بەخێربێن بۆ نەزمی جەنگەڵییزم..!

کامەران عەزیز
  2026-01-27     298

 لە دوای جەنگی جیهانی دووەم نەزمی سیاسی لیبرالیزمی ڕۆژئاواو لە دوای روخانی دەوڵەتی نازیزم و فاشیستی ئەڵمانی، تا ئاستێک ئاشتی‌و ئاسایش لە جیهاندا دروست بو بوو، دۆخی جەنگ‌و داگیرکاری لە شێوازی فیزیکی‌و مەیدانی جەنگ‌و خوێنڕشتن گۆڕدرا بە ململانێ‌ی فکری‌و کولتوری‌و جەنگی ساردو ئابوری‌و ئارامی سیاسی، وە پێشڕەوی‌و پێشکەوتن لە زانست‌و تەکنەلۆژی‌ لە پێناو خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی...هتد

بە داخەوە لە دەرئەنجامی پڕۆسەی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکردو گەشەی فکری سیاسی‌و ئینسانی‌و کۆمەڵایەتی‌و تەندروستی‌و زانست‌و زانیاریەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم، دەوڵەتە زلهێزەکان خەریکن لە ڕێگای بیری فاشیزمی نوێ‌وە دەگەڕێنەوە بۆ مۆدێلی دەستەڵاتداریەتی سەدان ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئیمبراتۆری و ئیمپریالیزمی کۆن‌و بەسەرچوو.

ئەوا چەند ساڵێکە ئەم مەددە فاشیزمیە نێودەوڵەتی‌یە بە نێوی(پۆتینیزم و ترەمپیزم) خەریکن ئارامی و ئاسایشی جیهانی دەشێوێنن و دەیانەوێت نەزمی کۆڵۆنیالیزم‌و ئیمپریالیزمی سەدەکانی پێشو زیندو بکەنەوە، لە پێناوی داگیرکاری‌و دابەشکاری‌و بەدەستهێنانی هەژمونی ئابوری و سیاسی جیهانی.

روسیای سەردەمی پۆتین خاوەنی مانیفێستی گەورەبونی ڕوسیایە بە ناوی(ئێرۆئاسیا)وە دەیەوێت روسیا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی(ڕوسیای قەیسەر)و کۆنی پێش شۆڕشی روسیا، وە ئەمەریکای سەردەمی دۆناڵد تڕەمپ  بەهەمان عەقڵەوە هەڵگری مانیفێستی فکری فاشیزمێکی نوێ‌یەو دەیەوێت هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکان‌‌و سیستەمی لیبرالیستی‌و دیموکراسی‌و جاڕی گەردونی مافی مرۆڤ‌و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی‌و زانکۆنی کۆمەڵایەتی‌و ئەنترۆپۆلۆژی‌و هاوکاری‌و یاسای هاوبەشی بازرگانی‌و ئابوری‌ جیهانی پێشێل بکات‌و تێکڕا هەموو هەڵوەشێنێت‌و لە جێگایدا سیستەم‌و نەزمی(جەنگەڵ)ی فاشیستی‌و تاکڕەوانەو مافیاگەرانە بە هاوکاری سەرۆکی روسیا پەیڕەو بکەن، یەکێکیان لە رؤژهەڵات و ئەوی دییان لە ڕۆژئاوای ئەم جیهانە دەستبکەن با داگیرکاری و دابەشکاری..!!

بنەمای هەردوو مانیفێستی فاشیزمی ( دۆناڵد تڕەمپ و فلادیمیر پۆتین) دەگەڕیتەوە بۆ باوەڕی جیهانگیری ئایین‌و ئایدۆلۆژیەکان بە تایبەت ئایینی کریستیانی ئەرتۆدۆکسی کە بڕوای وایە (یەک زەوی و یەک خودا هەیە، دەبێت تاکە یەک فەرمانڕەوای گەردونی هەبێت)، کە (نازیەکانی ئەڵمانیاو ئیمبراتۆریەتی مەغۆل ‌و  ڕۆمەکان عوسمانلی‌و بەریتانیای گەورە) هەمان باوەڕی جیهانگیریان هەبو. بنەمای ئەم باوەڕە کۆنە کۆڵۆنیالیستی و ئیمپریالیستی‌یە دەتوانین بە چەند خاسیەتێک بناسینەوە:

یەکەم/ تەماعبازی‌و پاوەنخوازیه...دووەم/ عەقڵیەتی دەستەڵاتخوازی‌و ئیگۆیست و خودپەرستی...سێیەم/ ئایدلۆژی فاشیستی‌ و نەژادپەرستی..چوارەم/ کێبڕكێ و ململانێ‌ی هێزو توندوتیژی لە رێگای جەنگ و پەلاماردان و سەرکوتکردن و کوشتن و خوێنڕشتن.

ئەگەر بە قوڵی خوێندنەوە بۆ ئەم مانفێست و پلانە سیاسی و سەربازیانەی ئەمڕۆی هەردو دەوڵەتی زلهێزی خاوەن چەکی کۆمەڵکوژی‌و ئەتۆمی بکەین، خاوەن هەمان بنەمای باوەڕ و تێڕوانینی کۆنی سەردەمی ئیمپریالیستی‌و کۆڵۆنیالیستی هیچ جیاوازیەک نییە لەم مانیفێستی فکری ئەمڕۆی (فلادمیر پۆتینی) ڕوسیاو( دۆناڵد ترەمپ)ی  ئەمڕۆی ئەمەریکا.

وە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا وەک( چایین‌و یابان‌و هیندستان‌و پاکستان‌و ئیسرائیل‌و تورکیاو ئێران‌و سعودیەی عەرەبی‌و قطرو سوریای عەرەبی‌و گروپە تیرۆریستەکان و کەسایەتیە دینیەکان..هتد) هەموو ئەمانە بە گەورەو بچوکەوە بیری فاشیزم لە باوەڕو عەقڵی سیاسیاندا بوژاندۆتەوەو بە ناوی نەتەوەی سەردەست و  یەکپارچەیی خاک و فەمارنڕەوای دەوڵەتی مەرکەزی و سەرتاسەریەوە، دەیانەوێت هەموو یاساو بەهایەکی هاوبەشی جیهانی کە بریتیبون(مافی گەلان و دادپەروەری و دیموکراسی و ئازادی سیاسی‌و  بیروباوەڕ ڕێزی ئێتیک و کەمە نەتەوەییەکان و جیاوازیەکان...هتد) کە لە سەردەمی ڕێنیسانس و لە سیستەمی لیبرالیزمدا لە ئەنجامی هەوڵو تێکۆشانێکی  مێژوویی جێکەوتە کراوە، لە ڕێگای دروستبونی دۆخێکی جەنگی جیهانی، نەزمی جەنگەڵەوە، تێکبدەن و نەزمی کۆڵۆنیالیستی و ئیمپریالیستی، نەزمی مافیاگەری و تاڵانی و داگیرکاری پەیڕەو بکەن.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاو فلادیمیر پۆتین سەرۆکی روسیا، ڕێگا بۆ یەکتر خۆشدەکەن و هەر یەکەیان مانیفێستی فکریان داڕشتوەو هاوپەیمانی ناوچەییان لەگەڵ دەوڵەتانی تەماعبازو فاشی وەک خۆیان دروستکردوە، تا بتوانن بە ئاسانی عەقڵیەتی کۆڵۆنیالیستی‌و دابەشکاری خۆیان پەیڕەو بکەن.

دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک(ڕوسیاو ئەمەریکا)، دەیانەوێت بە تەکنەلۆژیای سەربازی‌و چەک‌و بۆمب‌و تەکنەلۆژیای ژیری دەستکردی سەدەی بیست‌ویەک‌ هاوتا لەگەڵ عەقڵی سیاسی پاوەنخوازی سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی‌(١٨ و ١٩ ) هێرشی داگیرکاری و دابەشکاری نوێ‌ی و جیهانی ئەنجام بدەن.

دیارە هەر سەردەمە ئیمبراتۆریەت و کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم بە شێوازێک دەستی بە داگیرکاری ولاتان کردوە، لە رێگای کولتورەوە بۆ ئایین، لە ئایینەوە بۆ خاک و سەرچاوەی سروشتی..لە خاکەوە بۆ پیشەسازی و بازرگانی، لە بازرگانیەوە بۆ سیستەمی بانکی و داگیرکردنی بازاڕی جیهانی لێرەوە بۆ کۆنتڕۆڵی زانست و زانیاری و تەکنلۆژیا..!

 دیسان دەگەڕێنەوە بۆ هەمان عەقڵ‌و نەزمی کۆن، کۆلۆنیالیزم دەپەڕێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردن‌و داگیرکردنی تەکنالۆژیای دیگیتاڵی‌و ئەلکترۆنی ژیری دەستکردو هەر زلهێزێکی دەوڵەتی دەیەوێت سنورەکان ببەزێنێت، لەسەر زەوی‌یەوە بەرەو نێو زۆنی هەواو فەزای گەردونی بفڕێت و بۆ خۆی داگیری بکات...! ئایا لە ئەنجامدا ئەم کێبڕکێ‌یە بەرەو کوێمان دەبات..؟!!

لەبەر ئەوەی ئەم داگیرکاری‌‌و کۆنتڕۆڵە دیگیتاڵیە گەردونی‌یە بە ئامرازێکێ نوێی  ئەلکترۆنی‌ زۆر خێراترو  لە ژێر سایەی عەقڵی کۆنی  مەترسیداری کۆڵۆنیالیستی‌ لە پێناو ئامانج‌و مەهام‌و بەرژەوەندی تایبەتی(کۆمپانیاو بانکە گەورەو جیهانیەکان‌و، بەرژەوەندی فەردی میلیاردێرەکان) بەڕێوەدەچێت، ئەوا چاوەڕوانی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری ئینسانی  لێناکرێت لە داهاتودا، وە لەوانەیە مەترسی زۆر گەورە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جیهانی بهێننەدی، بەداخەوە ئامادەن لە پێناوی بەرژەوەندی چەند (میلیاردارێک) هەمو بەهاو پێشکەوتنەکان یەکسان بکەنەوە بە(هیچ)..!!

ئەم جەنگی داگیرکاری‌و دابەشکاریە کە چەند ساڵێکە دەستی پێکردوە، ئێستا وەک پەتایەک چوەتە عەقڵ‌و ئەجندای سیاسی دەوڵەتە بە‌هێزو خاوەن چەکی کۆمەلکوژی ترسناکی ئەتۆمی، دەوڵەتانی خاوەن ئەم چەک‌و هێزە ترسناکە، ختوکەی باوەڕی کۆڵۆنیالیستی‌و فاشیستی دەوڵەتان دەدات‌و دەیانەوێت نەزمی جیهانی لیبرالیزم‌و دیموکراسی، نەزمی بەهاو یاساو هاوپەیمانی هاوبەشی جیهانی بگۆڕن بۆ نەزمی (جەنگەڵییزم)..!!

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×