چۆن دەبێت شۆڕشگێڕەکان چەکەکانیان بسوتێنن؟!

کامەران عەزیز
  2025-07-14     457

چەند هەڵوێستێکی جوانە، دوێنی چەکەکان مرۆڤیان دەکوشت و دەسوتاند، ئەمڕۆ گروپێک لە مرۆڤ لەم سەردەمی گەرمەی جەنگ و خوێن ڕشتنەدا بە شانازیەوە چەکەکانیان دەسوتێنین تا بەرهەمهێنەرانی چەک و بۆمبەکان فێر بکەن کە تەقینەوەی گوللەیەک و بۆمبێک بۆ کوشتنی مرۆڤەکان شەرمەزاریە نەک شانازی.

 گەورەترین شانازی بۆ مێژوی مرۆڤایەتی بێدەنگکردن و سوتاندن و نەمانی چەک و بۆمبەکانە..حیکمەتی گەورە ئەوەیە بە دەستی شۆڕشگێڕەکان چەکەکان بسوتێت، چونکە فاشستەکان هەرگیز چەک بێدەنگ ناکەن و ناسوتێنن، بە بەهاترین و پیرۆزترین ئامرازی توندوتیژی لە دیدی فاشیستەکاندا ئامرازەکانی درۆن و بۆمب و فڕۆکە جەنگیە ترسناکەکانە..!!

گەریلاکان بە سوتاندنی چەکەکانیان لە بەرچاوی دونیادا، بە داگیرکارانیان ڕاگەیاند: ئێمە هەرگیز ئاراەزوی توندوتیژیمان نەکردوە، چەکمان خۆشنەویستەوە، بەڵکو ئازارو چەوساندوەو بێمافی و جیاکاری و ئینکاری ئێوە بو، فێری چەک هەڵگرتن‌و تەقاندنەوەی بۆمبەکانیان کردین..گەریلاکان بە فاشیەکانیان گوت ئێمە هەرگیز چەک و بۆمبەکانمان خۆش نەویستوە نەک لە پێناوی مانەوەی ئێوەی فاشی و دیکتاتۆر، بەڵکو لە پێناوی پاراستن‌و مانەوەی گیان و نەسڵ و بەهای مرۆڤایەتی..لە پێناوی خۆشویستن و ژینگە پارێزی..!

بە سوتاندنی چەکەکانیان پەیامێکیان بە دەوڵەتی تورکیاو جیهان گەیاند: فەرموو ئێوەش لە جیاتی پێشبڕکێ‌‌و بەرهەمهێنانی ترسناکترین بۆمبی کۆمەڵکوژی، چەکەککانتان بە تەواوی بێدەنگ بکەن و بشکێنن و بسوتێنن.

بڕیاری سوتاندن‌و بێدەنگکردنی چەکەکان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان هەرچەند (تاک لایەن)ەیە، لە بەرامبەر ڕژێمێکی فاشیدا، ئیرادەیەکی گەلێک گەورەی لە پشتەوەیە بۆ گۆڕینی شێوازی تێکۆشان لە چیاکانەوە ڕاستەوخۆ بۆ نێو شارەکان..لە بەکارهێنانی چەکەوە بۆ هەڵبژرادنی ڕێگای چالاکی مەدەنی‌و ململانێی هونەری سیاسی‌.

گەرلاکان جوانترین تابلۆی مێژووییان دژی (چەک)نەخشاند، رۆژێکی مێژووییان دژی (توندوتیژی) لە ناوەندی ناکۆکی و مەیدانی شەڕو جەنگە مێژوییەکاندا، لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا خوڵقاند، بە بەرپاکردنی  بڵێسەی ئاگری چەکەکان، دیکتاتۆرەکانیان ڕاچڵەکاند، فاشستەکانیان توشی شۆک کرد، مرۆڤە شەڕەنگێز و سادیستەکانیان توشی واق وڕمان کرد، بە ناچاری  هەر ئەم پرسیارە لە دەرونی خۆیاندا دەڵێنەوە (چۆن دەبێت چەک بسوتێنن..؟؟!)

سوتاندنی چەک بە دەستی گەریلاکان گەلێک ماناو دەلالەت لە خۆ دەگرن، هەندێک لە مانا و پەیامە جوانەکانیان ئەوەیە کە پێچەوانەی بۆچونە کۆن و هاوکێشە باوەکانن، بەشێك لەماناکان:

 یەکەم/ گەریلاکان بە بڵێسەی سوتاندنی چەکەکانیان بە مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهانیان گوت، ئیتر (ئازادی و ڕزگاری مرۆڤەکان لە لولەی تفەنگەکاندا) نی‌یە.

دووم/ (شۆڕشگێڕ)ەکان ئەو مرۆڤانەن کە چەکەکانیان دەسوتێنن، نەک بە چەکەکانیان مرۆڤەکان بسوتێنن...!

سێهەم/ پیشاندانی وێنەیەکی جوانتر، وێنەی(یەکسانی ژن و پیاو) ١٥ گەریلای ژنی ئازادو سەربەخۆ لە پێش ١٥ گەریلای پیاو لە ئەشکەوتێکەوە..لە بناری چیایەکی بەرزەوە دێنەخوار بۆ سوتاندنی چەکەکانیان، ئەمە جوانترین وێنەی هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوسەنگەری و هاوژان و هاوژیانی‌یە دژ بە (توندوتیژی)، لە کاتێکدا بە شێک لە مرۆڤەکانی ئەم جیهانە لە وڵاتانی(ئێران و ئیسرائیل و غەزەو یەمەن و روسیاو ئۆکراینا) هێشتا لە ترسی  چەک و تەقاندنی بۆمبەکان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و لە ژێر زەمینەکاندا خۆیان حەشار دەدەن.

هەڵوێستە دژەکان:

ئەو خاوەن هەڵوێستانەی دژ بە (بێدەنگکردن و سوتاندن)ی چەکەکانی پەکەکەن، پێیان وایە: مادەم فاشستەکان چەکیان هەیەو دەکوژن و دەسوتێنن، مادەم کەلەبچەو زیندا‌ن‌و سێدارەیان هەیە، دەبێت ئازادیخوازان‌و شۆڕشگێڕەکان‌و مرۆڤدۆست‌و ژیاندۆستەکانیش سێدارەو زیندان و کەلەبچەو چەک و بۆمبیان هەبێت و ئەمانیش وەک فاشستەکان دەبێت بکوژن و بسوتێنن. بەڵام ئەمانە لەوە تێناگەن، کە ئەم هاوکێشەیە بە مانای مانەوەو بەردەوامی شەڕو جەنگی نێوان مرۆڤەکان، مانای بەرهەمهێنانەوەی  توندوتیژی.

وە نازانن حیکمەتی ئیرادەی هەر مرۆڤ‌و گروپ‌و دەستەڵاتێک، دوورکەوتنەوەیە لەچەک و بێدەنگکردنی چەکەکان و سڕینەوەی ڕق و کینەو توندوتیژی، لە جێگایدا چاندن و بەخشینی خۆشەویستی و لێبوردەیی و قبوڵکردن و ئارامی‌ لە دەرونی مرۆڤەکاندا بەبێ جیاوازی.ش بکوژن و

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×