گەمەی ئاشتی و سووتاندنی چەکەکان

بەها رەحمانی
  2025-07-17     231

پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) پاش ٤٦ ساڵ خەباتی چەکداری، بە فەرمانی رێبەری بەندکراوی خۆی، "عەبدوڵا ئۆجاڵان" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وازهێنانی لە خەباتی چەکداری لە دواهەمین کۆنگرەکەیدا راگەیاند. پڕۆژەیەک کە بە تەوقەکردن و هەواڵپرسینی "دەولەت باخچەلی" رێبەری "پارتی نەتەوەپەرەستی تورک" لەگەڵ نوێنەرانی کوردی پەرلمانی تورکیا لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٤ دەستی پێکرد.

١. ئەم پڕۆژەیە هەتا ئێستا ناوێکی دیاریکراوی نییە. دەوڵەتی تورک بە "تورکیای بێ تیرور" و کوردەکانیش بە "پرۆسەی ئاشتی" ناوی لێئەبەن. هەبوونی دوو ناو و دوو تێڕوانینی جیاوازی دوو لایەنی شەڕەکە، شک و گومانێکی زۆر لەسەر ناوەرۆکی پڕۆژەکەش دروست ئەکات.

٢. ناهاوسەنگی لە پەیوەندی دوو بەرەی ئەم پڕۆژەیە، کێشەیەکی دیکەی پڕۆژەکەیە. ئەکرێت ناهاوسەنگی لە وتووێژ هەبێت، ئەوسا لایەنێک دوڕاو و لایەنێک براوەی گفتوگۆکەن، بەڵام  دۆڕاوو براوە لەم پڕۆژەیە دا بەدی ناکرێت. لایەنێکیان واتە رێبەری "پ ک ک"، ٢٦ ساڵە رفێندراوە، بەدیل گیراوەو لە مافەکانی مرۆڤێکی ئازاد بێبەش کراوە. لایەنەکەی دیکەش بەرپرسی بەندیخانەیە و کلیلی درگاکانی لەدەستەو دەسەڵاتێکی رەهای هەیە. بۆیە ئەستەمە کەسێکی وەک بەڕێز ئۆجاڵان کە ناتوانێت تەنانەت لەگەڵ دونیای دەروەی "دورگەی ئیمراڵی" بێ ئیجازەی لایەنی تورکی (بەرپرسی بەندیخانەکە) پەیوەندی بگرێت، بتوانێت ئازادانە و بە هەڵوێستی ئازادو سەربەرخۆ، لایەنێکی وتووێژ لەسەر پرسێکی وا گرنگ، واتە پرسی کورد لە تورکیا بێت.

٣. کێ و چ لایەنێک دەستپێشخەری ئەم کارەش بووە ئەتوانێت پرسیار لە سەر جیدی بوون و متمانەپێکردن، بخاتە سەرە ئەم پڕۆژەیە. "دەولەت باخچەلی" و "پارتی نەتەوەپرستی تورک" بۆ هەمووان ناسراون. ئەمانە ئەو گروپەن کە بە "دەوڵەتی قووڵ" لە تورکیا ناسراون و دەیان ساڵە بەڕێوەبەری راستەقینەی دەوڵەتی تورکن و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی وەک ئەرتەش، میت و پۆلیس و گروپی "گورگە بۆرەکان" بەڕێوە ئەبەن و لەهەمان کاتدا هاوپەیمانی پارتی دەسەڵاتدار واتە "ئاکەپە"ن. بۆیە ناکرێت وا بە ئاسانی متمانە بە پڕۆژەیەک بکەیت کە "باخچەلی" ئارشیتێکت وئەندازیاری بێت و ئەنجامدەران و بەڕێوەبەرانی، بەرپرسانی پێشوو و ئێستای دەزگای هەواڵگری میتی تورکی بن.

٤. ئەگەر بەڕاستی وتووێژێکی راستەقینە لە ئارادایە، ئەی بۆ کەس هەتا ئێستا لە ناوەڕۆکی ئەم وتووێژانە ئاگادار نییە؟ ئەندامانی "دەم پارتی" چەندین جار سەردانی "دورگەی ئیمڕاڵی"یان کردووە بەڵام بێجگە لە چەند پەیامێکی کورتی "ئۆجاڵان" هیچ شتێکی ئەوتۆ باس نەکراوە. بۆیە زۆر ئاساییە بپرسین ئەمە چ جۆرە وتووێژێکە کە هەموو شتێکی نهێنیە و گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە ناوەرۆکەکەی ئاگادارنییە؟

٥. زیاتر لە ٤٦ ساڵە شەڕێکی خوێناوی لە نێوان دەوڵەتی تورک و گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە ئاردایە. شەڕێک کە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار کەس گیانیان تێدا لەدەست داوە. دەیان و سەدان دێهاتی کوردستان وێران کراوو و دەیان هەزار کەس لە بەندیخانەکانی تورکیا بەندکراوون و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی تورک تیرۆرکراوون و هتد. بە وەها پێشینەو مێژوویەکەوە، چۆن ئەکرێت تۆ بچیتە ناو وتووێژێک بە بێ بەشداری لایەنی سێهەم؟ چۆن ئەکرێت متمانە بکەیت بە نییەت پاکی لایەنی بەرانبەر و بڕوا بە بەڵێنەکانی بکەیت؟

 ئەو پرسیارانەی سەرەوە پڕۆژەکە ناڕوون و ئاڵۆز ئەکات. بۆیە لێرەدا بۆ رووناکی خستنەسەر ئەم یارییە ئاڵۆزە، بە کورتی مەبەستە راستەقینەکانی دەوڵەتی تورک و "پ ک ک" لەم کارە باس ئەکەم.
 

دەوڵەتی تورک

دەوڵەتی تورک لە قەیرانێکی قووڵی ئابووریدایە. گرانی و نەداری تەنگی بە زۆرینەی کۆمەڵگای تورکیا بە تورک و کوردەوە هەڵچنیووەو رۆژ نییە لیری تورکی هاڕە نەکات. هەتا ئێستاش پلانە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک بێ ئەنجام بوون و نەیانتوانیوە تورکیا لەم قەیرانە دەرباز بکەن. نالەباری دۆخی بازار و دەسەڵاتی تاکڕەوانەی دەسەڵاتدارانی ئێستای تورک، وایکردووە کە خاوەن سەرمایەکان، چ ناوخۆیی و چ دەرەکی، متمانەیان بە دەوڵەتی تورک و وڵاتی تورکیا وەک شوێنێکی گونجاو بۆ بەرهەمهێنان و وەگڕخستنی سەرمایەکانیان نەمێنێ و بازاڕی تورکی بەجێ بهێلن. ئەمەش ئەوەندەی دیکە رەخساندنی هەلی کاری کەم کردووەتەوە و قەیرانی ئابووری تورکیای قووڵتر کردووەتەوە.
شەڕی دژبە کوردیش قورسایی زیاتر ئەخاتە سەر ئابووری ناجێگیری تورکیا چۆنکو دەوڵەتی تۆرک ناچارە بۆ درێژەدان بەم شەڕە، پارەیەکی خەیاڵی لە بودجەی ساڵانەی خۆی بۆ چەک و چۆڵ و کاروباری سەربازی تەرخان بکات.
لە ئاستی سیاسیشدا، پارتە دەسەڵاتدارەکانی "ئەردۆگان" و "باخچەلی" کێشەی زۆریان لەگەڵ هەموو ئۆپۆزیسیونی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەیە. هەر ئێستا کە باس لە ئاشتەوایی لەگەڵ کورد ئەکرێت، شەڕێکی نیمچە نهێنی لەگەڵ دووهەمین پارتی تورکیا واتە "جەهەپە" لەئارادایەو هەمان کرداری ساڵانی رابووردو کە لەگەڵ "هەدەپە"ی پێشوو و "دەم پارتی" ئێستا ئەیان کرد، ئێستا لەگەڵ "جەهەپە" ئەیکەن. بۆیە دەسەڵاتدارانی تورک ئەزانن کە دۆڕاوی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیان و تەنانەت گرتنی رۆژنامەنووسان، رەخنەگران و رێبەران و نوێنەرانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و راپێچکردنیان بۆ بەندیخانەکان بە بیانووی جۆربەجۆر، ناتوانێت بەربەم دۆڕانەی داهاتوویان بگرێت. لەبەرئەوەشە، ئەمرۆکە "ئەردۆگان" بیری کەوتووەتەوە کە ئەوان وەک دەوڵەتی "نەیانهێشتووە دایکە کوردەکان بە کوردی لەگەڵ مناڵەکانیان بدوێن" و یا "کوردەکانیان لە بەندیخانەکان ئەشکەنجە داوە". ئەم وتانەی سەرۆک کۆمار، زۆرتر لەوەوە سەرچاوە ئەگرێت کە "ئەردۆگان" و "باخچەلی" لە رکەبەرایەتی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی تورکی نائۆمێد بوون و پێویستیان بە هاوکاری و هاوسۆزی گەلی کورد لە باکوورە.
لەلایەکی دیکەشەوە، رووداوەکانی دەرەوەی تورکیا، تورکەکانیان ترساندووە. دەوڵەتی تورک بێمتمانەیە بە وڵاتانی رۆژئاوا و ترسی لە زیندوکردنەوەی پەیمانی "سیڤەر"هەیە و ئەمەیان لە چەندین بۆنەدا بە ئاشکرا باس کردووە. لەهەمان کاتدا تورکیا لە بەهێزبوون و هێژموونی نوێی ئیسراییل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆقیوە و نازانێت دوائەنجامی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ ئەڕوات. بۆیە ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە خۆی ئامادەکردن بۆ رووبەڕو بوونەوەی پێشهاتەکانی داهاتوو وهەوڵێکە کە تورکیا بەم قەوارە و سنوورەی ئێستایەوە بە کەمترین زەرەر لەو پێشهاتە و لێکەوتە نوێیانە تێپەڕێندرێت.

 

پ ک ک

"پ ک ک" چەندین ساڵە چالاکییە سەربازییەکانی لە هێرشکردنە سەر سوپای تورکیاوە گۆڕدراووە و چووەتە قۆناغی بەرگری کردن لە خۆ و بنکە سەرەکییەکانی، ئەویش نە لە باکوور بەڵکو لە قووڵایی باشوری کوردستان.
ئاڵوگۆڕە مەیدانیەکان و تێکنۆلۆژیای نوێ وایکردووە کە شەڕی کلاسیکی گریلایی بەرانبەر بە چەکی پێشکەوتوو و دڕۆن زۆر ئەستەم بووە و نەک "پ ک ک" بەتەنیا، بەڵکو زۆربەی ئەو رێکخراوانەی دیکە کە شەڕی چەکداری بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵبژاردووە تووشی ئەم ئاستەنگیانە بوونەتەوە. ئەنجامەکەیشی ئەوەتە کە چەندین ساڵە "پ ک ک " نەیتوانیوە چالاکی جیدی ئەوتۆی سەربازی لەناوخۆی باکووری کوردستان هەبێت.
ئەگەر شێوەی خەباتی چەکداری تووشی ئاستەنگ بووە، لە هەمان کاتداو سەرەڕای توندوتێژی و گرتن و سەرکوتی دەوڵەتی تورک، پارتە کوردییەکان لە باکووری کوردستان توانیویانە بە لێهاتوویەکی باش لە خەباتی ئاشکرا و مەدەنی، سەرکەوتنی زۆر بەدەست بهێنن و ببنە دەنگێکی بەهێز بۆ داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد لە پەرلمانی تورکیا و چەندین شارەوانی لە شارەکانی باکوری کوردستان بەدەستەوە بگرن. بۆیە لەم دۆخە نوێیەدا، بوونی خەباتی چەکداری و هەبوونی "پ ک ک" لە کێوەکانی قەندیل نە تەنیا یارمەتیدەر نین بۆ چالاکی پارتە کوردییە رێپێدراوەکان لە باکووری کوردستان، بەڵکو بگرە بوونەتە کۆسپ و بیانووێک بەدەست دەوڵەتی تورکەوە بۆ بەرتەسکردنەوەی چالاکیەکان و  سەرکوتکردنی ئەو رێکخراوانە.
لە دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستانیش، "پ ک ک" توانیویەتی لە ماوەی دە-پانزە ساڵی رابووردو، چەندین رێکخراوی سیاسی و سەربازی نیمچە سەربەخۆ لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست بکات کە بەشێکیان خاوەن هێزی سەربازی تۆکمەن، لەوانە لە رۆژئاوای کوردستان و لە شەنگال لە باشوری کوردستان و پژاک لە رۆژهەڵات.
بۆیە مان یا نەمانی ناوی "پ ک ک" هیچ لێکەوتەیەکی نیگاتیڤی لەسەر چالاکی ئەو رێکخراوانە نابێت بەڵکو بگرە یارمەتیدەر ئەبێت کە ئەم رێکخراوانە پەرە بە چالاکییەکانیان بدەن و تەنانەت لە هێرشەکانی لەمەودوای دەوڵەتی تورک بپارێزدرێن.   

 

ئەنجامی پڕۆژەکە چی ئەبێت؟
١. لەوانەیە بەشێکی زۆر لە بەندکراوە سیاسییەکان لە بەندیخانەکانی تورکیا ئازاد بکرێن. دەسەڵاتدارانی تورک بۆ کورت مەوداش بووبێت، بارودۆخی سەربازی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان شل بکەن و گرتن و بڕین کەمتر ببێتەوە و کەشێکی ئازادتر لە باکووری کوردستان بێتە ئاراوە. زمان و کولتوری کوردی دەرفەتێکی باشی بۆ گەشە سەندن بۆ بڕەخسێت و هتد. هەمووی ئەمانە زۆرباشن بەڵام هیچکام لەمانە، واتای داننان بە مافەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان ناگەیەنێت.

 ٢. بەبڕاوی من بە ئەنجام گەیاندنی "کۆمەڵگای دێمۆکراتیک" یا "نەتەوەی دێمۆکراتیک" لە تورکیای ئەمڕو زۆرتر لە خەون و خەیاڵەوە نزیکترە تا لە راستی. ئەستەمە نەتەوەی باڵادەست واتە تورک لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەی ئێستادا، کوردو نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە، بە هاوشان و هاومافی خۆی بزانێت. ناڵێم مومکین نییە بەڵام ئەم کارە پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە هزر، ئەندێشەو کۆلتوری تاکی تورک هەیە و ناکرێت بە چەن چاوپێکەوتن و دیدار، بە چەند پەیام و زەردەخەنە بگاتە ئەنجام. ئەگەر ئەندیشەی دەوڵەت-نەتەوە وەلا نراوە دەی زۆرچاکە، با وەک یەکەم هەنگاو ناوی "تورکیا" واتە وڵاتی تورکان بگۆردرێت بۆ وڵاتی "ئانادۆڵ". ئەوسا راست و دروستی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ دەرئەکەوێت.

٣. هیچ کەس خوازیاری شەڕو کوشتار و ماڵوێرانی نییە. کوردی باکووریش دەستپێشخەری ئەم شەڕە نەبوون تا ئەوانیش شەڕەکە بوەستێنن. کێشەی کورد پێش دامەزراندنی "پ ک ک" لەو وڵاتە بوونی هەبووە و خەباتیش دژ بەو بێ مافییە هەر هەبووە. ئەم شەڕە و شەڕەکانی پێشووتر ئەنجامی نکولی کردن لە مافە سەرتاییەکانی دەیان ملوێن مرۆڤە لەو وڵاتە و دەستوورێکە کە ئەو وڵاتەی لەسەر بونیات نراوە. بۆیە تا دەستوورو یاساکانی ئێستای تورکیا زاڵ بن، گەلی کورد لەو وڵاتە قەت بە مافەکانی خۆی ناگات. ئەگەر کوردیش بە مافەکانی خۆی نەگات، قەت ئەو وڵاتە رووی ئاسایش و خۆشی بە خۆییەوە نابینێت تەنانەت ئەگەر "پ ک ک" هەموو چەکەکانیشی بسووتێنێت.   


 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×