە لەو پلان و پیلانەدا بەرژەوەندییەکانی داهاتوی ئەمریکا بەوردی داڕێژراون. جا یەکێک لە هۆکارەکانی چالاککردنی ئەو پلانەش لە سەروەختی هاتنی ترەمپدا دەگەڕایەوە بۆ ئەو شکستەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە لە ماوەی دو خولی سەرۆکایێتییەکەی خۆیدا ڕوبەڕوی ئەو وڵاتەی کردبووەوە، لەوەدا کە نەیتوانی بە ئاراستەی ئەو ئەجێندا ئیمپریالستییە هەنگاو هەڵ بگرێت کە لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگنی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکاوە داڕێژرابوو. پیلانێک کە لەو ژورانەی پشتەوە کە بە (think tank) ناسراون تاوتوێکراوە و ستراتیژە درێژخایەنەکانی ئەو وڵاتەی تیادا ڕەنگڕێژکراون و لەلایەن سیاسەتوان و بیرمەند و ئەکادیمیستەکانی ئەو وڵاتەوە گەڵاڵەکراوە و، واژۆی پشتگیریی دەیان ڕۆشنبیری دیاری ئەمریکا، لە نێویشیاندا فرانسس فۆکۆیاما و سامۆێل هانتگتۆنی بۆ کۆکراوەتەوە و لەو کاتەشەوە بە بەردەوامی کار بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت، کە ئەویش خۆ دەبینێتەوە لە سەپاندنی هەژمونی ڕەهای یەک هێزی گلۆباڵ بەسەر تەواوی جیهاندا.[1]
جا ئەم پیلانە درێژخایەن و دورمەودایەش، ئەوەندەی مەبەستی مل پێ کەچکردنی هێزەکانی دیکەیە لە ڕێگەی سیاسەتی بەگلۆبالیزەیشنکردنی جیهان و تێکشکاندنی سنورەکان لەبەردەم کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و سەپاندنی هەیمەنەی ڕەهای هێزێکی زەبەلاح کە خودی ئەمریکایە، هێندە پڕۆژەیێکی هاوبەش و پێکەوەیی نییە کە پەیکەڵکردن و سەرکەوتنی شانیدادابێتە سەر ڕادەی هاوکاریی هێزەکانی دیکە لەگەڵ ئەمریکا.
لەم سۆنگەیەوە، پیشاندانی ئەمریکا لە ڕابردودا وەک هێزێکی نەرم لە بەردەم هێزەکانی دیکەدا و، نمایشکردنی نائامادەگیی توانستی سیاسی و دبلۆماسیی ئەو وڵاتە لە یەکلاکردنەوەی کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا لە بەردەم ڕکەبەرەکانیدا، وەک خاڵێکی لاوازی هەر دو خولی سەرۆکایێتییەکەی ئۆباما لێی ڕوانراوە و بە هۆکاری پشت خاوکردنەوە و پاشەکشەپێکردنی ئەو ئەجێندایەی ئەمریکا لێکدراوەتەوە. چونکە وەک باسمکرد ئەمریکا لەدوای گەڵاڵەکردنی ئەو پڕۆژەیەوە دەیەوێت بە هەمان ئەو لۆژیکە مامەڵە بکات، کە فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتچە ئاماژەی بۆ دەکات. لۆژیکێک کە پێیوایە؛ مرۆڤ چەندە مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی نێچیرەکان بکات کاتێک لەدەست دڕندەکان هەڵدێن بۆ ئەوەی نەخورێن، هەر ئەوەندەش بۆی هەیە سەرزەنشتی دڕندەکان بکات کاتێک سەر نێچیرەکان دەنیشن بۆ ئەوەی بیانخۆن، چونکە هەردوکیان دەیانەوێت بژین و درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن.[2]
کورت و پوخت لەم ستراتیژەیدا لە ڕێگەی هێنانی ترەمپەوە، ئەمریکا ویستی جارێکی دیکە بە لۆژیکی هێز مانیفێستی بوونی خۆی لەسەر لەوحەی سیاسی پیشانی بەرانبەرەکانی بداتەوە. ئەو ویستی هەمان ئەو لۆژیکەی کە گلادیاتۆرەکانی یۆنان و سپارتا پەیڕەویان لێ دەکرد، ئەمیش جارێکی تر کەڵکی لێوەربگرێت. لۆژیکێک کە پێیوایە؛ "بەهێزەکان دەبێت ئەوە بکەن کە دەتوانن بیکەن، لاوازەکانیش دەبێت ئەوە بچێژن و بەرگەی ئەوە بگرن کە دەتوانن بەرگەی بگرن."[3]
ئەمە ناڕاستەوخۆ سروشتیکردنەوە (تطبیع)ی کولتوری خۆسەپاندنە لەلایەن خاوەن هێزەکانەوە، ئاساییکردنەوەی ئەو لۆژیکەیە کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆگ ئاماژەی پێدەکات کە دەڵێت: "بەهێزەکان فێری ئەوەمان دەکەن کە نابێت سەرکۆنەی دوپشک بکەین کاتێک پێوە دەدات، چونکە ئەوە سروشتی دوپشک خۆیەتی."
لێرەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەردا لەسەر بنەمای ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە بواری تەکنەلۆژیا بەتایبەتی تەکنەلۆژیای سەربازیدا بەدەستیهێناون دابرێژێتەوە، نەک لەسەر بنەمای لۆژیکێکی مجامەلەئامێز و دڵڕاگرتن و نەرمینواندن کە ئۆباما لە دو خولی سەرۆکایێتییەکەی خۆیدا فرچکی پێوەگرتبوو.
جا پاساوی ئۆباما هەرچییێک بووبێت، بەڵام ئەمریکا نایەوێت لە دەرگیربوونی لەتەک وڵاتاندا بەو شێوازە بەردەوام بێت، هەر بۆیە هاتنی دۆناڵد ترەمپی کردووەتە وێستگەیێک و ئاماژەدانێک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغە و دەستپێکردن بە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەلایەن ئەمریکاوە، کە لەسەر بنەمای دیدێکی نوێ بۆ کارکردن بەڵام لەپێناو خزمەتکردن بە ئەجێندا سیاسییە دێرینەکەی خۆی داڕێژراوە.
کەواتە دەرکەوتنی ترەمپ دورنییە هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت، لەپێناو دوبارە گیانکردنەوە بە جەستەی پڕۆژە دێرینەکەی ئەمریکادا و کەڵکەڵەی زیندکردنەوەی خەونی سەپاندنی هەژمونی خۆی بێت بەسەر سەرجەم هێزەکاندا بەگشتی و مل پێ کەچکردنی ئەو هێز و وڵاتانەی شوڵیان لێهەڵکێشاوە بەتایبەتی.
کاک فاروق ڕەفیق لە پەڕتوکی "پاکس ئەمریکانە"دا ئاماژەی بە شتێکی گرنگ کردبوو کە دەکرێت لێرەدا خزمەت بە بابەتەکەی ئێمە بکات، ئەویش ئەوەیە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا کۆنگرەیێکی بەست لەژێر ناوی "پڕۆژەیێک بۆ سەد ساڵی ئەمریکا". لێرەدا بە پشت بەستن بەم پێدراوە، دەکرێت بپرسین: ئایا وڵاتێک لەسەر بنەمای پڕۆژەیێکی وەها درێژخایەن داهاتوی خۆی داڕشتبێت و خوێندنەوەی بۆ سەدەیێکی ئایندەی خۆی کردبێت، دەکرێت کەسێک (بەم هەموو سەرشێتی و کاڵفامییەوە) وەک ئەوەی باسدەکرێت، هەلی بردنەوە و بوون بە سەرۆکی لە وڵاتێکی پەنجاو دو ولایەتیدا هەر وا بەئاسانی بۆ بلوێت؟!
دەکرێت بپرسین، ئایا ئەمریکایێک هێندە هاوڵاتیانی خۆی بۆ گرنگ بێت، کە ڕێگەنەدات پێکوتە و چارەسەرێک بەر لەوەی لەسەر ئاژەڵ تاقیبکرێتەوە بۆ هاوڵاتییەکانی بەکاربێت، تۆ بڵێی چارەنوسی سەدان ملیۆن مرۆڤی وڵاتەکەی ڕادەستی سەرۆکێکی "سەرشێت" بکات، وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا باسدەکرێت؟!
لەمەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ترەمپ نەک هەر کارەکتەرێکی ناچیز و بێسەلیقە نییە لە کایەی سیاسیدا، بەڵکو ئەو کەسەیە زۆر بەئاگاییەوە نمایندەی ستراتیژێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی لە مێژینەی وڵاتەکەی خۆی دەکات، هەر بۆیە بۆ ئەو گرنگ نییە ئاخۆ ڕۆڵی کەسێکی دزێو یاخود لێو بەخەندە لەسەر تەختەی شانۆی سیاسی دەگێڕێت، بەڵکو ئەوەی بۆ ئەو گرنگە بریتییە لەوەی چۆن بتوانێت ڕۆڵی خۆی لەو سیناریۆیەی بۆی داڕێژراوە بگێڕێت و سەرگوزشتەی هێنانە ئارای ئەو ئەنگێزە خۆسەپێنییەی کە لە خەیاڵدانی پلانداڕێژەرانی داهاتوی وڵاتەکەیدایە بەباشی بگێڕێتەوە. ئەوەی بۆ ئەو گرنگە ئەوەیە؛ چۆن بتوانێت لە ڕێگەی نواندی ڕۆڵی کارەکتەرێکی شەڕەنگێزەوە بینەرەکانی وا لێبکات هەست بە بوونی هێزێکی ترسناک و بێبەزەیی لە پشت ئەو دەمامکە تۆقێنەرەوە بکەن کە ئەو پۆشیویەتی. ئەو دەیەوێت بڵێت کە ئەو هیچ نییە جگە لە نوکی تیژی ئەو ڕمەی کە بە دەستی بازوی بەهێزی جەنگاوەرگەلێکی دڵڕەقەوەیە و دورنییە لە هەر چرکەساتێکدا بیهاوێژێن و کەسێک یاخود ئەو هێز و وڵاتە سەرەڕۆیەی پێ بپێکن کە بیەوێت لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یاخی بێت.
هەربۆیە مافی خۆمانە لەو هەموو هەرا و هۆریا و هاشوهوشە بێبنەما میدیاییانە بەگومانبین، کە بە بیانوی نەبوونی لێوەشاوەیی یاخود ناشارەزایی و ناچیزەیی و ناکارامەیی لە پۆستەکەیدا دژ بە ترەمپ ئەنجامدەدرێن. لە کاتێکدا ئەم پیاوە دو جار لەسەر ئاستی نێوخۆی حیزبەکەی خۆی کە کۆمارییەکانە و دو جاریش لەسەر ئاستی حیزبە ڕکابەرەکانی لە ساتەوەختی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا توانیویەتی لە دیبەیت و ڕوبەڕوبوونەوەکاندا چۆک بە سەرجەم کاندید و بەربژێرەکانی دیکە دابدات و، دواجاریش لە هەڵبژاردندا لێیان بباتەوەو ببێتە سەرۆکی نوێی ڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لەمەوە تێدەگەین کە توڕەبوونی ترەمپ و خۆنمایشکردنی وەک سیاسییێکی "سەرشێت" گوزارشت نییە لە هەڵچونێکی دەرونیی لەناکاو و بێبنەما، بەڵکو ستراتیژێکە لەپێناو هاوسەنگکردنی هاوکێشە سیاسییەکاندا و هەوڵێکە بۆ سلاککردن و ڕاگرتنی سەرجەم جەمسەرەکانی دیکە و زاڵکردنی یەک تاک جەمسەر کە ئەمریکایە.
واتە توڕەبوون و خۆشێتکردنی ترەمپ، نمایشیێکە کە لە پشتییەوە ئەنگێزەی وڵاتێکی زلهێزی زەبەلاحی خاوەن خولیای خۆسەپاندن لەپێناو دروستکردنی دونیایێکی بێڕکەبەر لەبەرانبەر خۆیدا ئامادەیە، کە بۆ سەرخستنی ئەو ستراتیژە لە مێژینەیە ترەمپ باکی بەوە نییە چۆن بووەتە گاڵتەجاڕی ڕاگەیاندن و ڕوپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان. بگرە ئەو لە هەموو جوڵە نائاساییەکانیدا ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە کە تیایدا سەرقاڵی تەواوکردنی خەونە لە مێژینەییەکەی وڵاتەکەیەتی.
کەواتە ئەوەی دەگوزەرێت، جۆرێکە لە شانۆگەری کە سیناریۆکەی لە پشتەوە لەپێناو سەرخستنی ستراتیژێکی مەترسیدار لەلایەن ئەمریکا و بە بەشداری ترمپ ئامادەسازیی بۆ کراوە، کە بڕیارە هەریەک لە ترمپ و ئەمریکا بە شێواز و بەرنامە و میتۆدی جیاواز بۆ جێبەجێکردنی تیایدا ڕۆڵ بگێڕن، کە لێرەدا لە پەیوەست بە جەنگی ئێران، بەکورتی ئاماژە بە ڕۆڵی هەر یەکێکیان بەجیا دەکەین:
یەکەم: ڕۆڵی ترەمپ:
لە جەنگی سەر ئێراندا، ترەمپ لە کارکردنیدا بۆ سەرخستنی ئەو ستراتیژەی باسمان کرد، ڕۆڵی هەریەک لە خۆی و ئەمریکا بە دو شێوازی جیاواز و تا ڕادییک دژبەیەک نمایش دەکات. ئەو لە لایێک ئەمریکا وەک "هێزێکی زەبەلاحی مافخوراو و ستەملێکراو" پیشاندەدات. لە لایێکی دیکەوە ترەمپ لە ڕۆڵە سەرەکییەکەی خۆیدا، بۆ خۆدەرخستنی وەک کەسێکی "توڕە و سەرشێت"، سود لە ڕێباز و بیردۆزی جیاواز وەردەگرێت، لەوانەش:
بیردۆزی شێتەپیاو یاخود پیاوی شێت" (Madman Theory):
ئەم بیردۆزە یەکێکە لە ستراتیژە ناسراوەکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە، کە پشت دەبەستێت بەو بیرۆکەیەی کە ئەگەر سەرکردەی وڵاتێک لە ڕەفتار و هەڵوێستەکانیدا وا خۆی پیشانی وڵاتانی نەیار بدات کە کەسێکی "ناجێگیر"، "سەرشێت" یاخود "پێشبینی نەکراوە"، ئەوا وڵاتانی تر لە ترسی کاردانەوەیێکی توند و بێسەروبەر ناچار دەبن لەگەڵیدا ڕێکبکەون یان پاشەکشە لە هەڵوێستەکانیان بکەن.
هەرچەندە ڕەگ و ڕیشەی ئەم بیرۆکەیە بۆ ماکیاڤێلی (١٤٧٩-١٥٢٧ز) دەگەڕێتەوە، بەڵام وەک زاراوە و ستراتیژێکی سیاسی لە سەردەمی جەنگی سارددا لە کایەی سیاسی و سەربازیدا ڕمودە و بازاڕی پەیدەکرد و برەوی ساند.
ڕیچارد نیکسۆن کە لە ناوەڕاستەکانی جەنگی سارددا و لە نێوان ساڵانی (١٩٦٩ بۆ ١٩٧٤ز) دا سەرۆکی ئەمریکا بوو، بە بەکارهێنەری سەرەکیی ئەم تیۆرییە دادەنرێت. نیسکۆن و ڕاوێژکارەکەی هێنری کیسنجەر هەوڵیان دەدا، وا لە یەکێتی سۆڤیەت و ڤێتنامی باکور بگەیەنن کە نیسکۆن کەسێکی توندڕەوە و ئەگەری هەیە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، ئەگەر شەڕەکە کۆتایی نەیەت.
بۆیە ترامپیش بە هەمان بیرکردنەوەی نیکسۆن زۆرجار ئەم تەکتیکە بەکاردەهێنێت. ئەو خۆی وەک کەسێکی "شڵەژاو" یان "پەشۆکاو" دەردەخات کە نایەوێت جەنگ بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڕەشەی وێرانکاری دەکات. ئەمە وا دەکات بەرانبەرەکەی (ئێران) لە دۆخێکی دڵەڕاوکێدا بێت. کەواتە ئەم سیاسەتە ستراتیژێکی بەرنامە لە پێشینە بۆ داڕێژراوە لەلایەن خودی ئەمریکییەکانەوە، نەک ئەوەی جۆرێک بێت لە بێسەروبەرەیی و پاشاگەردانی (chaos) لە سیاسەتی ئەمریکادا، وەک ئەوەی ڕاگەیاندنی کوردی بێئاگایانە کاری لەسەر دەکات.
سەرگوزشتەی لایەنی لاواز (The Underdog Narrative):
لە داستان و چیرۆکەکاندا، دەستەواژەی سەربوردی لایەنی لاواز(The Underdog Narrative) لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ چیرۆکی ئەو کەسەی یان ئەو لایەنەی کە هەموو پێشبینییەکان دژی ئەون و وەک لاواز لە چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەوڵی سەرکەوتن دەدات. لە کولتوری ئینگلیزیشدا چەمکی "Underdog" بەو کەسە یاخود لایەن و وڵاتە دەوترێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە کێبڕکێیێکدا بدۆڕێت، چونکە لایەنی بەرامبەر زۆر لەو بەهێزتر، دەوڵەمەندتر یان بە ئەزمونترە. بۆ نمونە لە وەرزشدا کاتێک یانەیێکی بچوک و هەژار لە یانەیێکی گەورە و ملیاردێر دەباتەوە، دەوترێت ئەمە "Underdog Narrative"ــێکی نمونەییە.
لە کایەی سیاسیشدا زۆرجار بەربژێر و کاندیدەکان پەنا دەبەنە بەر ئەم لۆژیکە و، وا خۆیان پیشان دەدەن کە ئەوان "لایەنە لاوازەکە"ن و هەموو سیستەمەکە دژی ئەوانە، بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک بە لای خۆیاندا ڕابکێشن. جا کاتێک لە کۆتایی چیرۆک و سەرگوزشتەکەدا لایەنی بچوک و بۆدەڵە و بێدەسەڵات بەسەر لایەنی گەورە و زەبەلاحدا سەردەکەوێت، دەبێتە جێگەی سەرسامی و هەژەند (surprise) ێک بۆ هەمووان دروست دەکات.
لێرەوەیە کە زلهێزێکی وەک ئەمریکا لە زمانی ترمپەوە دەیەوێت خۆی وەک "قوربانی" پیشان بدات، بۆ ئەوەی بە تێكشکاندنی نەیارەکانی وڵاتانی تر توشی پەرکەم و سەراسیمە بکات. بۆیە لە وتارە سیاسییەکانیدا ترەمپ جاخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوە ئێرانە "دەستدرێژی" دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و، وا پیشان دەدات کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا "گۆشەگیر" کراوە یان سەربازەکانی لەژێر مەترسیدان. ئەمەش وادەکات ڕای گشتی لە نێوخۆی ئەمریکا وا هەست بکات کە وڵاتەکەیان لە پێگەی "بەرگری"دایە نەک "هێرش"، بەمەش کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ ئاسانتر دەبێت.
چەواشەکاری لە ڕێگەی "ئاشتیخوازیی ساختە"وە:
پیشاندانی پەشۆکاوی و ئارەزوی ئاشتی لە میدیاکاندا لەلایەن ترەمپەوە واتای بێئاگایی ترەمپ نییە، بەڵکو جۆرێکی دیکەیە لە "خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی". کاتێک دۆناڵد ترەمپ دێت و دەڵێت "دڵم دەلەرزێت بۆ جەنگ"، یاخود دەڵێت: "من ئاشتیم دەوێت بەڵام ئەوان ڕێگە نادەن." لە لایێک ئەو خەریکی دروستکردنی شەرعییەتە بۆ ئەگەری هەر کردەوەیێکی سەربازی لە داهاتودا، تا دواتر بڵێت: "هەموو ڕێگەکانی ئاشتیم تاقیکردەوە و کەڵکی نەبوو." لە لایێکی دیکەوە، دەیەوێت وێنایەک بۆ مێژوو جێبهێڵێت کە ئەو "پیاوی ئاشتی" بووە، بەڵام ئەوە بارودۆخەکە یاخود بەرانبەرەکانن جەنگیان بەسەردا سەپاندووە. هەموو ئەمەش دوبارە هەمان لۆژیکی خۆشاردنەوەیە لە پشت دەمامکی قوربانی بۆ هەڵکوتانە سەر بەرانبەر و ئەنجامدانی کردەوەی زلهێزانە.
پارادۆکسی ترامپ: "ئەمریکا بەر لە هەموو شتێک" (America First)
ئەم دروشمە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە گوتاری قوربانی. ترەمپ پێیوایە جیهان (لە نێویشیاندا ئێران) "ئەمریکایان ڕوتاندووەتەوە" و ئەمریکا قوربانیی ڕێککەوتنە خراپەکانە. ئەم هەستی "قوربانیبوونە" دەبێتە بزوێنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی ڕەفتاری توند و جەنگخوازانە وەک "وەرگرتنەوەی مافی خوراو" وێنا بکرێت.
دووەم: ڕۆڵی ئەمریکا:
هەرچی ئەمریکایە، ئەو ستراتیژەی وەک ڕۆڵی خۆی لە ئێستادا لە جەنگی دژ بە ئێراندا لە ڕێگەی ترەمپەوە پەراوەی دەکات، لە زانستە سیاسییەکان و مێژووی جەنگەکاندا بە "ستراتیژیی قوربانیکردنی خۆ" یاخود "خۆنمایشکردنی خود وەک بەرگریکار" ناسراوە، کە تیایدا زلهێزەکان زۆر جار بۆ ڕەواییدان بە داگیرکاری و هێرشەکانیان ڕاستییەکان لەم ڕێگەیەوە لەبەرچاوی ڕای گشتیدا ئاوەژو دەکەنەوە. چونکە ئەوان باش دەزانن کە "هێزی ڕەها" و خۆسەپێن هیچ کات لە نێو ڕای گشتیدا خۆشەویست نییە. ئەوان درکی ئەو ڕاستییەیان کردووە کە کەوتنی تەرازوی هێز بەلای زلهێزەکاندا و دەرکەوتن و باڵادەستبوونێکی ناهاوسەنگ بێزراوە و، هەمیشە لە نێو خەڵکدا ڕق و کینە لە دژیان بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەو زلهێزانە بەردەوام پەنا دەبەنە بەر دیوەکەی دیکەی ململانێ کە نمایشکردنی "مەزڵومیەت" و ستەملێکراوی خودە، تا لەم ڕێگەیەوە بتوانن بە بێدەنگی و بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی پلان و پیلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئەوان پەیڕەوی ئەو لۆژیکە دەکەن کە دەڵێت: "یەکەمین قوربانیی نێو هەر جەنگێک، ئەوە دەبێتە لایەنە ڕاستەکە." جا بۆ دروستکردنی ئەو وێنەیەش چەندین شێوازی جیاواز دەگرنەبە، کە دەکرێت هەندێکیان ئاماژە پێبدەین، لەوانەش:
پیشاندانی وێنەی "دەستدرێژیکار" وەک "بەرگریکار":
زلهێزەکان باش دەزانن کە جەنگ تێچویێکی مرۆیی و ئەخلاقی زۆری هەیە، جا بۆ ئەوەی ڕای گشتیی ناوخۆ و جیهانی ڕازی بکەن، هێرشەکانیان وەک بەرگری لە خۆکردن (Self- defense) نمایشدەکەن. ئەوان وای پیشان دەدەن کە ئەگەر ئەمان هێرش نەکەن، ئەوا لەلایەن وڵاتە بچوکە نەیارەکانیانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، بەوەش لۆژیکی "هێرشی پێشوەختە" دەسازێنن. ئەمەش ئەو تەکتیکە بوو کە هەردو جارەکە لە هێرشکردنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران بینیمان.
بەدێوەزمەکردنی بەرانبەر (The Boogeyman Effect):
هەمیشە زلهێزەکان هەوڵ دەدەن نەیارەکانیان (کە لە ڕاستیدا لاوازن) وەک هێزێکی شەیتانی، نادیار و زۆر مەترسیدار وێنا بکەن، لەمەشدا کار لەسەر دو لایەن دەکەن:
لە لایێکەوە، پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە نەیارەکانیان خاوەنی "چەکی کۆکوژ" یاخود تەکنەلۆژیای نهێنی و مەترسیدارن کە هەڕەشەن بۆ سەر جیهان بەگشتی و ئەوان بەتایبەتی.
لە لایێکی دیکەوە، بە بەکارهێنانی ئەم ترسە، خۆیان وەک قوربانییێک پیشان دەدەن کە ناچارن بۆ پاراستنی قەوارە و مانەوەی خۆیان، یاخود لەپێناو ئاشتی ناوچەکە ئەو جەنگە دەستپێبکەن.
لۆژیکی "قۆچی قوربانی" بۆ ڕەوایێتیدان بە جەنگ:
زۆر جار داگیرکەرەکان خۆیان وەک قوربانی دەچوێنن و دەیانەوێت هێندەی وەک ستەملێکراو ببینرێن بە بارتەقای ئەوە وەک ستەمکار دەرنەکەون، کە ئەمەش ئەو لۆژیکەیە ئەمریکا لە رێگەی ترەمپەوە لە ئێستادا زۆر جار لە جەنگی دژ بە ئێراندا بەکاریدەهێنێت. بۆ نمونە، کاتێک سزای ئابوری دەخاتە سەر ئێران وا پیشان دەدات کە ئەمە "بژاردەیێکی بە ئازارە بۆ خۆشیان" بەڵام ناچارن بیکەن بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی گەورەتر. لێرەدا، ئەمریکا خۆی وەک لایەنێک نمایش دەکات کە "خەریکی قوربانیدانە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی" بۆ پاراستنی جیهان، لە کاتێکدا ئەمە ئامرازێکی گوشارە بۆ داگیرکاریی سیاسی و ئابوری، جگە لەوەش دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە چەند ئامانجێک بپێکێت، لەوانەش:
پاساو بۆ توندوتیژییەکانی دەهێنێتەوە: چونکە کاتێک ئەو قوربانی بێت، هەرچییێک بکات وەک "تۆڵەسەندنەوە" یان "پاراستنی شەرەف" دەبینرێت نەک تاوانی جەنگ.
بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکارەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی: ترەمپ بە نمایشکردنی وڵاتەکەی و بەرژەوەندییەکانی وەک قۆچی قوربانی دەیەوێت لە نێوخۆی وڵاتەکەیدا ڕای گشتی بەدوای بڕیارەکانی خۆیدا ڕابکێشێت و کۆدەنگییێک لەسەر ئەم جەنگە دروست بکات، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هەر کەسێک دژ بە هەڵگیرسانی جەنگەکە بێت بە خاین و ناپاک هەژماربکرێت.
هەڵبەت ئەم لۆژیکەی ئەمریکا لە ئێستادا لە ڕێگەی ترەمپەوە پیادەی دەکات شتێکی نوێ نییە، بگرە دەتوانین لە چەندین وێستگەی مێژووییدا پەراوەکردنی ئەم جۆرە لە لۆژێک لەلایەن زلهێزەکانەوە، بدۆزینەوە، بۆ نمونە:
لە ئەڵمانیای نازی لە ساڵی (١٩٣٩ز) دا، بەر لەوەی هێرش بۆ سەر پۆڵەندا ئەنجام بدرێت، نازییەکان شانۆگەرییەکیان ڕێکخست کە ئەویش "ڕوداوی گلیویتز" بوو، کە تیایدا وایان پیشاندا کە پۆڵەندییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئێزگەیەکی ئەڵمانی، بەوەش هیتلەر خۆی وەک قوربانی و پۆڵەندای وەک دەستدرێژیکار نمایشکرد، کە ئەمەش بوو بە بیانویێک بۆ ئەوەی جەنگی جیهانیی دووەم دەستپێبکات.
هەروەها لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ڤێتنامدا، ڕوداوی "کەنداوی تۆنکین" لە ساڵی (١٩٦٤ز) بە هەمان شێوە بەکارهات. ئەمریکا وای پیشاندا کە گوایە کەشتییەکانی لەلایەن ڤێتنامی باکورەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بۆ ئەوەی شەرعییەت بە فراوانکردنی جەنگەکە بدات، لە کاتێکدا هۆکاری ڕاستەقینەی جەنگەکە شتێکی دیکە بوو.
جەنگی میدیایی و بەلاڕێدابردنی هەست و سۆزی خەڵک:
زۆر جار ئەمە بە شێوەیێکی زۆر پێشکەوتو و فریودەرانە ئەنجامدەدرێت، بە جۆرێک زلهێزەکان میدیای جیهانی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی تەنیا ئەو بەشەی ڕاستی پیشان بدەن کە ئەوان تێیدا زیانمەندن. ئەوان تەکنیکی "قوربانیی بێتاوان" بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سۆزی جیهانی ڕابکێشن و ڕێگە لەوە بگرن کە کەس پرسیار لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی داگیرکارییەکە (وەک نەوت، پێگەی جوگرافی، هەژمونی سیاسی، یاخود هەر شتێکی دیکە) بکات.
لە ئێستاشدا ئەمریکا لە ڕێگەی ترەمپەوە کەڵک لەم ئامرازە وەردەگرێت، وەک ئەوەی لە میانەی جەنگەکەدا بینیمان کە چۆن ونبونی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی کرایە پەردەی داپۆشینی چەندین کاولکاری کە لە ئێراندا ئەنجامدران، لە نمونەی بۆمببارانکردنی قوتابخانە و کوشتنی منداڵ و مامۆستا و بۆردومانکردن و وێرانکردنی پرد و شوێنی نیشتەجێ بوونی مەدەنی.
هەڵبەت ئەم ستراتیژە لە جەنگ کە ئەمریکا لە ڕێگەی ئەو چوار شێوازەوە گرتویەتیەبەر، لە زانستی سیاسیدا تەنیا ڕەهەندی سیاسی نییە، "نیکۆلۆ ماکیاڤیلی" لە پەڕتوکی "میر"دا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە فەرمانڕەوا هەمیشە وەک کەسێکی "بەبەزەیی و دادپەروەر" دەربکەوێت، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەکەشی بێت. بۆ ئەمەش پیشاندانی "خۆ" وەک قوربانی، باشترین ڕێگەیە بۆ شاردنەوەی "ڕوخساری شێر" لە نێو "پێستی مەڕ"دا.
سەرەڕای هەموو ئەو خاڵانەی ئاماژەمان بۆ کرد، ئەم جۆرە لە جەنگ کە ڕەگەکانی لە قوڵایی مێژوودان و ترەمپ و ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لە ئەمڕۆدا لە شێوەیێکی نوێدا پەیکەڵی دەکەن ڕەهەندی ئەخلاقی و تەنانەت دەرونناسیی کۆمەڵایێتی قوڵیش لە خۆدەگرێت، کە دەکرێت بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان بکەین، لەوانە:
تیۆری "جەنگی دادپەروەر"(Just War Theory):
زلهێزە شەڕفرۆش و بەجەنگهاتووەکان، هەوڵ دەدەن مەرجەکانی "جەنگێکی دادپەروەر" بەسەر خۆیاندا بچەسپێنن. یەکێک لە مەرجەکانیش ئەوەیە کە جەنگەکە بۆ "بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی" بێت. بۆیە کاتێک وڵاتێکی زلهێز دەیەوێت هێرش بکات، پێویستی بەوەیە بەرانبەرەکەی وەک "دەستدرێژیکار (Aggressor)" وێنا بکات. بەمەش جەنگەکە لە "کوشتار و داگیرکاری" ـیەوە دەگۆڕێت بۆ "پاراستنی بەهاکان" و "ئاسایشی نەتەوەیی".
بەکارهێنانی "پێگەی ئەخلاقیی باڵا (Moral Superiority)":
داگیرکەر کاتێک وای دەردەخات کە "لاوازە" یان "قوربانییە"، لە ڕاستیدا دەیەوێت بڵێت: "من خاوەن مافم." ئەمەش ڕەهەندە دەرونییەکەی ئەم جەنگەیە؛ چونکە مرۆڤەکان بەسروشت هاوسۆزن بۆ قوربانی. جا کاتێک زلهێزێک توانی خۆی وەک قوربانی پیشان بدات، ئەوا لەوێوە دەتوانێت "مافی ئەخلاقی" بە خۆی بدات کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات، چونکە وەک "حاڵەتی فریاگوزاری" و "بەرگری لە مانەوە" پێناسەی جەنگەکەی دەکات. هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لە بەراییەکانی ئەم جەنگەوە بەردەوام ئەم دو خاڵە لە هەڵوێستەکانی ترەمپدا ڕەنگی داوەتەوە.
ستراتیژی دژپێکی یاخود "تەڵەی پارادۆکسی "(The Paradox of Power):
ئەمەش لۆژیکێکی دیکەیە کە ئەمریکا لەسەر زاری ترەمپەوە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکات. ئەو بەردەوام ناڕاستەوخۆ دەیەوێت پێمان بڵێت: "من هێندە پابەندی ئاشتیم کە نەمدەویست جەنگ بکەم، بەڵام ئەوە ئێرانە کە منی ناچار کرد هێز بەکاربهێنم." لەم ڕێگەیەشەوە ئەمریکا دەتوانێت دو وێنەی دژبەیەک بۆ خۆی و بەرانبەرە نەیارەکەی لە ئەندێشەی ئێمەدا بکێشێت، کە ئەوانیش ئەمانەن:
لە وێنەی یەکەمدا وێنەی ئێران وەک هێزێکی نالۆژیکی و مەترسیدار پیشاندەدرێت، هەر بۆیە ئەم هێرشی کردووەتەسەر.
لە هی دووەمیشدا، ئەمریکا وێنەی خۆی لە داگیرکەرێکەوە دەگۆڕێتە سەر وێنەی "قوربانییێکی ژیر" کە تەنیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەستوەردانی کردووە.
تەکنیکی "پێشبینیکردنی تۆمەت (Projection):
لێرەدا داگیرکەر ئەو کارەی کە خۆی دەیەوێت بیکات، دەیداتە پاڵ بەرانبەرەکەی. بۆ نمونە، گەر بیەوێت خاکی وڵاتێکی تر داگیر بکات، دەڵێت: ئەو وڵاتە پیلانی هەیە هێرش بکاتە سەر سنورەکانمان. کاتێکیش دەیەوێت گۆڕانکاریی سیاسی ئەنجامبدات، تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ بەرانبەرەکەی کە گوایە، ئەوە ئەوانن دەستیان خستووەتە ناو کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی ئەمەوە، ئەمەش وادەکات کە هێرشی داگیرکەر وەک پەرچەکردار (Reaction) دەربکەوێت نەک کردار (Action).
لە کۆتاییدا ئەم بابەتەدا دەمەوێت بڵێم، پێدەچێت ئەو لێدوان و هەڵوێست و ڕەفتار و پەرچەکردارە سەیر و سەمەرانەی کە لە ڕوکەشدا وەک جۆرێک لە سەرشێتیی ترەمپ دەردەکەون و، ڕاگەیاندنەکانیش لای خۆیانەوە وەک جۆرێک لە بێئاگایی و شڵەژانی ئەو سەرۆکە لێکیدەدەنەوە، دورنییە لە قوڵاییدا گوزارشت بن لەو هەنگاوە نهێنییانەی کە بە ئاراستەی جێبەجێکردن و هێنانە ئارای ئەو پلانە مەترسیدارەدا دەنرێن کە لەلایەن ئەمریکاوە داڕێژراوە، ئەویش لەپێناو سەپاندنی هەژمونی خۆی و دروستکردنی دونیایێکی تاکجەمسەر کە تەنیا ئەو تیایدا بڕیار دەربێت.
کەواتە ئەو سەرشێتی و ناجێگیری و شڵەژاوییەی کە وەک دیوێکی ناشیرینی ترەمپ لە ئێمەوە دیارە دەشێت هی ترەمپ خۆی نەبێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دیوە ناشیرین و ئەجێندای شاراوە و سیاسەتی وڵاتەکەی بێت. کە ڕووە و دەرەوە و تەریب لەگەڵ ڕوخساری ئەودا ڕوی لە ئێمەیە و لێمانەوە دیارە. ئەمەش پێمان دەڵێت: ئەوەی توڕەیە و وەکو بوونەوەرێکی سەرشێت بە دەمامکی ترەمپەوە خۆ دەنوێنێت ترەمپ خۆی نییە، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە بە زمانی ترەمپ دەدوێت و بە ڕوخساری ترەمپەوە خۆ دەنوێنێت. بە واتایێکی دی ئەمریکا ئەوە و ئەو ئەمریکایە.
[1] ڕەفیق، فاروق: پاکس ئەمریکانا، ل٤.
[2] بڕوانە: نیتچە، فریدریش: سەرچاوەکانی ئەخلاق، وەرگێڕانی: باست ساڵح، چاپخانەی گەنج،چ١، سلێمانی، ٢٠٠٩، ل٤٦.
[3] ڕەفیق، فاروق: پاکس ئەمریکانا، ل٤.