-١-
ھستیریا نەخۆشیەکی دەرونیە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێ بێ بونی گۆڕان و شێوان و تێکچونی پێکھاتەی جەستەیی لە خودی مێشک و دەمارەکاندا، کەواتە ئیشکردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت بەڵام پێکھاتەکەیان ساغە و تێکنەچوە وەک ئەوەی بۆ نمونە مێشک ھەوی کردبێ یا کیسێک یا زیادەگۆشتێکی شێرپەنجەیی تیابێت یا لولەخوێنەکانی داخرابێت یا ئاوسابێت.
نیشانە و ناڕەحەتیەکانی ھستیریا ئەمانەن و زۆری تریشن وەک: گەشکە و بورانەوە و بێھۆشبون یا ھۆش تێکچون، سڕبون و مێرولەکردنی پێست ، ئێشی ھۆنادیار و گۆڕاو و جوڵاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری جەستە، ھێزتیانەمان ولاوازی یا گرژبونی زۆر توندی ماسولکەکان ، لەرزینی دەست و پێ یا ھەمو جەستە ، تێکچونی زمانگۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن یا کپ و بێدەنگبونی تەواو و نەتوانینی قسەکردن، یا کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا یا کۆکەی وشک بێ بونی نەخۆشیی کۆئەندامی ھەناسەدان، نائاسایی بونی شێوەی وەستان و دانیشتن و ڕۆشتن و جموجوڵی ئاسایی ڕۆژانە ، شێوانی کاتی بینین وەک بەرچاوڕەشبون یا تەنانەت نابینایی کاتی و ھتد... .
لە پشتی ئەم نیشانانەوە ھۆ وکێشەی دەرونی و برینداربونی دەرونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەسدرێژیی جۆراوجۆر بە ھی سێکسیشەوە لە منداڵی و ھەرزەکاری و یا لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا و ھەروەھا کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس ھەن کە کەسەکە لە بەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچون ودابڕان لە دەوروبەری خێزان و کۆمەڵ ناتوانێ بە دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە بە ھەست و سۆزی ڕاستەقینەوە دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەزی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێ یا چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تیا دەرکەوێ، ھیستیریا ئا ئەمەیە.
نمونەیەک کە ڕویداوە: ژنێکی مێرددار لە پڕ توانای بینینی نەما، دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێی وت چاوت ھیچی نیە، دوای چەند ھەفتەیەک بزربو و لە شارێکی دورەوە لە گەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بوبون سەری ھەڵدا و دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری دوکتۆری چاو کێشەی بینینەکەشی نەما!
ئەم نەخۆشانە بە ھۆی بورانەوە و گەشکەی دەرونیەوە چەندین جار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یا ئوتومبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەی بۆ دەکرێت و لە کۆتایی ھەمویاندا پزیشکەکە دەڵێت وەڵا ھیچی نیە، ھەندێک دوکتۆر پێی دەڵێن ھستیریا یا Hys ی ھەیە !! ئیمڕۆ وشەی ھستیریا لە دنیادا بەسەرچوە و بەکارھێنانی زۆر کەم بوە و بە تایبەتی پزیشکی ھەمو پسپۆڕیەکان نابێت بۆ نەخۆشەکانیان بەکاریبێنن چونکە وشەیەکی نازانستی و ھەڵەیە و بۆ گاڵتەپێکردنی نەخۆشەکەش بەکاردەھێنرێت . Hysteria وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشیەکی پەیوەنددار بە مناڵدانەوە) دێت، پزیشکی ناوداری یۆنانی کۆن (ھیپۆقرات) وای دەزانی ئەو ژنانەی ھیستیریا یان ھەیە مناڵدانیان تەواو نیە یا ترازاوە و بە جەستەیاندا دەجوڵێ و دەگەڕێ. لە مێژە دەرکەوتوە کە نەخۆشیەکە ھیچ پەیوەندیەکی بە مناڵدانەوە نیە بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە ھەتا لە پیاواندا، ڕەنگە ھەر ئەمەش بێت کە ناونراوە ھستیریا کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster) وە ھاتوە و بە واتای مناڵدان دێت. ئێستا لە ھەمو دنیای پێشکەوتودا لە بری ھستیریا وشەی (conversion) کۆنڤێرژن بەکاردێت.
ئەوەی کێ ھستیریای ھەیە و کێ نیەتی تەنیا پزیشک وە بەتایبەتی پزیشکی مێشک و دەمار و پزیشکی دەرونی بڕیار دەدا نەک ھیچ کەسێکی تر، دەنا ھەڵە و ناحەقی و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت لەباتی تێگەیشتن لێی و ھاوسۆزی وچارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەرونیە لای پزیشکی دەرونی و دەرونناسی پزیشکیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر. بینیومە و بیستومە خزم و کەس و ھاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشک وھەندێ پزیشکیش چی بەم نەخۆشانە دەڵێن، وەک ( درۆ دەکات، نەخۆش نیە، خۆی وا لە خۆی دەکات، حەزی لە شوکردنە ...).
دوکتۆر جۆزێف برۆیەر و دوکتۆر سیگموند فرۆید کە جو بو لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٨٨٠ دا ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و برینداریە دەرونی و کۆمەڵایەتیە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند. پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (١٨٨٠-١٨٨٢) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی ٢١ ساڵی نەخۆش بو بە ناوی خوازراوی Anna O بە شێوازی قسەلەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی ھستیریای تێدابو و لە ڕوی جەستەیی مێشک و دەمارەوە ھیچی نەبو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە.
د.جۆزێف دەربارەی ڕەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزمونی چارەسەرکردنی سەرکەوتوانەی بە تەنیا بە دواندن بەڵام بێ دەرمان بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیا دەربارەی بابەتەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد ، فرۆید خۆیشی وەک دوکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبو بە دەست ھەندێ لە نەخۆشەکانیەوە کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان کە ھی ھستیریاکەیان بو بەردەوام دەبو.
فرۆید دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤیەنا ، ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دوکتۆر Charcot و دو دوکتۆری تردا یەک ساڵ ڕاھێنان و فێربون و چارەسەرکردنی دەرونیی نەخۆشانی ھستیریا ی کردبو و گەڕابۆوە بۆ ڤیەنا و ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی ھستیریا و بوبە ئەو بوارەی کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی دەرکرد.
فرۆید ئەم ئەزمونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی ھستیریا و ئەوانەی د.جۆزێف لە گەڵ Anna O بە شیوەیەکی توند سەرنجی ڕاکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ی پراکتیکی و تیوریی چڕ و پڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ھستیریا) لە ڤیەنا لەساڵی ١٨٩٥ بو، دواتر لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ی نوسی و بڵاویکردەوە .