بێبەشی کوردان لە دابەشکاری‌ نوێ‌ی جیهانیدا..!

کامەران عەزیز
  2026-01-31     323

دەوڵەتە مێژوی‌یە کۆڵۆنیالیستەکان، بە نێوی چیرۆکی (دیزاینی نوێ)وە بە گەڕانەوەی دۆخی جەنگ‌و بە پشتیوانی چەک‌و بۆمبی مەترسیداری کۆمەڵکوژی، دەیانەوێت داگیرکاری‌‌و دابەشکاری نوێ دەستپێبکەن‌و سامان‌و سەرچاوەی ئابوری‌و داهاتی دەوڵەتی تازە پێگەیشتوو کەمە نەتەوەی‌یەکانی جیهان داگیر بکەن..!

(ترەمپیزم‌و پۆتینیزم) هەڵگری ئاڵای بەناو ئەم(دیزای‌نە نوێ‌یە جیهان)یەن و هەردوو تەواوکاری ئایدلۆژیایەکی فاشیستی جیهانین، دەیانەوێت لەم(دیزاین)ەدا هەژمونی سیاسی و سەربازی خۆیان، بەسەر جیهانی دابەشراودا بسەپێنن.

(دیزاینی نوێی جیهانی) هیچ نوێبونەوەیەکی سەردەمیانە نیەو لەگەڵ تەواوی ڕەوتی گەشەی زانستی مرۆڤایەتیدا پێچەوانەیە، نەک فکرێکی نوێ لەم دیزاینەدا بونی نی‌یە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی نێو (جەنگەڵ)و سەدەی کۆنی کۆڵۆنیالیستی‌و ئیمبراتۆریەتی وەک( مەغۆل و ڕۆم).

لە ژێر هەڵاو ئاڵای ئەم بەناو (دیزاینی نوێ‌یە)دا، چەند جەمسەرێکی جیهانی بونی هەیە، وە چەندین (هاوپەیمان)ی دی نێودەوڵەتی‌و ناوچەیی نوێ پێکهاتون، ئەجندای ئەم هاوپەیمانیانە هەم لە پێناوی بەرگری‌یە، هەم بۆ هێرش‌و داگیرکاریە، بەرگریە لە بەرامبەر جەمسەرە گەورەو بەهێزەکان، هێرشە بۆ سەر خاکی دەوڵەتە لاوازو کەمە نەتەوەییەکان..!

دەوڵەتە زلهێزو بەهێزە رەگەزپەرست‌و فاشیەکان هەر یەکەیان نەخشەو پلانی داگیرکاریان لە ناوخۆو دەرەوەی خۆیان دژ بە دەوڵەت و کەمە نەتەوەییەکانی وەک (کوردستانی) گەورە داڕشتوە.

دروستبونی دۆخێکی جەنگی نێودەوڵەتی‌و جیهانی‌ لە هەگبەی ئەم جەمسەرو هاوپەیمانیانە نا ئارامی سیسی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری جیهاندا دروستکردوە، ئەم هێرش و هاوپەیمانی‌یە سەربازی‌و جەنگیانەی خوارەوە بەڵگەی زیندون:

یەکەم//دەوڵە‌تی ڕوسیا بە سەرۆکایەتی پۆتین لەژێر ڕۆشنایی بیرۆکەو فەلسەفەی(ئەلکسەندەر دوگین) لە هەوڵی گەورەبونی روسیایە لە ژێر ناونیشانی(ئێرۆ ئاسیا) لە‌ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە چەند ساڵێکە هێرشی داگیرکاری بۆ سەر وڵاتی ئۆکراینا دەستپێکردوەو جەنگێکی خوێناوی هەڵگیرساندوەو دەیەوێت وڵاتی ئۆکرایناو چەند وڵاتێکی لە باڵکان و باکوری ئەوروپا داگیر بکات..

دووەم//هەرچەندە عەقڵی داگیرکاری خاسیەتێک بوە لە خاسیەتەکانی ناسینەوەی مێژووی داگیرکاری ئەمەریکای پێش دۆناڵد تڕەمپ، ئەمەریکای سەردەمی (دۆناڵد ترەمپ) ئەم ئەقڵیەت‌و ئەجندایەی چالاکترو ڕووتتر کردۆتەوەو با ئاشکرا جاڕی داگیرکاری دونیا دەدات‌و دەیەوێت بە تەواوی لە نەزمێکی جەنگەڵی جیهانیدا لە ژێر ناونیشانی هەموو شتێک بۆ (گەورەبونی ئەمەریکا (MAGA) کارا بکات.

سێیەم//بەهۆی دروستبونی نەزمی (جەنگەڵ)و شێواندنی یاسا و بەهای هاوبەشی نێودەوڵەتی، پشێوی سیاسی، دەوڵەتی چینیش لە خۆ ئامادە کردندایە، دەیەوێت هەل‌و فرسەت بقۆزیتەوە تا پەلاماری وڵاتی تایوان‌و ئاسیای ناوەند بدات‌و هەژمونی سیاسی و سەربازی خۆی بە سەریاندا بسەپێنیت..!

چوارەم//دەوڵەتی ئیسرائیلیش بە هاوپەیمانی ئەمەریکا بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی زیاتر دەکاتە سەر وڵاتانی دەوروبەرو زۆنی خۆی، دەیەوێت لە رێگەی داگیرکردنی بەشێک لە سوریاو لوبنان‌و غەزەو فەلەستین‌و هەندێ دەوڵەتی ناوچەی نزیک لە دەریای سور، ئیسرائیل گەورە بکات.

پێنجەم// لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش{دوای تێکشکاندن‌و بچوکردنەوەی هیلالی(شیعی)، کە تەنها دەوڵەتی عێراق بە لاوازی لە نێو ئەم هیلالەدا ماوەتەوە}، دەوڵەتانی بە‌هێزی ئیسلامی‌و ئیخوانی‌(سونن)ەی وەک دەوڵەتی (تورکیاو سعودیەی عەرەبی‌و ئیماراتی عەرەبی‌و میسرو قەتەرو پاکستان‌و سوریاو گروپە تیرۆریستی‌و جیهادیەکان) هاوپەیمانیەکی تایبەت بە خۆیان دروستکردوە دەیانەوێت لە نەزمی شێواوی نێودەڵەتیدا بە هێزەوە سواری ئەم شەپۆلە جیهانیە ببن و ڕامی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاسیاو ئەفەریقادا بکەن، داگیرکردنی (کوردستانی گەورە) بەشێکە لە ئەجندای ئەم  هاوپەیمانیە..!

شەشەم// دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە جیا لەو هاوپەیمانیە ، دەیەوێت بە ئەجنداو بە عەقلێ سەردەمی ئیمبراتۆریەتی (عوسمانلی) و تایبەتی خۆیەوە، بێتەوە مەیدان‌و لەگەڵ شەپۆلی ئەم جەنگە نێودەوڵەتیەدا، سنورەکانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانلی فاشیست، لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاسیاو باکوری ئەفەریقادا زیندو بکاتەوە‌و  بەشی گەورە بۆ خۆی بپچرێت..!  

ئەم چەند جەمسەرەو چەند هاوپەیمانی‌یە هەمو تەماعی داگیرکردنی سەرچاوەی گازو نەوت و کانزای سروشتی دەوڵەتە لاوازەکان‌و جیهان‌و کەمە نەتەوەییەکانی ناوچەی خۆیانە، تا هەموو لە نەزمی (جەنگەڵ)ی ئیمپریالیزمی داگیرکاری‌و دابەشکاری ئەمرۆی جیهاندا، هاوسەنگی ئابوری‌و سیاسی‌و سەربازی خۆیان بپارێزن‌...!

پێگەی کوردو کوردستان لە نێو ئەم دیزاینە نوێ‌یەدا:

و شۆڕشی کرێکاران ڕوودەدات · ڕوانگە نوێژ

هێدی هیدی دۆخی جەنگ‌و داگیرکاری‌و دابەشکاری جیهانی گەرمتر دەبێت، لەم دۆخەدا (کوردستانی گەورە) بە تەنهایەو هەتا ئێستا لە نێو هیچ هاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتیدا وەک کیانێکی سیاسی سەربەخۆ نە قبوڵ دەکرێت نە ڕێگا دەدرێت گەورە ببێت‌و پێگەو بونی هەبێت، لە ئێستادا کەوتۆتە نێو فشاری مەنگەنەی چەند هاوپەیمانێکی نێودەوڵەتی‌و جیهانی و رێگا نادەن کوردان ببنە بەشێک لەم دابەشکاریە جیهانی و نێو دەوڵەتیدا.

ئەگەر بە مێژویی گۆڕانکاری‌و جەنگە جیهانیەکان‌و نێو دەوڵەتیەکاندا بگەڕێینەوە، دەبینین لە زۆربەی سەردەمەکاندا کورد وەک نەتەوەیەک لەم ناوچەیەدا زەرەرمەندی یەکەم بون، لە نێو گۆڕانکاری‌و سیاسی‌و دابەشکاری جیهانی‌و نێودەوڵەتیدا یان خاوەنی شکست بون یان لەسەر خاکی خۆیاندا سەرکوت‌و بێبەش‌و بێدەنگ کراون‌و خراونەتە بچوکترین قاوغی کولتوری خۆیان.

وە ئەگەر کورد لە نێو بۆشایی سیاسی‌ ئەم گۆڕانکاریانەدا دەستکەوتێکی سیاسی‌و نەتەوەیی کەمی بەدەست هێنابێت تەمەنی زۆر کورت بوە، بۆ نمونە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لە پەیمانی سیڤەردا لە ساڵی( ١٩٢٠)دا هەندێ ماف‌و سنوری نەتەوەیی بۆ کوردو کوردستان دیاریکرا بەڵام بە زویی لە پەیمانی لۆزاندا لە ساڵی (١٩٢٣)دا بە فشاری دەوڵەتی تورکیا ئەم مافانەی لێوەرگیرایەوەو شوێنی جوگرافی باشوری کوردستانیان بچوک‌و بەرتەسک کردەوە، وڵایەتی موسڵ لەم دیزاینەدا لە لایەن بەریتانیاوە خرایە سەر دەوڵەتی عێراق.

لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ساڵی ١٩٤٦ کۆماری مەهابات ڕاگەیاندرا، ئەمیش بە پلانی دەوڵەتی پاشایەتی ئێران‌و دەولەتە زلهێزەکان تەمەنی سیاسی زۆری نەخایاند، کۆماری کوردی ڕوخێنراو سەرۆکەکەی لە ساڵی١٩٤٧ لە سێدارە درا..وە لە شۆڕشی  ئەیلولدا پەیماننامەی ١١ ئازار لە نێوان بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردو ڕژێمی بەعسی عەرەبی  فاشیدا لە ساڵی(١٩٧٠-١٩٧٥) لە جەزائیر هەڵوەشێندرایەوەو، بە بڕیاری بارزانی باوک ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی چەکداری کورد ڕاگەیاندرا.

هەموو ئەم نوشتی و سەرکوتکاریانە بێجگە لەوەی گەلێ هۆکاری سیاسی و ئابوری (دەرەکی،ناوخۆیی،خودی) هەیە، بەلام  هۆکاری هەرە گەورە ئەوەیە، کە کورد لە نێو بازنەی عەقڵێەتی فاشیستی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتە فاشیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، ئەم عەقڵیەتە نەتەوەیەکی مێژویی جیاوازی وەک (کورد) لە نێو جەرگەی خۆیان قبوڵ ناکەن‌و  بە مەترسیەکی گەورەو ئازاری گرێیەکی گەورەی سەر دڵیان دەیبینن، بۆیە لە هیچ کات‌و زەمەنێکدا ڕازی نەبون و نابن، کوردان بگەن بە رزگاری خاک‌و خاوەن ئازادی‌و سەربەخۆیی (سیاسی)، بەڵکو تەنها دیانەوێت وەک گروپێکی بچوکی دەستەمۆ، لە ژێر فەرمانڕەوایی‌و چەپۆک‌و یاساو شەریعەت‌و فاشیانەی خۆیاندا بمێننەوە.

ئەگەر کورد هەتا ئەمڕۆ لە مێژوی گۆڕنکاری‌یە سیاسی‌یە جیهان‌و نێو دەوڵەتیەکاندا، توانیبێتی (گەورەترین‌و  بە تەمەنترین) سەربەخۆیی بەدەست هێنابێت، بریتی‌یە لە:

١/وە لە جەنگی نێودەوڵەتی دژ بە عێراق و ڕاپەڕینی گشتی خەڵکی عێراق دژ بە ڕوخاندنی رژێمی بەعسی  فاشی عەرەبی/ عێراق کوردانی باشوری کوردستان بونە خاوەنی نیمچە سەربەخۆیی خۆیان لە ساڵی (١٩٩١)دا.

٢/خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری عەرەبی‌و ڕاپەڕینی کوردان‌و گەلانی سوریا دژ بە ڕژێمی بەعسی فاشی عەرەبی/سوریا کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بونە خاوەنی خۆسەری خۆیان لە ساڵی ٢٠١١ وە دەستیپێکرد.

لە دەستپێکی گۆڕانکاری جیهانی‌ بە نێو(دیزاینی نوێی)ی جیهانی، بە پلانی نێودەوڵەتی نێوان دەوڵەتانی( ئەمەریکاو ئیسرائیل‌و تورکیاو سوریاو سعودیەی عەرەبی‌و قەتەر) لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٦) بە زەبری هێزی سەربازی‌و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی‌ دەیانەوێت ئەم نیمچە سەربەخۆییە سیاسی‌و ئیداریە هەم لە باشورو هەم لە رؤژئاوای کوردستاندا لێزەوتبکەن..!!

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×